دەسەڵاتدارانی کوردوستان دەبێت چەند خێمەی تر بسوتێنن، چەند کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی تر ئاگردەن، چەند گەنجی تری وڵات بگرن و بفڕێنن و برینداربکەن، بۆئەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەیان بۆ ڕوونببێتەوە ئەوەی ئەمڕۆکە لە کوردوستاندا ڕوودەدات شتێکی کاتی و تێپەڕ نییە. مەسەلەیەک نییە ناڕەزاییەکی ساتی و توڕەبوونێکی تێپەڕ دروستیکردبێت، شتێک نییە چاوسورکردنەوە و پەلاماردن و پێکەنینی ئەم یان ئەو سەرکردە لەسەر تەلەفزیۆن کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی ڕوودەدات ڕووداوێک نییە ھیچ سیاسییەک بە بڕیارێک، بە ناردنی تاقمێک چەکدار، بە پەلاماردانی ئەم یان ئەو مەیدان لە مەیدانە زۆرەکانی ئازادی، کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی لە کوردوستاندا ڕوودەدات ھەوڵدانە بۆ ڕاستکردنەوەی مێژوویەکی ھەڵە، بۆ گۆڕینی مۆدێلێکی تایبەت لە حوکمڕانی، بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی نوێ بۆ ئومێد و چاوەڕوانی
سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی بەتەواوی پەردەی لەسەر ڕوخسارە عەسابەیی و مافیاییەکی دەسەڵات لابرد، نیشانیداین دەسەڵات لاڵە و ھەڵگری ھیچ زمانێک نییە، جگە لە زمانی چەتەیی و مافیایی و وێرانەسازی. بەربەریەت کاتێک دروستدەبێت کە زمانێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێتەوە، بەربەریەت دۆخی نەمانی زمانە، دڕندە ئەو کەس و ھێز و لایەنەیە کە زمانی گفتوگۆی لەدەستداوە. وەحشی بە کەسێک دەگوترێت کە زمانی نییە و وەک کێویەک دەجوڵێتەوە
سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی بەتەواوی پەردەی لەسەر ڕوخسارە عەسابەیی و مافیاییەکی دەسەڵات لابرد، نیشانیداین دەسەڵات لاڵە و ھەڵگری ھیچ زمانێک نییە، جگە لە زمانی چەتەیی و مافیایی و وێرانەسازی. بەربەریەت کاتێک دروستدەبێت کە زمانێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێتەوە، بەربەریەت دۆخی نەمانی زمانە، دڕندە ئەو کەس و ھێز و لایەنەیە کە زمانی گفتوگۆی لەدەستداوە. وەحشی بە کەسێک دەگوترێت کە زمانی نییە و وەک کێویەک دەجوڵێتەوە
* * *
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سلێمانی بەرەو ئەوە دەچوو ببێتە شارێک جوان بە ناڕەزاییەتییەکانییەوە، جێگایەک گەورە بە ڕۆحە ڕەخنەییەکەیەوە، شوێنێک لێبوردە بە تێکەڵبوونی دین و نادین و گەنج و پیر و ژن و پیاوییەوە بەیەکدی. ھاوکات دەسەڵاتدارانی شاریش لەوە نزیکدەکەوتنەوە لە قوڵایی و ھەقیقەتی ناڕەزاییەکان تێبگەن، لۆژیکی توڕەبوونەکان ببینن، بۆیاندەرکەوێت ئەوەی ڕوودەدات تەنھا خواستی کەسانی نەیار و دژ بە دەسەڵات نییە، بەڵکو خواستی سەدان و ھەزران کەسی سەر بە ھێز و دەزگاکانی دەسەڵاتیشە
بەڵام سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی ھێما بۆ گۆڕانێکی لەپڕ و خێرا لە میزاج و زەوقی بڕێک لە دەسەڵاتداراندا دەکات، دەلالەت لە ھیستریایەکی ترسناک دەکات کە دەشێت ئاکاری گروپێکی تایبەتی ناودەسەڵات بێت و لەڕۆژانی داھاتوودا چاوەڕێی کارەساتی گەورەیان لێبکەین. ئەم ڕووداوە بەر لەھەموو کەسێک یەخەی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان دەگرێت، یەخەی ھێزێک کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا ھەموو دەزگاکانی حوکمڕانی ئەو شارەی بەدەستەوە بووە و تا ئێستاش بەدەستییەوەیە. ھەموومان دەزانین شتێک لە کوردوستاندا نەماوە ناوی ”حکومەتی ھەرێم“ بێت، ئەوەی ھەیە و حوکم دەکات تەناتەت حیزب نییە بەمانا سیاسییە ڕاستەقینەکەی، بەڵکو ئەو ھێز و دەستە و تاقمانەی ناو حیزبن کە لەھەمووان زیاتر لە پێگە و قازانج و دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆیان دەترسن و بەگومانن. ئەوەی دوێنێ شەو ڕوویدا ھێما بۆ سەرکەوتنی ئەو دەستە بێباک و نابەرپرسیارەی ناو حیزب دەکات، کە نە ئاگای لە ڕووداوەکانی کوردوستانە، نە ئاگای لە ھەست و نەستی خەڵکە و تەنانەت ئاگای لە خواستی بڕێکی زۆری ئەندامانی ناو حیزبەکە خۆشی نییە
* * *
ڕێگرتن لەوەی یەکێتی نیشتیمانی بەتەواوی داخزێتە بەرەی دژ بە خەڵک و ئاڵای دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی داواکاری و ناڕەزاییەکانی خەڵک ھەڵگرێت، ئەرکێکی سیاسی و نیشتیمانی گرنگە. بەڵام ئەم ئەرکە بە پلەی یەکەم و بەر لە ھەمووان لەسەر شانی کەسە دڵسۆز و بەرپرسیارەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان خۆیەتی، ئینجا ئەرکی ئەو ھێزانەی ترە کە دەتوانن لەگەڵ یەکێتیدا بکەونە گفتوگۆ و نەھێڵن بەتەواوی داخلیسکێت بۆ ناو خەرەندی دژ بە خەڵک. دەبێت نەھێڵدرێت ئەم ئاراستە ترسناکە لەناو یەکێتیدا ببێت بە ئاراستەی باڵادەست و بڕیارە چارەنووسسازەکان بدات. بەشە زیندوەکەی ناو یەکێتی دەبێت نەھێڵێت یەکێتی لەم دۆخە ناسکەدا ھەڵەی گەورە و ستراتیژی بکات. لە مێژە لینین گوتویەتی سیاسی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژی ناکات. ئەرکی زۆر لایەنە نەھێڵن یەکێتی ھەڵەی ستراتیژی و گەورە بکات.
مەریوان وریا قانیع
٦-٣-٢٠١١
مەریوان وریا قانیع
٦-٣-٢٠١١
No comments:
Post a Comment