Tuesday 8 March 2011

مەترسییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت


ئەمڕۆ لە کوردوستاندا قسەوباسێکی زۆر ھەیە لەسەر مەسەلەی ”ھەڵبژاردنی پێشوەخت“. ھەم ئۆپۆزیسیۆن و ھەم سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان و سەرۆکی ھەرێمیش باس لە پێداویستی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن. ھەریکێکیان بەشێوەیەکی تایبەت وەک چارەسەری قەیرانەکانی ئەمڕۆ وێنایدەکەن. بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەبێت لە خۆمانی بکەین ئایا بەڕاستی ”ھەڵبژاردنی پێشوەخت“ چارەسەری کێشەکانی کوردوستان دەکات؟

با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە ھەڵبژاردنی ئازاد و ڕاستەقینە ھەنگاوێکی ھێجگار گرنگی دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی شوێن متمانە و خاوەن ڕەوایەتییە، لەدونیای ئەمڕۆدا زەحمەتە دەسەڵاتداریەتیکی متمانەپێکراو دروستببێت گەر لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادەوە نەھاتبێت. ھەڵبژاردنی ئازاد پێشمەرجی قبووڵکردنی ھەر سیستمێکی سیاسییە نەیەوێت لەڕێگەی زەبروزەنگ و فشار و ھێزی سەربازی و میلیشیاوە حوکمبکات. بەڵام ھاوکات ئەنجامدانی ھەڵبژاردن مانای دروستبوونی دەسەڵاتدارێتییەکی باوەڕپێکراو و شوێن متمانە نییە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی. چونکە ھەڵبژاردن دەشێت لەباتی ئەوەی سەرچاوەی دروستبوونی ھارمۆنیەت و ئاسایش و ھاریکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، لەاتی ئەوەی ڕێگایەک بێت بەرەو دروستکردنی سیستمێکی سیاسی کراوە و باوەڕپێکراو، دەشێت سەرچاوەی دروستبوونی دابەشبوون و ناکۆکی و پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت و ڕێگە بەرەو نائارامی و پێکدادان و قەیرانی گەورە خۆشبکات

بە مانایەکی دیکە وەکچۆن دەشێت ھەڵبژاردن ھەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو پێشەوە، ھاوکات دەشێت ھەنگاوێکی وێرانکەربێت بەرەو دواوە. ھەڵبژاردن دەشێت بەشێکبێت لە جوڵەیەکی ساختە، پلانێکبێت بۆ ڕێگرتن لە پیادەکردنی گۆڕانی ڕاستەقینە، سەرەتایەکبێت بۆ تۆڵەکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لەھەموو شوێنێکی دونیادا ژیانی سیاسی ڕاستەقینە دوای ھەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات، ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی وڵات دوای داخستنی سندووقەکان و ژماردنی دەنگەکان دەستپێدەکات، پیادەکردن و پاراستنی دەسەڵاتی یاسا، دابینکردنی ئازادی، ژیان لەپاڵ ڕێز و ماف و دادپەروەریدا دوای ھەڵبژاردن دەستپێدەکەن، لێبوردنی مەدەنی و سیاسی و دینی، ڕێزگرتنی مافی کەمینە و بەرگریکردن لەوەی زۆرایەتی نەگۆڕێت بە ”دیکاتۆریەتی زۆرایەتی“ دوای ھەڵبژاردن دەستپێدەکەن. ھیچ ھەڵبژاردنێک ناتوانێت ئەو شتانە دەستەبەرکات گەر بەر لە ھەڵبژاردنەکان کاری گەورە و ڕاستەقینە بۆدەستەبەرکردنیان نەکرابێت. ھەڵبژاردن دەبێت ھەنگاوێکی شێلگیربێت بەئاراستەی بەھێزکردنی ئەو مەسەلانە، ھەر ھەڵبژاردنێک نەیتوانی ئەو ھەنگاوەبێت، ئەوا دەشێت ھەنگاوێکبێت بۆ بنیادنانی سیستمێکی سیاسی نالەبار و ترسناک لەڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەتایبەتی لە ناوەدندێکی سیاسی پڕ ناکۆکی و پڕ ڕق و پڕ بوغزی سیاسی و گەندەڵی و مەحسوبیەتی وەک دونیای ئێمەدا

بۆئەوەی دیموکراسییەت بتوانێت کێشە گەورەکانی دونیای ئێمە چارەسەربکات، دەبێت دیموکراسیەتێک بێت لەپاڵ بەھا لیبرال و ئازادەکاندا ئامادەبێت. دیموکراسیەتی نالیبرال، دیموکراسیەتێکی ئەوتۆکراتی دەسەڵاتگەر، گورزی کوشندە لە دونیای ئێمە دەوەشێنێت. بەر لە ھەڵبژاردن دەبێت کۆمەڵێک مەسەلەی ھێجگار گرنگ ڕێکخرابن و زۆر شت دەسکاریکرابن، بەجۆرێک بتانێت بە ڕاستیی چوارچێوەیەکی دەزگایی و سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی دروسبکات کە دەسەڵات لەناویدا ناچاربێت بەرپرسانە کاربکات و بەرپرسانە بجوڵێتەوە. بەڵام ئەو بەھا لیبرالیانە چین کە پێویستە پێشوەخت ڕێکەوتنیان لەسەرکرابێت و خرابنە ئاستی پیادەکردنەوە؟

بەبۆچوونی من دەبێت پێشوەخت ڕێکەوتنی تەواوەتی لەسەر ئەم مەسەلە گرنگانە کرابن و قۆناغێکی گواستنەوەی تایبەتیش تەرخانبکرێت بۆ پیادەکردنی بڕێکی گرنگیان. لەپێش ھەمووانەوە جیاکردنەوەیەکی ڕاستەقینە، نەک درۆزنانەی، دەسەڵاتەکان لەیەکتری. چەسپاندنێکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی یاسا، ڕێزگرتنی تەواوی مافی تاکەکەس و گروپەکان، پاراستنی ڕاستەقینەی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆڕێکخستن. بەرگریکردن و پاراستنی ڕاستەقینەی مافی کەمینە سیاسی و دینی و ئەتنییەکان. ئەمەش مانای پێداچوونەویەکی ڕاستەقینە و شێلگیر بەسەرجەمی دەگاکانی حوکمڕانی و بەسەرجەمی پەیوەندییەکاندا

بەبێ دەستەبەرکردنی لانیکەمی ئەم پاشخانە لیبرالە، بەبێ بوونی کۆمەڵێک دەزگا و یاسا و ڕێکەوتن ئەوە مەیسەربکات بڕیاری سیاسی و شێوازی حوکمڕانی لە زەوق و ویست و تەماح و دۆخی نەفسی سیاسییەکان بپارێزێت، باسکردن لە ھەڵبژاردن لە کۆمەگایەکی دابەشبووی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەگەری پشێوی و نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەتر دەکات بچووکتری ناکات

خاڵێکی گرنگی دیکە کەدەبێت ھەر لە ئێستاوە لای ھەموو کەس و لایەنێک ئاشکارابێت، ئەوەیە براوە ھەموو شتەکان بۆخۆی نەبات، ھەموو پۆستە سیاسی و ئیداری و فەرھەنگیەکان قوتنەدات. دەبێت چەندان یاسا و دەزگا و ڕێکەوتنی نووسراو و نەنووسراو ھەبێت، کە نەھێڵێت براوە خۆی بەخاوەنی وڵات و خاوەنی دەسەڵات و خاوەنی کۆمەڵگا بزانێت. دەبێت دەستەکانی براوە بەچەندان یاسا و دەزگا و شێوازی فشار سنوورداربکرێت، بەجۆرێک نەھێڵن کەی ویستی زلە لە کۆمەگا و ھێزەکانی تر بدات، چۆن ویستی دەست بە خەزێنەی دەوڵەتدا بکات و ئەوەی بۆیدەرھات ببات و بدزێت. ھەموو زۆرینەیەکی پەرلەمانی دەبێت چەندان ڕێگری یاسایی و دەزگایی و کۆمەڵایەتی و کولتوری لەبەردەمدابێت، بۆئەوەی زۆرینەبوونەکەی بەشێوەیەکی خراپ بەکارنەھێنێت. مەرجی ھەرە سەرەکی لە دیموکراسیەتدا ئەوەیە زۆرینە نەبێت بە دیکتاتۆر، نەبێت بەھێزێکی گوێنەگر، نەکەوێتە جەنگ لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا کە بەشێک نین لەو زۆرینەیە، باز بەسەر ویستی ئەو ھێزانەدا نەدات کە لەدەرەوەی دەسەڵات و دەرەوەی خێمەی زۆرینەدان

لەسەرێکی دیکەوە ھەڵبژاردن نابێت تەنھا ئامرازێکبێت بۆ سنووردانان بۆ ویست و حەز و تەماحی دەسەڵاتداران، بەڵکو ئامارزێکیش بێت بۆ سنووردانان بۆ ئەو ویست و حەز و تەماحانەی کۆمەڵگاش، کە دەیەوێت بەناوی حوکمی زۆرایەتییەوە ژیانی ھەموو کەمایەتییەکان سنووردار و مافەکانیان برینداربکات. دەبێت ھەڵبژاردن بەشێکبێت لە سیاسەتێک نەھێڵێت نەتەوە یان کۆمەڵگا ویست و حەزە نادیموکراسی و دژە ماف و دژە ڕێز و دژە فرەدەنگییەکانی بسەپێنێت. ھەڵبژاردن نابێت تەنھا دەسەڵاتدارن لە خراپبەکارھێنانی دەسەڵات بپارێزێت، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگاش لە پانتاییە تاریکەکانی ناو ئیرادەی خۆی بپارێزێت. مێژوو نیشانیداوین کە کۆمەڵگا ھەمیشە لەسەر ھەق نییە، ھەمیشە ئەو شتانەی ناوێت کە لەسەر ڕێز و ماف و پاراستنی جیاوازی دامەزراوە، کۆمەڵگا دەشێت داواکاری ھەڵە، حەزی ھەڵە و ویستی ھەڵەی ھەبێت. کۆمەڵگای ئەڵمانی، یەکێک لە خوێندەوارترین کۆمەڵگاکانی دونیا، ھیتلەری دروستکرد. متامنەی خۆی بە پیاوێک بە ملیۆنان ئینسان لەناوبرد

بە کورتی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەڵبژاردن دروستیناکات، بەڵکو دامەزراندنی ئەو دەزگا و دەرکردنی ئەو یاسا و بەھێزکردنی ئەو بەھایانە دروستیدەکات، کە پێ لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، ڕێزگرتنی مافی تاکەکەس و گروپەکان، دەسەڵاتی یاسا، ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆڕێکخستن دروستیاندەکات. بەبۆچوونی من ھیچ یەکێک لەم شتانە لە کوردوستاندا لەئارادانییە. ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەبێ ئامادەگی ئەو پێشمەرجانە، تەنھا تای حیزبایەتی بەھێز و ئەگەری ململانێی توند و تەنانەت پێکدادان بەھێزدەکات.

مەریوان وریا قانیع
٨-٣-٢٠١١

No comments:

Post a Comment