Sunday 20 March 2011

نەوت و نەفرەت چەند سەرجنێکی کورت لەسەر ڕۆڵی وێرانکەری نەوت لە کوردوستاندا

ئەوەی بەشێکی گرنگی ئاکاری ئەزموونی سیاسی لە کوردوستاندا دەستنیشاندەکات، نەوتە. نەوت سەرچاوەی ھەرەسەرەکی ئەو سەروەت و سامانە گەورەیەیە کە دێتە ناو وڵاتەکەوە، سەرچاوەی ئەو توانا مادییە زەبەلاحەیە کە یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردوستاندا ھەیانە، ھەروەھا سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی بڕێکی زۆر لەو نوخبە سوڵتانییە دەسەڵاتدارایە کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات، وەکچۆن سەرچاوەی دابینکردنی موچەی ئەو ھەموو فەرمانبەر و کادرە حیزبییانەشە کە پێدەچێت ژمارەیان لە ژمارەی موچەخۆرە حکومییەکان زیاتربێت

ھەر مۆدێلێکی حوکمڕانی بەو ڕادە گەورەیەی وڵاتی ئێمە پشتی بە داھاتی نەوت بەستبێت، ناتوانێت "مۆدێلێکی بەرھەمھێن" بێت، ناتوانێت دەسەڵاتدارێتییەک بێت سەرچاوەی داھات و داراییەکەی کاری بەرھەمھێن و پرۆسەی بەرھەمھێنانبێت. ئەم مۆدێلە نەوتییە "مۆدێلی دابەشکەردنە"، واتە مۆدێلی دابەشکردنی ئەو داھاتەیە لە فرۆشی نەوتەوە لە بازاڕە جیھانییەکاندا دروستدەبێت. لەم دۆخەدا سیاسییەکان خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەرھەمھێن نین، بەڵکو خەریکی دابەشکردنی ئەو پارەیەن کە لەفرۆشی نەوتەوە دروستدەبێت. لەم مۆدێلەدا ئەرکی سەرەکی دەسەڵاتدارن کورتبۆتەوە بۆ وەرگرتنی پارەی نەوت و دابەشکردنی لەنوێان خۆیان و لەناو بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا. چۆنیەتی خەرجکردنی پارەی نەوت و چۆنەیتی دابەشکردنی ئەم پارەیە، جەوھەری ئەم دەسەڵاتدارێتییە نیشانئەدات، بۆیە بڕێک لەو پرسیارە سەرەکییانەی پێویستە لە کوردوستاندا ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران بکرێتەوە ئەمانەیە: ئەم دەسەڵاتە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتدا دەکات؟ کێ دەریدەھێنێت و چۆن دەریدەھێنن؟ داھاتەکەی چەندە و چی لەو داھاتە دەکرێت؟ لەھەمووانیش گرنگرت چۆن ئەم داھاتە لە وڵاتدا دابەشدەکرێت؟

ھەموو تاریکاییەک لە دەوری وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، ھەوڵدانە بۆ شاردنەوەی ئاکاری سەرەکی و جەوھەری ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتدارێتییە. ئێستا گەر بپرسین دۆخی نەوت لە کوردوستاندا چۆنە و دەسەڵاتدارانی کوردوستان چۆن مامەڵەی ئەم سەرچاوە سەرەکییەی داھاتی نەتەوەیی دەکەن؟ ئەوا جگە لە تێڕامان لە پانتاییەکی تاریک ھیچ وەڵامێکی ڕاستەقینەمان دەستگیرنابێت. تاریکترین و ناڕۆشنترین دەرکەوتی دەسەڵاتدارێتی لە کوردوستاندا چۆنیەتی مامەڵەکردنی نەوت و دابەشکردنی داھاتەکەیەتی

تا ئەم ساتەی ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد سێ ئەرکی سەرەکییان بە داھاتی نەوت بەخشیوە. یەکەمیان دروستکردنی شەرعیەتە بۆخۆیان لەڕێگای باسکردنی ئەوەی چەند شەقام و باڵەخانە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و سوپەرمارکێت و ئوتێلی پێنج ئەستێرەییان بەو پارەیە دروستکردوە. واتە بەشێکی گرنگی شەرعیەتی خۆیانیان بەستۆتەوە بەو شتەوە کەناوی "دەسکەوتەکانی" لێدەنێن و بەپارەی نەوت جێبەجێیان کردون، لەم ڕووەوە دەسەڵاتدارانی کوردوستان ھەمان ئەو لۆژیکە بەکاردەھێنن کە بەعس لەسەردەمی خۆیدا باسی پێ لە "ئینجازاتەکانی" شۆڕش دەکرد

ئەرکی دووھەمی داھاتی نەوت ئەوەیە کۆمەڵگایەکی گوێڕایەڵ دروستبکات. داھاتی نەوت لە کوردوستاندا سەرچاوەی دروستبوونی ئەو جۆرە لە ئابورییە کە دەشێت بە "ئابوری گوێڕایەڵی" ناویبنێین، ئابورییەک ھەوڵی ئەوەبدات کۆمەڵگا بکاتە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ و تەسلیمبوو بە دەسەڵاتداران. لەم ئاستەدا ئابوری نەوت لە کوردوستاندا کارێکی کردوە حیزب ببێتە کۆمپانییەکی گەورە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ببنە موچەخۆری ئەو حیزبە و بژێوی ژیانیان لەدەستی ئەودا بێت. بەمەش ھەموو ئازادی و توانای بڕیاردانێکی سەربەخۆ لە کۆمەڵگا بسێندرێتەوە و وەک لەشکرێکی یەدەک بە دەستی حیزبەوە مامەڵەبکرێت. ئەمەش مانای گۆڕانی خەڵک لە ھاوڵاتیی چالاک و خاوەن مافەوە، بۆ "ڕەعیەتی سیاسی" دەست لەسەرسنگ. ئابوری گوێڕایەڵی، بنەمای دروستکردنی ئەو شێوازەی دەسەڵاتدارێتییە کە ئاکارێکی دیکتاتۆریانەی ترسناکی ھەیە. بەموچەخۆرکردنی ئەو ھەموو خەڵکەی حیزب بردونیەتە ناوە ڕیزەکانی خۆیانەوە لەجەوھەردا ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی لەشکرێکی ئیحتیات بۆ حیزب، بۆئەوەی کەی ویستی و چۆن ویستی بەو شێوەیە بەکاریبھێنێت

سێھەم ئەرک لە کوردوستاندا کە بە نەوت دراوە، بە ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی ئەو نوخبە سیاسییەیە کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. ئەمەش ھەم لەڕێگای دەوڵەمەندبوونێکی بێئەندازە و خێرای ئەندامانی ئەو نوخبەیە و تەرجمەکردنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتە سیاسییەکەیان بۆ دەسەڵاتێکی ئابورییش، ھەم لەڕێگای خستنەکاری ئەو سامانە زۆرەی نەوەتەوەیە بە مەبەستی کڕینی وەلائی خەڵک و دروستکردنی ھێزی چەکداری گەورە و دروستکردنی دەزگای ئاسایش و ئیعلامی تایبەت بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتداران

بەبێ بەرپاکردنی گۆڕانێکی ڕاستەقینە لەم ئەرکانەدا کە بەنەوت دراون لە کوردوستاندا زەحمەتە بکرێت دەسکاری ئەو مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە بکرێت کە سەروەرکراوە. یەکێک لە داواکارییە ھەرە سەرەکییەکانی چاکسازیی سیاسی لە کوردوستاندا دەبێت داوکاری گۆڕینی ئەرکەکانی نەوت بێت. لە کوردوستاندا دەست بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی نەوت نەبرێت، زەحمەتە دەست بۆ ھیچ چاکسازییەکی ڕاستەقینەی تر ببرێت. گۆڕانی ڕاستەقینە لە وڵاتی ئێمەدا بە گۆڕانی وەزیفەکانی نەوت دەستپێدەکات.

١٩-٣-٢٠١١

No comments:

Post a Comment