دوو ساڵێک لهمەوبەرو لهسەروبەری دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەک هێزێکی سیاسی نوێ لهکوردستاندا، من هەندێک نووسینم لهسەر دروستبوونی دینامیکیەتێکی سیاسی نوێ لهکوردستاندا نووسی، باسم لهوەکرد سێ گۆڕانی سەرەکی لهکوردستاندا روویانداوە. یەکەمیان دروستبوونی قەیرانێکی گەورەو بەرچاو لهشێوازی دەسەڵاتدارێتی پارتیو یەکێتیدا بەجۆرێک زەحمەتە دەسەڵاتی سیاسی لهکوردستاندا تەنها بۆ دەسەڵاتی ئەوان کورتببێتەو زەحمەتە بتوانن بەهەمان شێوەی جارانیان بەردەوامبن. دووههمیان: باسم لهدروستبوونی گۆڕانێکی بەرچاوکرد لهعەقڵیەتی سیاسیی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستاندا، بەڕادەیەک دووان لههێزە ئیسلامییە سەرەکییەکان چوونە هاوپەیمانیەتییەکی سیاسییەوە لهگەڵ دوو هێزی عەلمانیدا. سێههمیان: باسم لهو گۆڕانانەکرد کە بەسەر ماناکانی "نەتەوە"دا هاتووە بەجۆرێک ماناکانی کوردبوون چیتر تەنها لهپەیوەندیدا بە دونیای دەرەوەی کوردەوە پێناسنەکرێت، بەڵکو لهپەیوەندیشیدا بە شێوە خراپو نابەرپرسیارو گەندەڵەکانی کوردبوونیشەوە پێناسدەکرێت. واتە جۆرێک لهکوردبوون دروستدەبێت کە دەیەوێت خۆی لهشێوە گەندەڵو نابەرپرسیارەکانی کوردبوون جیابکاتەوە. ئەمڕۆ هەرکەسێک سەرلهنوێ ئەو دێڕانە بخوێنێتەوە، بۆیدەردەکەوێت بڕێکی زۆر لهڕاستییان تێدابووەو رووداوەکانی ئەموهختە راستیو دروستی بەشێکی زۆریان دەسەلمێنێت
لهئێستاشدا جارێکی دیکە کۆمەڵگای ئێمە لهبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری نوێدایە، رەنگە هەرە گرنگرتینیان ئەوەبێت کە "نەتەوەیەکی گەنج"و چالاک لهدروستبووندایە، نەتەوەیەک کێشەی یەکەمو سەرەکی لهگەڵ ئەو دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانیو سیاسییە پیرو نەخوێندەوارو گەندەڵەدایە کە کوردستان بەڕێوەدەبات. ئەم نەتەوە گەنجە نەک تەنها خاوەنی وزەیەکی سیاسی گەورەیە، بەڵکو وێنەیەکی تەواو جیاوازی لهسەر خۆیو لهسەر سیاسەتو لهسەر دەسەڵاتدارێتی هەیە. ئەم نەتەوەیە خەریکە قۆناغی لهدەستدانی متمانە بە سیاسییە کوردەکان تێدەپەڕێنێتو دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی ململانێو بەگژاچوونەوەی هەمەلایەنەی ئەو سیاسییانە. ئەمەش مەسەلهیەکی کاتیو تێپەڕ نییە، شتێک نییە ئێستا دروسببێتو بەیانی نەمێنێت، بەڵکو بەشێکی گەورەو ناوەکی دیدی ئەم نەتەوە گەنجەو بەشێکە لهپاشخانو کۆڵەکەکانی دروستبوونی. ئەم نەتەوەیە ئەوەندە لهسەر گۆڕینی خۆیو گۆڕینی دەسەڵاتدارانی کوردو گۆڕینی مۆدێله سیاسییەکەی کوردستان کاردەکات، ئەوەندە لهسەر بەخشینی پێناسو تۆمەت بە دوژمنە دەرەکییەکان کارناکات
لهئاستی تیۆریدا ئەم سەرلهنوێ پێناسەکردنەوەی نەتەوەیه جارێکی دیکە ئەو راستییە دەسەلمێنێتەوە کە نەتەوە دروستکراوێکی مێژووییو کۆمەڵایەتیو فەرهەنگییە. لهسەردەمو قۆناغە جیاوازەکاندا ماناکانی بوونو خەونو چاوەڕوانییەکانی گۆڕانی گەورەو ریشەییان بەسەردادێت
کە باس له"گەنج"بوونی نەتەوە دەکەم، تەنها هێما بۆ تەمەن ناکەم، بەڵکو هێما بۆ جۆرێکی تایبەتی ئامادەگی لهناو دونیاو مێژوو کۆمەڵگادا دەکەم، ئامادەگییەک خاڵی سەرەکی تیایاندا رازینەبوونە بەوەی کە هەیەو هەوڵدانی بەردەوامە بۆ گۆڕینی ئەم مێژوو و دونیاو کۆمەڵگایە. لهم دیدەدا گەنج یەکسانە بە عەقڵیەتو وزەو ئیرادەیەکی گەورە بۆ گۆڕانکاری. هێمایە بۆ ویستی تازەبوونەوەو سەرلهنوێ دروستکردنەوە. بەدرێژایی مێژووی نەتەوەیی ئێمە، بەردەوام باس لهگەنجانو لاوانی وڵات کراوە وەک هێزێک بۆ ئایندە، وەک پرۆژەیەک بۆ سبەی، وەک موژدە بۆ رۆژگارێک کە نەهاتووە، ئەوەی لهئێستا گۆڕاوە ئامادەبوونی گەنجە لهئێستاو لهئێرەدا، وەک دروستکەرو پیادەکەری ئەو ئایندەو مژدەو سبەینێیە. لهم دۆخەدا نەتەوە وەک فیکرەیەکی دواخراو بۆ سبەینێ ئامادە نییە، بەڵکو وەک کردار لهناو ئێستادا بەرجەستەیە. نەتەوە وەک چالاکیو وەک پراکتیک ئامادەیە، نەک وەک مژدە
ئەم دۆخە وایکردوە زۆر شت دەربارەی نەتەوە لهدونیای ئێمەدا بگۆڕێت. رەنگە بەرچاوترین گۆڕانبێت لهماناکانی "خۆشەویستی نیشتیماندا". ئەم نەتەوە گەنجە ناوەرۆکێکی نوێ بەم خۆشەویستییە ئەبەخشێت تەواو جیاواز لهو ناوەرۆکەی باوکە سیاسییەکان پێیانبەخشیوە. یەکێک لهپایە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ لهکوردستاندا، لهسەر بەخشینی مانایەکی تایبەت بە خۆشەویستی نیشتیمان دروستبووە. خۆشەویستییەک هەمووشتێک داوادەکاتو هیچ نابەخشێت، قوربانیدانی بە ژیان دەوێتو بکەری ناو ئەو ژیانەی ناوێت، حیزبی گەندەڵو دەسەڵاتگەری دەوێتو نەتەوەی بەرپرسیارو دیموکراسی ناوێت، سەرکردەی موقەدەسو هەتاهەتایی دەوێتو هاوڵاتی ئازادو وشیار بە مافەکانی خۆی ناوێت. بەپێچەوانەی ئەم دیدەوە، ئەم نەتەوە گەنجە خۆشویستنی نیشتیمان بە کۆمەڵێک پێشمەرجی ئینسانی گرنگەوە دەبەستێتەوە. لهوانە مامەڵەکردنی ئینسان وەک بەهایەکی گەورەو گەردونی، وەک هاوڵاتی یەکسان، وەک بوونەوەرێکی خاوەن رێز. نیشتیمان خۆشی لهم داڕشتنەوە تازەیەدا کەمتر نییە لهسەرزەمینی بەختەوەریو رێزو مافو یەکسانی نێوان ئینسانەکان. بەم مانایە نیشتیمان چیدی بەتەنها جوگرافییەکی سیاسی رووت نییە کە نەوەکانی پێشتر شۆڕشو خەباتی چەکداریان تێداکردبێت، بەڵکو جوگرافییەکی یاساییو ئەخلاقیو رەمزیو ئینسانی گەورەیە کە ئینسانی هاوڵاتیو خاوەن ماف تیایدا دەژین
هەموو ئەم گۆڕانانە مانای ئەوەی ئەمڕۆ لهکوردستاندا خود یان زاتێکی نوێ لهدایکدەبێت. خودێکی نوێ کە دەکرێت بە خودی "دوای ناسیۆنالیزمی تەقلیدی"و ”دوای ئایدیۆلۆژیا"و ”دوای خۆ بە قوربانیزان" ناوبنێین. ئەم خودە نوێیە خودێکی سیاسییە، بەڵام سیاسەت هەموو رەهەندەکانی ژیانی نییە، حەزی لهژیانە، بەڵام بەبێ مەرجو بەبێ چۆنایەتییەکی دیاریکراو نا، رێزی مێژوو و کەلهپوری خۆی دەگرێت، بەڵام بوونی خۆی لهناو ئەم مێژوو کەلهپورەدا بەندناکات. ئەم خودە تازەیە تەنها پێ لهسەر شوناسی خۆی وەک نەوەیەکی گەنج داناگرێت، بەڵکو دەیەوێت سەرجەمی ئەو شوناسە ناشیرینانەش کۆتایی پێبهێنێت کە بەکوردبوون دەیان دەرکەوتی قێزەون دەبەخشن
ئەم دۆخە نوێیە تەحەدایەکی گەورەی بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان دروستکردوە، تەحەدایەک گەورەتر لههەموو تەحەداکانی تری دونیای دوای راپەڕین. بۆ یەکەمجارە دەسەڵاتداران رووبەڕووی کۆمەڵێک مانای نوێ بۆ نەتەوەو نیشتیمانو سیاسەت دەبنەوە کەتەواو ناکۆکن بەو مانایانەی ئەوان لهدونیای دوای راپەڕیندا پایەکانی دەسەڵاتدارێتی خۆیان پێ دروستکردوە. ئەم گۆڕانەش نەک تەنها مەسافەیەکی رەمزی هێجگار گەورەی لهنێوان ئەوانو نەوە نوێکاندا دروستکردوە، بەڵکو پەیوەندی نێوانیشیانی لهوە نزیککردۆتەوە پەیوەندییەکی دوژمنانەبێت. مەسەلهکە چیدی تەنها مەسەلهی نەمانی متمانە نییە بە دەسەڵاتداران، بەڵکو مەسەلهی هەوڵدانە بۆ گۆڕانی ئەو دەسەڵاتدارانە. مەسەله ئەوە نییە دوو نەوە هەبن رەخنەییبن بەرامبەر بە یەک، بەڵکو مەسەلهی پێکدادانی دوو دونیابینی تەواو جیاوازە. ئەم دۆخە درزێکی وجودی هێجگار قووڵی کردۆتە خەیاڵی نەتەوەیی ئێمە. ئەم درزە بەبێ گۆڕنکاری گەورە پڕنابێتەوە
No comments:
Post a Comment