Monday 28 February 2011

فرمێسکی تیمساح بۆ کەرکوک


چەند ڕۆژێکە لەگەرمەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی بەشێکی گەورەی خەڵک و ناوچەکانی کوردوستاندا بەرامبەر بە مۆدێلی سوڵتانییەی حوکمڕانانی کوردوستان، ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردوستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردوستان، زۆر بە گەرمی باس لە کەرکوک و ئەو مەترسییانە دەکەن کە ڕووبەڕووی ئەم شارە خەمبارە بوونەتەوە. باس لە خەونی عەرەبە شۆڤیەنییەکان دەکەن و باس لە مەترسی لەدەستدانی شارەکەدەکەن

دوو ساڵێک لەمەوبەر من لەیەکێک لە وتارەکانمدا بە وردی قسەم لەسەر مەسەلەی کەرکوک کرد و ھەقیقەتی ئەو سیاسەتانەم شیکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردوستان ویەکێتی نیشتیمانی بەرامبەر بەم شارە ھەیانە. لەوێشدا نیشانمدابوو بۆ ئەم دوو حزیبە جدی نین لە مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر کوردوستان و بۆ بێباکان بەرامبەر بە چارەنووسی ئەو شارە

بە درێژایی دەرچوونی مادەی ١٤٠ و مەسەلەی کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر خاکی کوردوستان، لانیکەم یەکێک لە کەمتەرخەمەکان، گەر کەمتەرخەمی ژمارە یەکیش نەبێت، بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ و پیشاندانی ئامادەگی بەردەوام بۆ پشتگوێ و دواخستنی ئەو مادەیە دەسەڵاتدارانی کوردوستان خۆیان بوون. یاداوەری ئینسنای ئێمە ئەوەندە کورت نییە ئەوەی لەیادچوبێت کە ھەم جەعفەری و ھەم مالیکی بە ئاشکرا لەوەدوان حکومەتی عێراق پارەی تەواوی بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ تەرخانکردوە، بەڵام کەمتەرخەمییەکە لە کوردەکان خۆیانەوە بووە. بێگومان ئەوە زۆر گرنگ نییە ئایا جەعفەری و مالیکی ڕاستدەکەن یان نا، ئەوەی گرنگە تەماشاکردنی ئەو سیاسەتانەیە کە دوو حزیبە کوردییەکە لەو شارەدا جێبەجێیانکردوە بەمەبەستی گەڕاندنەوە یان نەگەڕاندنەوەی ئەم شارە بۆسەر کوردوستان

بەبۆچوونی من کەرکوک کاتێک دەبێتەوە بە بەشێک لە کوردوستان، کە لانیکەم، ئیرادەیەکی سیاسی یەکگرتوو ھەبێت بۆ گەڕاندەوەی ئەو شارە، ئیرادەیەکی نەتەوەیی ئامادەبێت کە باز بەسەر قازانج و دەسکەوتی حیزبیدا بدات و مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوک نەک تەنھا وەک مەسەلەیەکی سەرەکی، بەڵکو وەک مەسەلەی ھەرە سەرەکی ئەمڕۆکەی کوردوستان مامەڵەبکات. ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە شێوازی ئیشکردنی پارتی و یەکێتیدا بینیومانە تەواو پێچەوانەی ئەم بەرنامە و ئیردە نەتەوەییە بووە. پارتی و یەکێتی بێ پەردەپۆشی کەرکوکیان بە شاقوڵی لەنێوانی خۆیاندا دابەشکردوە، تا ئەم ساتەش ھەرچی ئاکاری نەتەوەیی ھەیە لە سیاسەتی ئەم دوو ھێزەدا بەرامبەر بەم شارە لەئارادا نییە و لەئارادا نەبووە. ئەو دوو ئیدارەییەی کە کوردوستانی لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە دابەش و ئیفلیج کردوە و ئەزموونی کوردی بۆ ئەزموونی دروستکردنی دوو ئیمارەتی حیزبی دابەشکردوە، لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بێ ھیچ سڵەمینەوەیەک گواسترایەوە بۆ کەرکوک. لەمەشدا سڵیان لەوە نەکردەوە ئەم سیاسەت و بیرکردنەوە حیزبییە بەرتەسکە، بە دۆست و دوژمنانی کورد و بە بە خودی کەرکوکییەکان خۆشیان نیشانبدەن. ئەمە جگە لە گواستنەوەی ئەو گەندەڵییەی لە کوردوستاندا باڵادەستە بۆ ئەو شارە و بۆ ناو ئەو پەیوەندییانەی ئەم دوو ھێزە لەو شارەد لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ کۆمەڵگادا دروستیانکردوە. لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدامەوە ئەم دوو ھێزە بۆ یەک ساتیش چییە، خاوەنی ھەڵوێستێکی سیاسی نەتەوەیی نەبوون کە دەربڕی خەم و خەونێکی نەتەوەیی ڕاستەقینەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شارە بۆسەر کوردوستان

بەر لە ھەمووشتێک بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو کەرکوک شوێنی سەرنجی پارتی دیموکراتی کوردوستان و سەرۆکەکەی نەبووە، لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی بارزانیدا، چەند جارێکی ھێجگار کەم نەبێت، ئەم سەرۆکەی کورد سەردانی ئەو شارەی نەکردوە، کێشە و گرفت و چاوەڕوانییەکانی نەکردۆتە یەکێک لە خاڵە ھەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی کوردی. تاڵەبانیش تەنھا لە کات و ساتی ھەڵبژاردانەکاندا سەردانی ئەو شارەی کردە و سەردانەکانیشی خەمی دەنگ کۆکردنەوەی لە پشتبووە بۆ حیزبەکەی لە ھەڵبژاردنەکاندا، نەک خەمی گەڕاندنەوەی ئەو شارە بۆسەر کوردوستان. ھاوکاتیش تاڵەبانی خاوەنی ئەو پێشنایەرە بەناوبانگەیە کە دەیەوێت شارەکە بە یەکسانی و بە ڕێژەی ٣٢% لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمانەکاندا دابەشبکرێت، نەک ببێت بە بەشێک لە کوردوستان

ئەو پرسیارەی کە ڕەنگە پێویستبێت لێرەدا لە خۆمانی بکەیەن ئەمەیە: لەبەرچی پارتی و یەکێتی ئەوەندە خەم ساردن لەبەرامەبەر مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوکدا؟ بە بۆچوونی من وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زەحمەت نییە و بەر لە دوو ساڵیش لەمەوبەر لە یەکێک لە وتارەکانمدا بەدرێژیی ھێڵە گشتییەکانی ئەم خەمساردییەم شیکردۆتەوە. وا جارێکی دیکە لێرەدا زۆر بە کورتی ئەو شیکردنەوەیە دەخەمەوە بەردەمی خوێنەران

سەرەتا دەبێت لە لێکدانەوەماندا بۆ ڕووداوە سیاسییەکانی کوردوستان بەر لە ھەمووشتێک تەماشای ئەو ھاوسەنگییە بکەین کە لە کوردوستاندا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە. ئەم ھاوکێشەیەش زۆر سادەیە، پارتی حوکمداری کوردوستانبێت، لەبەرامبەریدا سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی لە بەغدا سەرۆک کۆماری عێراق بێت. ئەم ھاوسەنگییە بڕبڕەپشتی سیاسەتی کوردییە و ھەرچیشتێک ھەڕەشەی لێبکات نابێت بھێڵدرێت ڕووبدات. بەڵام ئایا ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم ھاوکێشە سیاسییە ھەیە، ئایا بەگەڕاندەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردوستان چ دۆخێک دروسدەبێت؟

بۆ ھەموومان ئاشکرایە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نیشانیداین، بەھزێترین ھێزی کوردوستان لە کەرکوکدا تا ئێستاش یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانە. یەکێتی لە کەرکوکدا زۆر لە پارتی بەھێزترە، ئەمەش مانای ئەوەی گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردوستان ھاوکێەشەی دابەشکردنی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا تێکدەدات. چونکە بەم گەڕاندنەوەیە قورسایی یەکێتی لە کوردوستاندا زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی کە ئێستا ھەیە و ئەمەش مەسەلەیەکە پارتی نایەوێت و ناتوانێت بەھیچجۆرێک قبووڵیبکات. بۆ پارتی باشترە لە سێ شاری کوردوستان نزیکەی دووشاریانی لەبەردەستدا بێت، نەک شارێکی تریشی بێتە سەر و لەژێر دەسەڵاتی ئەودانەبێت. لەم دیدەوە بۆ پارتی زۆرباشتر و بەسودترە کەرکوک نەگەڕێتەوە سەر کوردوستان و ئەو باڵادەستییەی ھەیەتی لێیتێکنەڵێت

ھەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانیشە، بەتایبەتی لە دوای درەستبوونی بزوتنەوەیە گۆڕان و لەدەستدانی بڕێکی زۆری دەسەڵاتی یەکێتی لەناوچەی سلێمانیدا، بۆ یەکێتی باشترە لانیکەم دەسەڵاتی لەیەکەێک لە شارەکانی کوردوستاندا لەھەموو لایەنەکانی تر بەھێزتر بێت. لانیکەم لەو شارەدا براگەورەبێت و ئەوانیتر ناچارکات گوێیلێبگرن. بۆیە بۆ یەکێتی باشترە خۆی بەتەنھا لە کەکەرکودا باڵادەستبێت، نەک ئەوەی کەرکوک بخرێتە پاڵ شارەکانی تری کوردوستان کە تیایایندا یەکێتی زۆربەی زۆری پێگەکانی دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە
بە مانایەکی تر ھەریەکە لە پارتی و یەکێتی بۆ ھۆکاری جیاواز، بە کردەوە حەز بە گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر کوردوستان ناکەن، ئەمەش بە ئاکار و شێوازی ھەڵسوکەوتی سیاسی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەم دوو حیزبەوە دیارە. ئەوەی ئەمڕۆکە ئەم دوو حیزبە فرمێسکی تیمساح بۆ کەرکوک دەڕێژن و باس لە مەترسییەکانی دەکەن، جگە لە ھەوڵدان بۆ لەبیربردنەوەی داخوازی خۆپیشاندەرەکان و ھەوڵدانی چاکسازی ڕیشەیی لە سیستمی حوکمڕانی کوردوستاندا، شتێکی دیکە نییە.
باسکردنی خەم و پەژارەی یەکێک لە شارە گرنەگکانی کوردوستان لەم دۆخەی ئێستادا ئەو ھۆکارانەی لەپشتە، نەک ھیچ ھۆکار و مەبەستێکی تر. بۆئەوەی کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردوستان دەبێت سیستمێکی حوکمڕانی دروستبکرێت تیایدا نەتەوە وەک حیزب و نیشتیمان وەک ناوچەی نفوز و دەسەڵاتی ئەم دەسەڵاتدار و ئەو دەسەڵاتدار نەبینرێت.

مەریوان وریا قانیع
٢٨-٢-٢٠١١

ھەولێری من و ھەولێری حیزب


ئەگەرچی من لە سلێمانی لەدایکبووم و کەس و کارم خەڵکی ناوچەی سلێمانین، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٥ ماڵی ئێمە لە ھەولێر دەژین. ھەندێک لە خوشک و براکانم لەو شارەدا لەدایکبوون و لەو شارەدا گەورەبوون. من تەنھا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە سلێمانی خوێندوە، خوێندنی دواناوەندیم لە ”ئامادەیی کوردوستان“ و دواھەمین ساڵی زانکۆشم لە ھەولێر خوێندوە. لە ئێستاشدا نەک تەنھا بەشێکی زۆری کەس و کاری من لە ھەولێر دەژین، بەڵکو کۆمەڵێک ھاوڕێ و دۆست و ناسراوی ئازیزشم خەڵکی ئەو شارەن. بڕێکی گرنگی گەشەکردنی کەسایەتی و بیرکردنەوەی من پابەستە بە ژیانی خۆم و ژیانی کەسوکار و ھاوڕێکانمەوە لەو شارەدا. ھەندێک لەو مامۆستایانەی کە کاریگەری گەورەیان لەسەر ژیانی من وەک گەنجێک بەجێھێشتوە خەڵکی ھەولێر بوون و لە ”ئامادەیی کوردوستان“دا وانەیان دەگوتەوە. لەزۆر ڕووەوە کەسایەتی من دروستکراوی ئەو شارەیە.
 
ساڵی ١٩٨٢ کە خۆپیشاندانەکانی زانکۆ لە ھەولێر دەستیپێکرد، دەیان و سەدان قوتابی خەڵکی ئەو شارە بەشدارییەکی چالاک و کاریگەریان لەو خۆپیشاندانەدا کرد، بەدەیان گەنجی قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکان لەو خۆپیشاندانەدا بەشدرابوون. ڕۆژی خۆپیشاندانەکە دوای ئەوەی تەقە دەستیپێکرد و ھێزەکانی بەعس پەلاماریان داین، من ناچار خۆم لە ماڵێک نزیکی کۆلیژی کارگێڕیدا شاردەوە. ماڵێک کە نەمدەناسین و نەیاندەناسیم. بەڵام بەحوکمی ئەوەی من لەکاتی ڕاکردنەکەدا کەوتبوومە چاڵێکی پڕ ئاو و قوڕەوە، سەرتاپای جلەکانم تەڕ و قوڕاوی بوو. ئەو ماڵە بە ئەمەک و چاونەترسە دەستبەجێ دەستێک جلی وشکیان بۆھێنام و جلە قوڕاوییەکانیان شۆریم. کەسێکیان چووە بەر دەرگاکە و اچودێری دۆخەکەی دەکرد. تا دەرنگانێک لە ماڵەکای خۆیاندا گلیاندامەوە، کاتێکیش دڵنایبوون دۆخەکە ھێمانبۆتەوە، تەکسییەکانی بۆگرتم و چومەوە بۆ ماڵی باوکم
 
ھەر لە ساڵی ١٩٨٢ کە زانکۆم لە ھەولێر تەواوکرد من و چوار ھاوڕێی ھەولێریم لە زانکۆ پێکەوە بووین بە پێشمەرگە، پێنج کەس لەناویاندا من نیوەم سلێمانی نیوەم ھەولێری و ئەوانیتر ھەر چواریان گەنجی پڕ ورە و پڕ ئومێدی شاری ھەولێر بوون. لە ساڵانی پێشمەرگایەتیدا لەو پێنج کەسە سیانیان شەھید و دووانمان زیندوو ماینەوە، من کەوتمە دەرەوەی نیشتیمان و ھاوڕێکەی تر لە نیشتمان مایەوە. لە گەڕەکی ماڵی باوکیشم لە ھەولێر دیسانەوە دوو ھاوڕێی تری من لەھەمان ساڵدا بوون بە پێشمەرگە، یەکێیکان کە ماڵەکەیان چەند ماڵێک لەولای ماڵی ئێمەوە بوو، شەھید بوو، ئەویتریان ئێستا وەک پیاوێکی پاک خەریکی پاراستنی کوردبوونی خۆیەتی
 
ئەو ھەولێرەی من دەیناسم ھەولێری ئەم خەڵکە پاک و ئازا و پڕ ئومێدەیە، شاری خەڵکانێکی ھێمن و ئارام و دڵسۆز، بەڵام چاونەترس و ئامادە بۆ قوربانی. شارێک ھەم ژیان تیایدا ھێمن و ھەم توڕەبوون تیایدا ھێمنە، شارێک پڕ برین بەڵام ھێمن لە تیمارکردنی برینەکاندا. ئەو ھەولێرەی من دەیناسم بەشێکی زیندووی مێژووی ھاوچەرخ و بەشدارێکی چالاکی ژیانی سیاسی کۆمەڵگای ئێمەیە. ھەولێری من شارێکە خەمەکان و ئومێدەکانی، کارەسات و بەختەوەرییەکانی، فرمێسک و پێکەنینەکانی بەشێکی دانەبڕاوبووە لە خەم و ئومێد و کارەسات و بەختەورەیی و فرمێسک و پێکەنینی ناوچەکانی تری کوردوستان. ئەم شارە یەک کوردبوون دەناسێت، کە کوردبوونی شار و ناوچەکانی ترە، یەک شوناسی ھەیە کە شوناسی ناوچەکانی تری کوردوستانە و یەک خەونی ھەیە کە خەونی ھەموو شوێنەکانی تری کوردوستانە
 
ڕاستە ئەمڕۆ سلێمانی بریندارە، شار و شارۆچکەکانی دەوربەری توڕە و دڵشکاون، خوێن لە شەقام و کۆڵان و گۆڕەپانەکانی ئەو دەڤەرە دەچۆڕێت. بەڵام ھاوکات ھەولێریش بریندار و دڵشکاوە. من گومانم لەوە نییە کە ھەولێر بە قووڵی خەمبارە، لەدڵەوە خۆیدا خەمێکی گەورە لە سلێمانی و ناوچە گڕگرتوەکانی تری کوردوستان دەخوات. ھەولێر شارێکە ھەمان ئەو خوێنە بە گیانیدا دەڕوات کە گیانی شارەکانی تری کوردوستاندا دەڕوات، ھەمان توڕەیی و دڵشکان و نائومێدی تێدایە کە شوێنەکانی تری نیشتیماندا ھەیە. من ئەم شارە باش دەناسم، دەزانم ئەوانەی منیان لە ساڵی ١٩٨٢ دا لە بەعس شارداوە، ئەو ھاوڕێ و دۆستانەی من کە بوون بە پێشمەرگە و شەھیدبوون، ئەو قوتابیەی گەنجانەی چونە سەرجادە و بەردیان گرتە دڕندەیەکی وەک بەعس، ئەوانە نین کە ھەینی ڕابردوو لەسەر شەقامەکان بە وێنەی سەرۆک و ئاڵای پارتییەوە سەمایان دەکرد. ئەوانە نین کە گاڵتەیان بە ئازاری شار و ناوچە خەمبارەکانی تری کوردوستان دەکرد، سوکایاتییان بەو خوێنە دەکرد کە لەبەری نیشتیمانی ئێمە دەڕژێ. ئەوەی بینیمان وێنەیەکی ساختەی ھەولێرە، کۆپی تەزویری شارێکە کە بە نھێنی دەگری، نمایشێکە لە نمایشە خراپ و درۆیینەکانی حیزب
 
ئەوەی دیمان ھەولێر نەبوو، بەڵکو وێنەی تەزویری ھەولێری ناو میدیای دەسەڵات بوو. ھەموو شارەکانی کوردوستان بەشێکی دانەبڕاون لە جوگرافییەکی بریندار، لە خەونێکی دیلکراو، لە مەیدانێکی گەورە بۆ ئازادییەکی چاوەڕوانکراو
 
ھاونیشتیمانیانی ئازیز، ئەوەی دیمان ھەولێر نەبوو، بەڵکو سوکایەتیکردن بوو بە ھەولێر. ھەولێری دەرھێنەرە فاشیل و بێھونەرەکانی حیزب بوو، نەک ھەولێری ھاوڕێ شەھیدەکانی من، ھەولێری ئە ماڵەی منی لە بەعس شاردەوە.


مەریوان وریا قانیع
٢٧-٢-٢٠١١

Saturday 26 February 2011

بۆ گەنجانی توڕەی وڵات


ھەموو کردەیەکی سیاسی، ھەموو چالاکییەک بیەوێت دونیا بگۆڕێت، ھەرگیز بەتەنھا کردەیەکەی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو کردەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی گرنگیشە. دونیا ھەرگیز تەنھا بە سیاسەتی ڕووت ناگۆڕدرێت، بەڵکو پێویستی بە ھێزێکی ئەخلاقی گەورەش ھەیە کە بە ئینسان شێوازی نوێی ئینسانبوونی بەرپرسیار ببەخشێت. خاڵی گرنگ لە خەون و لە کردەی گۆڕینی دونیادا ئەویە لەو کەس و ھێز و لایەنانە نەچیت کە دونیایان وا خراپ و ناشیرین دروستکردوە، کە ئێوەیان ناچارکردوە بچنە سەر شەقامەکان و ھەوڵی گۆڕانی ئەو دونیا بدەن. ئەوەی دەیەوێت دونیایەک بگۆڕێت، نابێت لەوانەبچێت کە دونیایان بەشێوەیەکی ناشیرین و نائینسانی دروستکردوە. لە کوێدا ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن بەھەمان لۆژیک و بە ھەمان دەرون و بە ھەمان بیرکردنەوەی ئەوانەوە ئامادەبوون کە دونیایان دروستکردوە، لەوێدا دڵنایبن دونیایەک دروستدەبکرێتەوە گەر زۆر ناشیرینتر نەبێت، ئەوا بەھەمان ڕادەی ئەو دونیایە ناشیرینە کە ھەیە و لەئارادایە.

گەنجانی وڵات،
دەبێت ھەردەم ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاوبێت کە تەنھا کردە سیاسییەکان پێوەری ئەوە نین ئایا ئینسان چالاکەوانێکی بەئەمەک و ڕاستگۆ و ئینساندۆستە، بەڵکو ئەو دیدە ئەخلاقی و ئینسانییە شەرتە کە لەپاڵ کردە و چالاکییە سیاسییەکاندا ئامادەن. جوڵەکە خۆی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەو دید و عەقڵیەت و پاڵنەرە گرنگە کە ئینسانەکان دەجوڵێنێت. بۆیە ئەو چالاکەوانەی دێتە سەر شەقام و وزەیەکی ڕۆحی و سیاسی پێییە بۆ گۆڕانکاری، ئەوەی بەگژ نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی و بێمافیدا دەچێتەوە، دەبێت لەبەردەم ھەر ھەنگاوێکدا کە دەینێت پرسیارێکی ئەخلاقی لە خۆی بکات. لە خۆی بپرسێت منئەم کارە بۆ دەکەم و پێویستە چۆن و بە چ جۆرێک بیکەم. واتە چالاکەوانی ڕاستەقینە ھەمیشە پێوسیتی بەوەیە دادگایەکی ئەخلاقی بۆ خۆی و بۆ کار و کردەوەکانی دابنێت. خۆی ببێت بە ویژدانێکی ئینسانی و ئەخلاقی زنیدو بەسەر کار و کردەوەکانی خۆیەوە. خاڵی سەرەکیش لەم ویژدان و دادگا ناوەکییەدا دیسانەوە ئەوەیە لەو کەسانە نەچیت کە تۆ دەتەوێت بیناگۆڕیت. نە بە زمانی ئەوان قسەبکەیت، نە بەعەقڵی ئەوان بیربکەیتەوە و نە ئەو ئامرازانشە بەکاربھێنیت کە ئەوان بۆ دروستکردن و ھێشتنەوەی دونیاکەیان بەکاریدەھێنن. لە ھەرشوێنێکدا کردە و چالاکییە سیاسییەکان نەبسترانەوە بە موحاکەمەیەکی ئەخلاقی ناوەکی بەردەوامەوە لەوێدا مەترسی ئەوە دروستدەبێت دونیا بەھەمان ڕوخسارە ناشیرینییەکانییەوە بونیادبنێینەوە. یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سیاسەت لە دونیای دوای ڕاپەڕینی ئێمەدا تەڵاقدانی ئەو داوەرییە ئەخلاقی و ویژدانییە ناوەکییەیە، نەمان و لەدەستدانی ئەو ھەستە ئەخلاقییە ناوەکییەیە کە ئینسان دەکاتە بوونەوەرێکی ھەستیار و بەرپرسیار. سیاسەتی کوردی دونیا ئێمەی لەدوای ڕاپەڕینەوە پڕکردوە لە ئینسانی پڕ لە ڕق و پڕ لە دزێوی بێپرسیار و بێوژدان. لەڕاستیدا گەورەترین ئامراز بۆ لەناوبردنی ویژدان و ئەخلاق لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا سیاسەت بووە بەو مانایەی دەسەڵاتدارانی کوردوستان کاریانپێکردوە و باوەڕیان پێیبووە.

من لەم دوورە دەبینم ھاوڕێکانتان لەپاڵتاندا دەکوژرێن، برینداردەکرێن و ژیانیان لێئەدزرێت، ئەو ھەموو خەم و توڕەیی دەبینم کە لە مردنی ئەو کەسە ئازیزانەوە دێنەدەرێ، بەڵام حەزدەکەم جارێکی دیکە ئەوەتان بۆ دووبارە بکەمەوە کە گرەوی سەرکەوتنی ئێوە لەوەدایە نەبنە ھەڵگری عەقڵیەت و نەفسیەت و ئاکاری ئەوانەی تەقەکانتان لێدەکەن. ئەوانەی کە شەھید دەبن بۆئەوە ناچنە سەرجادە بڕ و ڕادەی ڕقی ئێوە لە دەوربەری خۆتان زیاتربکەن، بەڵکو بۆئەوە دەچن دونیایەک دروستبکەن خاڵی لە ڕق و بوغزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی. بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕ و ڕادەی توندتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا زیادیکرد، جارێکی تر فیشەک تەقێندرایەوە و کۆمەڵێک مرۆڤی بێتاوانی تر ژیانیان دۆڕان. بەڵام پێدەچێت لە ڕۆژانی داھاتووشدا زۆرجاری تر پێوستمان بە دووبارەکردنەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەبێت کە گرەوی ئەم جۆرە بزوتنەوە سیاسییانە لەوەدایە توندوتیژ نەبن، بتوانن باوەش بۆ برینەکانی خۆیان بکەنەوە و پەلاماری ھەمان چەک نەدەن کە لەو دونیایەوە پێوەیان دەنرێت کە ئەمان دەیانەوێت بیگۆڕن

چەک و توندتیژی ھی ئێوە نییە، ھی ئەوانەیە کە ناھێڵن دونیای خۆتان دروستبکەن، ئەوەی بیەوێت دونیایەکی نوێ دروستبکات لەباتی چەک، پێویستی بە شیعرە، پێویستی بە ئەخلاقە، پێویستی بە ڕێزگرتنی ئینسان و ژیانە.


مەریوان وریا قانیع
٢٧-٢-٢٠١١

بێدەنگی یەکێتی نیشتیمانی و توندوتیژییەکانی کوردوستان


بەکارھێنانی سەرلەنوێی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی تری کوردوستاندا، شەھیدکردنی چەند گەنجێک و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر و فڕاندنی چەند چالەکەوانێک، گۆڕانێکی چاوەڕواننەکراوە و مایەی خەمبارییەکی گەورەیە. ھەموومان ئەو ھەستەمان لا دروستبووبوو کە قۆناغی پەنابردن بۆ توندوتیژی و فڕاندن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران کۆتایی پێھاتووە، ھەم خۆپیشاندەران و ھەم ھێزە سەربازییەکان پێیانناوەتە قۆناغێکی تازەوە. ھاوکات چاوەڕوانی ئەوەدەکرا دەسەڵاتداران بە بەرنامەی ئاشکراو قابیلی قبووڵکردنەوە بێنەقسە و ھەوڵێکی شێلگیرانە نیشنابدەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە قووڵەکانی ئەمڕۆکەی کوردوستان
بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی دوایی ئەوەمان نیشانئەدات تا ئێستاش ھێزگەلێک ھەن لەوە تێنەگەیشتوون کە بەکارھێانی توندوتیژی ھەڵەترین وەڵامە بەم شەپۆلی ناڕەزاییە بدرێتەوە. لەھیچ شوێنێکی دوینادا فشار و ترساندن و توندوتیژی بۆینەکراوە خەڵک ناچارکات دونیایەیک قبووڵبکات کە قابیلی قبووڵکردن نییە. ئەوەتا دەبینین ڕۆژانە سنووری ناڕەزاییەکان فراوانتردەبێت و تادێت ھێز و توێژ و کەرتی کۆمەڵایەتی نوێ دەچنە پاڵ ئەم جوڵە گەورەیەی دونیای ئێمە. ھاوکاتیش تا دێت داواکاری و خواستی ناڕەزاییەکان قوڵتر و فەراوانتر دەبن. ئەو شارانەشی کە تا ئێستا بەشێک نین لەم بزوتنەوەیە ڕۆژانە نەفەسی بزوتنەوەکە ھەڵدەمژن و درەنگ یان زوو دێنە قسە

سەرنجێکی خێرا لە ھەوڵێستی ھێزە سیاسییەکانی کوردوستان ئەوەمان پێدەڵێت کە ھێزی ھەرە غائیب لەم ساتەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانە، ئەگەرچی زۆربەی ھەرەزۆری خۆپیشاندانەکان لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن کە بە ڕەسمی شوێنی دەسەڵاتدارێتی یەکێتین. یەکێتی تا ئەم ساتە ھەڵوێستێکی ئاشکرای بەرامبەر بەو ڕووداوە گەورانە نییە کە لەبەردەمیدا ڕوودەدەن، ئەمە لەکاتێکدایە بڕێکی بەرچاو لە ئەندام و ھەوادارانی یەکێتی لەناو بزوتنەوەکەدان، کەچی یەکێتی خۆی وەک حیزب و وەک ھەڵوێستی ڕەسمی غائیبی ژمارە یەکە. ھاوکات ھەموو ھێزەکانی تری کوردوستان دەزانن چیدەکەن و چ ھەڵوێستێکیان ھەیە. پارتی بۆ نموونە بە ئاشکرایی و بە عەمەلی دوژمنایەتییەکی گەورەی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە دەکات، ھەموو ڕێگەیەکیشی گرتۆتەبەر بۆئەوەی نەھێڵێت ناڕەزاییەکان بۆ ھەولێر و ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتی بپەڕێتەوە. ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەدەیان شێوەی ڕەسمی و ناڕسمی چوونەتە پاڵ ناڕەزایەتییەکان، کەچی یەکێتی نیشتیمانی بێدەنگ و بێھەڵوێست و بێبڕیار ماوەتەوە. پێدەچێت یەکێتی تا ئێستاش دەسەتی بە حوکمەتێکەوە گرتبێت کە بەعەمەلی و لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نەماوە. ئەوەی چاوی خۆی نەنووقێنێت بە ئاشکرا دەبینێت ئەمڕۆ لە کوردوستاندا شتێک بەناوی ”حکومەتی ھەرێم”ەوە نەماوە. بەڕادەیەک لە شارێکی وەک ھەولێردا حوکمەت لەسەر زاری وەزیری خوێندنی باڵەوە باس لە بەردەوامی دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ھەولێردا دەکات، کەچی یەکێتی قوتابیانی پارتی لەلای خۆیەوە بڕیاری داخستنی زانکۆکان جبەجێدەکات و خوێنداکاران بۆ ناو ماڵەکانی خۆیان دەنێرێتەوە. ئەم دۆخەش تەنھا یەک دەلالەتی ھەیە: شتێک بەناوی حکومەتی ھەرێمەوە لە کوردوستاندا بوونی نەماوە و ئەم حکومەتە بە عەمەلی ھەڵوەشاوەتەوە. ئاخر کێ لە ھەولێردا بڕیارەکان دەردەکات، یەکێتی قوتابیانی پارتی یان حکومەتی ھەرێم و وەزیرەکانی

بێدەنگی یەکێتی دۆخکەی ئاڵۆزتر و ێگەی گەیشتن بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینەی زەحمەتترکردوە. یەکێتی یان ئەوەتا دەچێتە پاڵ پارتی و دژایەتی ناڕەزاییەتییەکان دەکات، یان ئەوەتا ھەنگاوێک لە پارتی دووردەکەوێتەوە و دێتە پاڵ ناڕەزاییەکان. ھەموو گۆڕانێک لە ھەڵوێستی یەکێتیدا بەرەکان ئاشکراتر دەکات و بەمەش ئەگەری سیاسی نوێ لە کوردوستاندا دێنێتەکایەوە. ھیواداری یەکێتی لەوە زیاتر بێدەنگ نەبێت و بڕیاری ئەوەبدات بپەڕێتەوە بۆ بەرەی گوێگران لە داخوازی ناڕەزاییەکان. ناڕۆشنی لە ھەڵوێستی یەکێتیدا بڕ و ڕادەی توندوتیژییەکانی لەناوچەی سلێمانیدا گەورەکردوە.

مەریوان وریا قانیع
٢٦-٢-٢٠١١

خۆپیشاندەران دەبێت چ داخوازییەکیان ھەبێت؟


مێژووی ئێمە ساتەوەختێکی گرنگ دەژی، دەکرێت سەرەتای دروستبوونەوەیەکی نوێ و نەخشەسازییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی نوێ بێت. بۆیە زۆر گرنگە لەم ساتەدا  ھەموو ئەو داواکارییانە بھێنرێتە پێشەوە کە دەشێت کۆتایی بە بەشێکی زۆری کێشەکانی دونیای ئێمە بھێنێت. ئاشکرایە داواکاردنی ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و داخوازی دروستکردنی حکومەتێکی کاتی و خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنێکی نوێ داخوازی گرنگن، بەڵام کۆتایی ھەموو داواکارییەکان و چارەسەری ھەموو کێشەکان نین. گرفتەکانی ئەمڕۆی کوردوستان تەنھا پەیوەندیان بە بوونی پەرلەمانێکی بێکار و حکومەتێکی حزیبیی ئیفلیجەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیان بە کۆمەڵێک کێشەی قوڵترەوە ھەیە، کە بوونی حکومەت و پەرلەمانێکی ئیفلیج دەرەنجامی ئەو کێشانەن. بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ئەزموونە قەیراناوی و ئیفلیجەی ئەمڕۆ و بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوە بۆ ھەمان ئەو دۆخەی کە ئەم ھەموو ناڕەزاییەتییانەی ئەمڕۆکەی دروستکردوە، دەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ بدۆزرێتەوە. بەبۆچونی من جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەشێت بەشێکی گەورەی ئەو چارەسەرییانەبێت

 ١- ھەڵوەشاندنەوەی جیھازی ئیداری لە کوردوستاندا و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەڕێگای پاککردنەوەی لەو کادەر حیزبییانەی کە دەسەڵاتی حیزب لەناو پۆستە ئیدارییەکاندا دایناون. ئەمەش مانای ئەوەی لابردنی ئەو ھەموو کەسانەی کە پلەی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و پۆستە ئیدارییە گرنگەکانی تریان بەھۆی پلە و پایەی حیزبییەوە وەگرتوە و جێگرتنەوەیان بە کەسانی موستەحەق و ناحیزبی شارەزا و لێزانن لە بوارە جیاجیاکاندا. ھێشتنەوەی ئەم جیھازە ئیدارییە بەم شێوەیەی ئێستای کە تا بینەقاقای جیھازێکی حیزبییە، نەک دەوڵەتی، کۆتایی بە دەسەڵاتی حیزب لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیدا ناھێنێت و ناھێڵێت دۆخێکی ئیداری تەندروست دروستببێت کە بتوانێت بە دەوڵەت ئاکارێکی ناحیزبی نەتەوەیی ببەخشێت

٢- ھەڵوەشاندنەوەی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمایەکی ناحیزبی کە تیایدا لێزانی و شارەزایی سەنگی مەحەک و پێوەری ھەڵبژاردنبێت. ئەوەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردوستاندا نیشانیانداین، ئەوەیە بەبێ دەرھێانی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەدەستی حیزب ناکرێت باس لە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بکەین و ھەموو خۆلادانێک لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە گرنگە وەک خۆلادان وایە لە گرنترین کێشەیەک ڕووبەڕوی ئەزموونی سیاسی و گشتێتی کۆمەڵگای ئێمە بووبێتەوە

 ٣- ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی میدیای حیزبی ئاراستەکراو و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای نەھێشتنی ئەم جۆرە میدیایە بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە. ئەم میدیا حیزبییە ئاراستەکراوە ئامرازێکی گەورە و گرنگی دروستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییە. ھەموو جەنگ و نائارامییە ناخوخۆییەکان لە کوردوستاندا بە جەنگی ناو میدیا حیزبییەکان دەستپێکردوە. میدیای حیزبی ڕەگەزێکی گرنگی ھەموو پێکدادانە سیاسی و سەربازییەکان بووە. بۆ کۆتاییھێنانێکی ڕاستەقینە بە ئەگەری جەنگی ناوخۆ و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی لە کوردوستاندا دەبێت کۆتایی بەم مۆدێلە لە میدیای حیزبی بھێنرێت. مۆدێلێک کە بەشێکی زۆر و گرنگی سامانی گشتی و پارەی خەڵک و کۆمەڵگای تێدا سەرفدەکرێت و جگە لە بەرھەمھێانی مەترسیش خێرێکی دیکەی بۆ کۆمەڵگای ئێمە نییە

 ٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نابەرپرسیار و نایاساییەی لەنێوان ئابوری و سیاسەتدا لە کوردوستاندا دروستکراوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بەجۆرێک کاریگەرییە شێوێنەرەکانی سیاسەت لەسەر ئابوری لاببات. ئەمەش مانای ڕێکخستنەوەی ئابوری کوردستان لەسەر بنەمایەکی شەفاف و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھەموو کۆمپانیا حیزبی و سێبەرانەی کە ھەن و ئاشکراکردنی شێوازی بەخشینی کۆنتراکتە گەورەکان بە کۆمپانیاکان و ئاشکراکردنی ئەوانەی لەپشتی ئەو کۆپانیایانەوە وەستاون. دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و دواکەوتنی ئەم مەسەلەیە

 ٥- بەرپاکردنی جەنگێکی ڕاستەقینە بەرامبەر بە گەندەڵی و تەرخانکردنی شارەزا و لێزانی تایبەت بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە. ئەمەش دەکرێت لەڕێگای دروستکردنی ناوەندێکی تایبەتەوەبێت کە پێکھاتبێت لە شارەزایانی بواری ئابوری و بواری یاسایی و بواری دەزگایی و بواری ئیداری و بواری موحاسەبەی مالی لە وڵاتەکەدا

٦- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستوری کوردوستان بە ئاراستەی ئەوەی دەسەڵات لە کوردوستاندا ببێتە بە دەسەڵاتێکی پەرلەمانتاری ڕاستەقینە، نەک دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی. چونکە دۆخی کوردوستان تەحەمولی ئەوە ناکات دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆکێکی ھەڵبژێردارو ببەخشێت کە لە پەرلمان بەھێزتربێت و ئامراز و میکانیزمێکی ڕاستەقینەش لەئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوەی. ئەزموونی کۆکردنەوەی دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی تاقەکەسێکدا لەدونیای ئێمەدا ئەزموونێکی مەترسیدارە و کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت باجی ئەو جۆرە ئەزموونە بدات

 ٧- کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەناو سیستمی پەرلەمانی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکایەتیدا. لەدەرەوەی ئەم سێ دەسەڵاتەدا نابێت ھیچ بازنەیەکی دیکەی دەسەڵات ھەبێت کە کاریگەری لەسەر بڕیارە ڕەسمییەکان و شێوازی کارکردنی ئەو سێ دەسەڵاتە ھەبێت. ئەمەش مانای نەھێشتنی ڕۆڵی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا وەک بازنەیەکی سەربەخۆی دەسەڵات و نەھێشتنی توانای کاریگەرییان لەسەر شێوازی کارکردنی سیستمەکە. بە کورتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەبێت بچنە ناو سێ دەزگا گرنگەکەی دەسەڵاتەوە، یان دەبێت لەدەرەوەی ئەواندا ھیچ ڕۆڵێکیان نەمێنێت. مەبەستم لە سێ دەزگاکەش پەرلامان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمە

٨- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لابردنی فشار و داگیرکردنی حیزب بۆ ئەم دەزگایانە. ئەمەش مانای سەندەنەوەی دەسەڵات و ئیمتیازات لە دەزگا حیزبییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ نموونە سەندەوەی دەسەڵات لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان و ئافرەتان و گەنجانی سەر بە حیزبە سیاسییەکان و مامەڵەکردنیان وەک ڕێکخراوەکانی دیکە. لابردنی فشار و نفوزی ئەم ڕێکخراوانە لەسەر ھەموو ئەو بوارانەی کە کاری تێدادەکەن و نەبەخشینی ھیچ ئیمتیازێک پێیان لەسەر بنەمای ئەندامبوونیان لەم ڕێکخراوانەدا

٩- سەرلەونێ بیناکردنەوەی سیستمی داوەری بەو شێوەیەی کە سەربەخۆیی تەواوی دەزگا و کادەرکانی ئەم بوارە مەیسەربکرێت و لابردنی ئە کادیرانەی کە بە ئەمری حیزب لەناو ئەم دەزگایەدا دانراون

١٠- سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانی کولتوری و فەرھەنگی بەشێوەیەک کۆتایی بە سیفەتە حیزبییەکانی دەزگا و ڤێستیڤاڵ و خەڵاتە ھونەری و ڕۆشنبیرییەکان بھێنرێت و ئەم کایەیە بەشێوەیەکی نوێ و دوور لە دەستێوەردانی حیزبەوە دابڕێژرێتەوە.

ئەنجامدانی ئەم خاڵانە دونیای ئێمە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە دەگوازێتەوە، ھەموو خۆ لادان و چاونووقاندنێک لە ئاستی ئەم داخوازییانەدا بەشێکی زۆری کێشەکانی دونیای ئێمە دەھێڵێتەوە و لە سبەینێکەی نزیکدا دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خانەی یەکەم. بە مانایەکی دیکە جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵانە دەمانگەیەنێتەوە ھەمان شوێن کە ئەو ھەموو کێشەیەی لەمڕۆدا بۆ کۆمەڵگای ئێمە دروستکردوە.

 مەریوان وریا قانیع ٢٥-٢-٢٠١١

Friday 25 February 2011

پەڕینەوە بەرەو کوشتن


ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع

سەرەتا

پاش گوللەبارانکردنی خۆپیشاندەران و دوای کوشتنی ھەرزەکارێک و ئەگەری مردنی یەکێکی تریش کە لە حاڵەتی کۆمادایە و بریندارکردنی زیاتر لە پەنجا گەنج، دەبێت بۆدواجار پرسیار لە میسداقییەتی سیاسی و ئەخلاقیی ئەو حیزبانە بکەین کە یەکدەنگن بەرامبەر بەم تاوانە و ئەوانەشی بێدەنگن بەرامبەر بە سەرھەڵدانی تیرۆری سیاسیی لەوڵاتی ئێمەدا. ئەوەی پارتی لە سلێمانیدا ئەنجامیدا، قۆناغێکی نوێییە لە تاوانی سیاسیی، قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگا بە چەک
 
ساڵانێکی درێژە ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەک تەنھا ھەمووشتێکی ئەم وڵاتە، بەڵکو ئینسانەکانیش بە موڵکی شەخسی خۆی دەزانێت. ئەوان پێیانوایە نەک ھەر تەنھا خاوەنی دەسەڵات و ئابوری و شاخ و دۆڵ و شار و شەقامەکانی وڵاتن، بەڵکو خاوەنی ئەو ئینسانانەشن کە تیایدا دەژین. بۆیە ژیان و مردنی خەڵکیش ھەر بەدەستی ئەوانە. ئەوەتا بە ئاشکرا دەبینین ئەم دەسەڵاتدارێتییە سڵ لەوە ناکاتەوە "کوشتنی بەئەنقەست" بکاتە بەشێک لە میتۆدەکانی پیادەکردنی دەسەڵات. دەبینین چۆن تیرۆر بە ئاشکرا بووە بە مۆدێلێک بۆ فەرمانڕەوایەتی و ترسناندنیش بە کەرەسەیەک بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێی دەستەجەمعی. ئەم مۆدێلە سوڵتانییە لە دەسەڵاتدارێتی دووحیزبیی پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە لە مامەڵەیدا لەگەڵ کۆمەڵگا و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەویش قۆناغی پەلاماردانی سەربازییە
 
پێدەچێت ئەم دەسەڵاتدارێتییە پێویستی بە ریفۆرم نەمابێت، لەڕاستیشدا ڕیفۆرم تەنھا لەگەڵ عەقڵییەتێکدا دەکرێت کە بڕوای بەوە ھەبێت کە ھەڵەی گەورەی کردوە و ئامادەیە چارەسەریبکات، عەقڵییەتێک کە بڕوای بە ماڵئاواییکردن و سەرلەنوێ دروستبوونەوە ھەبێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارێتییە کوردییە نییەتی ئەوەی ھێناوە کە نەک تەنھا ئەبەدیی بێت و تا ھەتاھەتایە حوکمبکات، بەڵکو ئامادەش نییە ساکارترین پیاچونەوە بۆ ئەو مۆدێلی حوکمڕانیی و ئیدارییەدا بکات کە دونیای ئێمەی ھێناوەتە سەر لێواری نغرۆبوون

ڕووداوەکانی سلێمانی نیشانیداین دەسەڵاتدارێتی کوردیی چووەتە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی تیرۆرەوە. ئێمە بۆیە دەڵێین تیرۆر، چونکە دەبینین نە پارتی کە بەرپرسی سەرەکیی ئەم کردەیە بوو و نە ھاوەڵی دەسەڵاتدارێتییەکەشی، یەکێتی، لە ھەموو بەیانەکانیاندا دانیان بە بچووکترین ھەڵەدا نەناوە. کەسیان تەقەکردنیان لە گەنجانی خۆپیشاندەر وەکو تاوان تەماشانەکردوە و لەبەرامبەر لێپرسینەوەش لە بەرپرسەکانیاندا بێدەنگن. ھاوکات پێشناچێت ئامادەی ئەوەبن داوای لێبوردن لە گەنجەکانی سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بکەن و کۆتایی بە بەسەربازیکردنی ژیانی مەدەنیی لە کوردستاندا بھێنن

ئەوەی بۆ ئێمە جێگای سەرنج و ڕەخنەیە بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەتایبەت بەرامبەر بەو کارەساتەی کە لە شاری سلێمانی کەوتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە شایستەی سەرسوڕمانە ئەو بێدەنگییەی ئۆپۆزیسۆن بوو بەرامبەر بە ھەموو ئەو گوللەباران و جووڵە سەربازییە ترسناکەی کە دەسەڵات لە شارەکەدا دروستیکرد. ئۆپۆزیسۆن بۆئەوە نییە ڕووداوەکان وەکو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بگوازێتەوە، یاخود خۆی لێگێلبکات و بڵێت ئەمە ھی ئێمە نییە، لە ھەمووشی خراپتر ئەوەیە کە بە زمانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات بدوێت و ئەو دەستەواژانە بەکاربھێنێت کە دەسەڵات بۆ ئەم گەنجانەی داھێنابوو. ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوەیە ببێت بەو سەکۆ مەدەنییەی کە بەفیزیی و دڕندەیی دەسەڵات دەربخات و فەزایەکی شارستانیی بۆ گفتوگۆی ئەو دەنگە ناڕەزایانەی ئەم کۆمەڵگایە فەراھەمبکات. فەزایەک دوور لە ڕق و کینە و توندڕەوێتی، دوور لە تەخوین و تەکفیر بێت.

حیزب وەکو دەزگایەکی بێگوێ
 
دەسەڵاتی کوردی دوو سیفەتی زۆر خراپی ھەیە: نە گوێدەگرێت و نە تێدەگات. گوێناگرێت، نەک لەبەرئەوەی بەھۆی سەرقاڵبوونیەوە بە ئەرکە نەتەوەییەکانەوە کاتی بۆ گوێگرتن نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە وەکو زۆرینەی حوکمڕانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر کورسی دەسەڵات کەڕوویان ھێناوە، جگە لە دەنگی خۆیان گوێیان لە ھیچ دەنگێکی تر نییە. ئەو مۆدێلە دیموکراسییە شانۆگەرییەش کە دایانھێناوە، لەوێنەی سازدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسان و گروپ و ڕێکخراوەکان، بۆئەوە نییە کە گوێ لە خواستەکانی خەڵک بگرن بەڵکو بۆئەوەیە تەنھا نیشانیبدەن کە ئەوان دەبیستین. بیستنیش مانای گوێگرتن نییە، چونکی گوێگرتن پابەندە بە تێگەشتنەوە. دەسەڵاتی کوردیی گەر گوێشبگرێت، بەمەرجی ئەوەیە کە بە قسەی کەس نەکات و کەسیش قسە لەقسەی ئەودا نەکات. بێگومان ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەوە تێگەیشتوە کە ناتوانێت ڕێ لە دروستبوونی دەنگ بگرێت و ناتوانێت ھەموو شتەکان سانسۆربکات. ئەوەی لە ھەولێر سانسۆر دەکرێت لە سلێمانی بڵاودەبێتەوە و ئەوەی ناھێڵن لەناو میدیاکاندا ڕووبدات، لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە. ئەم دۆخە وایکردوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەباتی بێدەنگکردنی خەڵک سیاسەتی بێنرخکردنی دەنگی کردۆتە ستراتیژیەتی خۆی

ئەم ئەزموونە سیاسییەی وڵاتی ئێمە نەخواستی ئەوە بووە و نە ویستووشیەتی بزانێت ڕای گشتی چۆن بیردەکاتەوە و شەقامەکان چیدەڵێن. تەنانەت گوێشی لەو باڵ و کەسایەتییانەی ناو حیزبەکەی خۆی نەگرتووە کە ڕایەکیان ھەیە جیاواز لە ڕا و بۆچوونەکانی ئەو نوخبە ئۆلیگارشییەی کە حیزب ئاراستەدەکات. تاکە خواستێک سیاسەتمەدارانی کورد ھەیانبێت، بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵک نەک ناسینی خەڵک. لەم مۆدێلەی حوکمڕانیدا ئەرکی حیزب و ئەندامەکانی گوێگرتن و چاودێریکردنی بیرکردنەوە و جووڵەی خەڵکە نەک کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەمەکانی خەڵک و ناسین و زانینی خواستەکانیان. لێرەدا نزیکیی و دۆستایەتییەکی گەورە لە نێوان سیاسەتی دیکتاتۆریی و سیستەمی ئیستیخباراتیدا دەردەکەوێت. ئاشکرایە سیستەمە دیکتاتۆرەکان زۆر نزیکن لە خەڵک، زۆر تێکەڵاوی خەڵک دەبن، زۆریش گوێبیستیان دەبن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا دەیبینین. لە سیستەمی دیموکراسیدا بارۆمەتری سیاسی ھەیە، دەزگای تایبەت ھەیە ھەموو ھەفتەیەک ڕای گشتی دەپێوێت و لە دەزگاکانی چاپ و ڕاگەیاندنیشدا دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسییانە بۆ خەڵکی بەیاندەکرێت. ئەم ئەرکە لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا دەدرێتە دەست دەزگای ئاساییش و موخابەرات و ھەندێک شانە و خانەی حیزبیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕای خەڵکی و چەشنی بیر و بۆچوون و چێژی سیاسییان. ئاشکرایە زانیاری مەرجی تێگەشتنە لە کۆمەڵگا، بەڵام ئەم تێگەیشتنەی دەسەڵاتدارێتی کوردیی تێگەشتنێکی ئیستیخباراتییانەیە، واتە کۆکردنەوەی زانیاری بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی داخوزییە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو بە مەبەستی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی کۆمەڵگایە. مەسافەی نزیکیی دەسەڵات لە خەڵکەوە بەقەد نزیکیی لوولەی تفەنگەکانیانە لە سنگی ناڕەزایانەوە. ئێمە دەتوانین دیموکراسییەتی سیستەمێک تەنھا لەو جۆرە چرکەساتانەدا بپێوین کە دەسەڵات ترسی لادورستدەبێت. گەر کوشتن و ڕاوکردن بوو بە بەشێک لە سیناریۆی دەسەڵات، ئەوا دەبێت لەوە بترسین کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات دەبێت بە پەیوەندی نێوان نێچیر و ڕاوکەر. دەسەڵاتداران وەک ڕاوکەرێکی بێویژدان و دڵڕەق و کۆمەڵگاش وەک نێچیرێکی بێپەنا. ئەم ڕاستییەشمان لە کوشتنی منداڵێکی وەکو (ڕێژوان)دا بینی. ڕێژوان نموونەی یەکێکە لەو منداڵە نائومێدانەی کە دەسەڵات نە ویستی گوێیلێبگیرێت و نە ویستی بزانێت چیدەوێت، بەڵام ئامادەبوو کە ھاتە گۆ و قسەیکرد فیشەکی پێوەبنێ. ئەوەی پارتی لە سلێمانی کردی نیشانیداین کە حیزب تا ئێستاش چەند بێنرخانە تەماشای ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە دەکات، چۆن ھەمیشە ئامادەیە بە زمان و کەرەسەکانی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ ھەموو دەنگێکی نەیار بەخۆی دەدوێت

حیزب وەکو دەزگایەکی داوەریی
 
پارتی دەیەوێت پێمان بڵێت جیاوازی نێوان بکوژ و کوژراو تەنھا لەوەدایە کە بکوژ زووتر دێتەدەست. بەم مۆدێل و تێگەشتنە عەسابانەیە لە سیاسەت دەیەوێت قەناعەتمان پێبکات کە تاکە تاوانی بکوژەکانی لقی چوار ئەوەیە کە دەستوبردانە ئەو گەنجە گێرەشێوێنانەیان کوشت و ڕاونا، ئەگینا ئەگەری ئەوە ھەبوو کە ئەوان ئەمەیان بە ئەندامەکانی پارتی بکردایە. ئەم لۆژیکە لە ڕاڤەکردن تەنھا یەک شتمان پێدەڵێت ئەویش ئەوەیە کە حیزب لە کوردستاندا لەسەرووی یاساوە ماف بە ئەندامەکانی خۆی دەدات بەئارەزووی خۆیان تەفسیری چەمکی ”بەرگری لەخۆکردن“ بکەن و لەوێشەوە شەرعییەت بە ھەموو کردەیەکی مافیایی بدەن. با ئەو کردەیەش دژ بە کەسانی مەدەنی بێت، دژ بە گەنجانێک بێت کە ھێشتا تەمەنی یاسایی ئەوەیان نییە تونای حوکمی عەقڵانیان ھەبێت و بتوانن دەرئەنجامی کردەکانیان ھەڵسەنگێنن. بەشێوەیەکی گشتیی چەمکی یاسایی "کوشتنی بەئەنقەست" لە فەرھەنگی سیاسیی حیزبیی کوردیدا غائیبە، چونکە دەسەڵاتداران پێیانوایە حیزب و ئەندامەکانی شایستەی ھەڵە نین و موقەدەسن. ئەمەش مانای ئەوەی ھەموو ھێرشێک بۆسەر بارەگای حیزب ھێرشە بۆسەر پیرۆزیی حیزب و ھەموو بەرگرییەک لە ڕەمزییەت و ئەندامانی حیزب و موڵک و سامانەکانی، بەرگرییە لە یاسا. یەکسانکردنی حیزب بە یاسا و یەکسانکردنی بەرپرسانی حیزب بە داوەر گاڵتەکردنێکی گەورەیە بە سەرجەمی ئەو یاسایانەش کە دەسەڵاتداران خۆیان لە وڵاتەکەدا دروستیدەکەن. بۆیە ئێمە چیدی بەلامانەوە سەیر نییە ھێزێکی پڕچەکی سیاسیی، کە ھەموو دەزگاکانی ئاساییش و پۆلیس و یاسا و مروری بەدەستەوەیە، دژ بە چەندسەد گەنجێک کە بەردەبارانی بارەگاکانیان دەکەن جگە لە زمانی فیشەک زمانێکی تری نییە بۆ دوواندن و گفتوگۆکردن. بەلامانەوە سەیر نییە، چونکی ئەم ھێزە بووە بە دێناسۆرێکی ترسناک کە بە زمانی مردن قسەدەکات 
 
سەرکردایەتی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کۆبوونەوە و بەھەردووکیان بەیانێک دەرکرد. کۆی ناوەڕۆکی ئەم بەیانەش بریتی بوو لەو ڕستەیەی کە لەڕاستیدا ھێندە سواوە، کەس تاقەتی گوێگرتنی نەماوە: "یاسا دەبێت سەروەر بێت". ھەردوو حیزبەکە داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن "لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو جدی له‌م بابه‌ته‌ بكات و ئه‌وانه‌ی پیلانیان داڕشتووه‌و ئه‌وانه‌ی بۆنه‌ته‌ ئالییه‌تی ئه‌و پیلانانه‌و ئه‌م ئاژاوه‌یان له‌شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی دروستكردو بوونه‌ هۆی ناڕه‌حه‌تی و دڵه‌ڕاوكێی جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری شاره‌كه‌ راده‌ستی یاسا بكات و سزا بدرێن". پرسی ئێمە ئەوەیە ئەو ئەدرەسەی ئەم پەیامەی ئاراستەکراوە لە کوێیە؟ لە ھەولێرە یان سلێمانی؟ حکومەت ھی کێیە؟ حکومەتێک کە ھی خۆتانە و ئێوە داوا لە خۆتان دەکەن کە بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت؟ ئەمە لە چ وڵاتێکی دیموکراسیدا ئەم چەشنە گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵک دەکرێت؟ ئەرێ بەڕاست ئەو کۆمەڵە گەنجە بوون بە ھۆی ناڕه‌حه‌تی وبێزاری و دڵه‌ڕاوكێی ‌خەڵکی‌‌ شاره‌كه، کاتێک بەردەبارانی بارەگای پارتییان کرد، یان ئەوانەی کە فیشەکبارانی ئەم گەنجانەیان کرد و پاشان ھێزی تایبەتی حیزبیی گەورەیان لە پایتەختەوە ڕەوانەی "شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی" کرد. کامیان ھۆکاری پشێوی و ناڕەحەتییە، ئەو کۆمەڵە گەنجە بەردبەدەستە یاخود ئەو چەکدارانەی کە کەی بیانەوێت تەقە لەو کەسانە دەکەن کە حیزب بۆیان دەستنیشاندەکات. ئەمە چ لۆژیکێکی سیاسی ترسناکە سەرۆکی وڵاتێک ھێزێکی تایبەت بەخۆی لە پایتەختەوە ڕەوانەی شارێکی تر بکات بۆئەوەی بارەگایەکی حیزب بپارێزرێت 
 
ئێمە وایدەبینین کە چەندین فۆرمی جیاواز لە کردەی کوشتن ھەیە؛ کوشتن ھەیە دەچێتە خانەی قەتڵەوە و کوشتنیش ھەیە شایستەی لێخۆشبوونە و ھەندێکی تریشیان دەبێت بە ھۆکاری ناوبانگ پەیداکردن. ئەم کوشتنەی ڕێژوان، کوشتنێکی سیاسییە، قەتڵە بەمانا تەعەمودییەکەی، ناشەرعییە بەمانا ئێتیکییەکەی، شایستەی لێخۆشبوون نییە و تاکە ناوبانگێکیش بۆ مێژووی ئەم حیزب و دەسەڵاتەی دروستبکات بریتییە لە ناوبانگی وەحشیگەریی.

حیزب وەکو ھێزی سەرووی یاسا

لە دونیای دەوڵەتی یاسادا زاراوەیەک ھەیە کە گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەویش پرنسیپی(Proportionality) واتە بەکارھێنانی ھێزی گونجاو بە قەبارەی ئەو کێشەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیاریکراو. واتە بۆ نموونە نابێت دەبابە بەکاربھێنرێت بۆ بەگژاچوونەوەی لایەنگرانی توندوتیژی تیپێکی دوگۆڵیی، یاخود تەور بەکاربھێنرێت بۆ بڕینی لقی گوڵێک. ئەم پرنسیپە تەنھا پرنسیپی دەوڵەتە نەتەوەییەکان نییە کە دیموکراسییەتیان کردووە بە فۆرمی حوکمڕانی، بەڵکو بووە بە بەشێک لە پرنسیپی پەیوەندی نێوەنەتەوەییەکان و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە گرنگێتی گەورەی پێدەدرێت. بۆ نموونە کاتێک ھێزێکی گەورە دژ بە ھێزێکی بچووک دەجەنگێ و چەکی ھێندە قورس بەکاردەھێنێت کە لەو جەنگەدا ھیچ پاساوێکی بەکارھێنانیان نییە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە ناڕەوا دەبینرێت. یاخود کاتێک پۆلیس لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا زیادەڕەویی دەکات و بە شێوەیەکی نایاسایی توندوتیژی بەکاردەھێنێت. ئەمانە دیارە ھەموو شەڕی یاسایین، ئێمەش لێرەدا مەبەستمان نییە درێژەی پێبدەین، ئەوەی گرنگە ئەو پرنسیپەی سەرەوەیە کە دەسەڵاتی دیموکراسی کاری پێدەکات و ڕێزیدەگرێت. وەڵامی ھێزەکانی پارتی، وەکو دەسەڵاتێکی زەبەلاح، وەڵامێکی کوێرانە و دڵڕەقانەی ھێزێکی پڕ چەک بوو دژ بە ھێزێکی مەدەنی کە تەنھا بەردی پێبوو. جارێ سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوونبکەینەوە کە چەک و حیزبی مەدەنییان نەگوتوە، بارەگای حیزبی چەکدار و دەوڵەتی یاسایان نەگوتوە، حیزب و تەمێکردنی خۆپیشاندەرانیان نەگوتوە. سەرجەمی ئەم ئەرکانە ئەرکی پۆلیسن، کەچی لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە وەزیفەی حیزب و دەزگای پاراستن و ئاساییشەکانی. ئەمە تەنھا لە فەرھەنگی سوڵتانییەتی سیاسیی حوکمڕانی کوردیدا دەتوانین جێگای بکەینەوە. بەبێ کۆتاییھێنانیش بەم مۆدێلە لە حیزبایەتی و لە دابەشکردنی ڕۆڵ و کار نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین کە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتەوە بەرەوە کارەساتی تر و خراپتر نەڕوات. ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتیی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو ھەموو کێشەیەی لە کوردستاندا ھەیە.

حیزب وەکو مەعەسکەر

بارەگاکانی حیزبی کوردی کاراکتەری مەعەسکەریان ھەیە، نەک تەنھا لەبەرئەوەی کە ئەندامەکانی چەکدارن و ھەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریی و ھێرشکردن، بەڵکو لەبەرئەوەی جەوھەری ئەم پێکھاتەیە لە ھەموو عەقڵییەتێکی مەدەنی داماڵراوە. چ حیزبێکی مەدەنی لە دونیادا جورئەتی ئەوەی ھەیە بە ڕایگشتی بڵێت ”ئەوەی پەلاماری بارەگاکانمان بدات، دەستی دەبڕینەوە“، ئەمە لە کاتێکیشدا کە ھەموو دەزگا بەناو شەرعییەکانی حکومەت لەژێر ڕکێفی خۆیدابێت. چ سیاسەتمەدارێکی دیموکرات دەدۆزیتەوە جورئەتی ئەوەی ھەبێت خۆی یاسا و ڕێسا بۆ شەرعییەتی تەقەکردن دابنێت و پێمان بڵێت: ئەی چەکدارەکانمان چیبکەن، چاوەرێبکەن تاوەکو خۆپیشاندەران دەیانکوژن! ئێمە نازانین ئەم درۆ گەورەیە تا کەی کە باس لە سەروەریی یاسا دەکات. ھەر حیزبێک بیەوێت دەستی خەڵک ببڕێتەوە لەوەدەکەوێت حیزبێکی سیاسی و مەدەنی بێت و دەبێتە ھێزێکی مافیایی بەربەریی. کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، بانگەشەی ئەوە دەکات شەرعییەتی سیاسی ھەیە چونکی لەڕێگای بەشێوەی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە، بەڵام خۆی بخاتە ئاستی بکوژێک و بڕیاری تەقەکردن بە مەبەستی کوشتن دژ بە مناڵێکی شانزە ساڵان دەربکات، چ شەرعییەتێکی بۆ دەمێنێتەوە؟

حیزب وەکو ھەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

دەسەڵاتدارانی ئەم دوو حیزبە ساڵانێک قەناعەتیان بە شەقامی کوردیی ھێنابوو کە مەترسیی گەورە لەسەر ”ئەزموونە ساواکەیان“ ھەیە، لە ھەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و چواردەوریان بە دوژمن تەنراوە، بۆیە خەڵکی دەبێت دەستبەرداری رەخنەگرتن و چاوەڕوانی چاکسازیی بن و سیاسەتی ئەم دەسەڵاتدارێتییە "حیزبزادە"یە نەخەنە ژێر پرسیارەوە. دوای نۆزدە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم ئەزموونەدا، گفتوگۆی ناو ڕایگشتی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت ئەوەی مەترسی لەسەر ئاساییشی کوردستان دروستکردووە خودی سیاسەت و کارکردن و بیرکردنەوەی ئەم دوو پارتەن، نەک خواستی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەورەکردنی سنوورەکانی ئازادی و دادپەروەیی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی. پارتی و یەکێتی ساڵانێکە لە ھەوڵی ئەوەدان ھەموو دەنگێکی ئازاد بە پاساوی ئەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەزموونی کوردیی گەورەن، بخنکێنن. ڕاستییەک ھەیە کە دەبێت باسی بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ھۆشمەندیی و بەرپرسیارێتی تاکی ئێمە بەرامبەر ئەم مێژووە و ئەم ئەزموونەی کە ھەموو بەشدارن لە دروستکردنیدا، وایکردووە ھۆشمەندانە دەستبەرداری بڕێکی زۆر لە ڕەخنە ڕیشەییەکانی بێت و بۆ چەندین ساڵ لە کەموکورتییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە حیزبییە چاوبپۆشێت. بەڵام تێپەڕبوونی نۆزدە ساڵ و گەیشتن بەم قۆناغە پڕتەنگەژەیە ئەو ھەستەی لای گەنجان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردوە کە ئینسانی کوردی خەریکە لەپێناوی ئەم چەمکی ئاساییشەدا ئازادییەکانیشی لەدەستدەدات. ئەم مەسەلەی ئاسایشە بووە بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بەو سیاسەت و ئاکارانەی دونیای ئێمەیان لێوانلێوکردوە لە بێدادیی و گەندەڵیی و ڕق. ئەم دۆخەش ھەستێکی دەستەجەمعیی لای خەڵک دروستکردوە کە مەسەلەکە پەیوەندی بە پرۆسەی بەگەمژەکردنێکی بەئەنقەستی خەڵکەوە ھەیە. چونکە ناڕەوایە تۆ باسی سەروەریی یاسا و پاراستنی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن و دیالۆگ بکەیت، بەڵام لەسەر شەقامەکانی سلێمانی بەبەرچاوی پۆلیسی شارەکە و ڕاگەیاندنی کوردیی و ناوچەیی و جیھانییەوە گوللەبارانی خۆپیشاندەران بکەیت. دوای ئەوەش ئەو پاساو و بەیاننامانە دەربکەیت کە دۆخەکە ئاڵۆزتر و کێشەکان گەورەتر و سەختتر دەکەنەوە 
 
پارتی و یەکێتی دونیایەکیان دروستکردوە تییایدا چەمکی ”ئاساییشی نەتەوەیی“ بۆتە گەورەترین درۆی سیاسیی خۆماڵیی کە ئەم دوو حیزبە بۆ دەمکوتکردنی ھەموو ڕەخنەیەکی جیدی و دڵسۆزانە دایانھێناوە. ئەم ئەفسانەیە کاتێک دەبێت بە نوکتەیەکی سیاسی کە پاش دەرچوونی بەیاننامەیەک لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵات دەکەوێتە ھەلەکەسەمای سەربازیی و ڕووی لوولەی دەبابە و تۆپەکانی دەکاتە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن. قسەیەک ھەیە دەڵێت: ھەموو ھەڵەیەک کاتێک ئەوانی تر بیکەن گەلێک گەمژانە دێتە بەر چاو. دەسەڵات بەیاننامەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بە ھەڵەیەکی سیاسی لەقەڵەمدەدا، تا ئێرە ھەقی خۆیەتی و دەتوانێت شەڕی ئەرگومێنێت بە ئەرگومێنت بکات، بەڵام کە لە شەڕی ئارگومێنتەوە بوو بە کردەی لەشکرکێشی و ڕۆچوونە ناو زمان و ڕێزمانی شەڕی ناوخۆەوە، کە بووە بە ئامرازێک بۆ ترساندنی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگای کوردی، ئیدی تەماشاکردنی ئەم کردەیەی دەسەڵات لە دیدێکی بێلایەنەوە دەبێت بە گەمژەییەکی سیاسی گەورە. گەمژەییەک کە شایانی لێبوردن نییە. ھەر ئەم نماییشە ھەڕەشەئامێزەش بوو کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی ١٧ی مانگدا بوو بە واقیع، کە لە کوشتن و بریندارکردنی گەنجان لە سلێمانی و سووتاندنی باره‌گاکانی گۆڕاندا لە ھەولێر و سۆران بەرجەستەبوو
 
بنیامین فرانکلین، ئابووریناس و سیاسەتمەداری ئەمریکی دەڵێت: ئەوەی لەپێناوی ئاساییشدا دەستبەرداری ئازادی بێت، لەکۆتاییدا ھەردووکیان لەدەستدەدا. ئەم دۆخەی ئێستای دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی بەرھەمیانھێناوە دەقاودەق بەرجەستەبوونی ئەم بۆچوونەیە 
 
ئێمە لەمڕۆدا سەروکارمان لەگەڵ سیستەمێکی سیاسیدا ھەیە کە کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی و لەناو خۆیدا ھەیە. ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە کوردییە سوڵتانییەتێکی سیاسی بەرھەمھێناوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بووبوو بە بار بەسەر کۆمەڵگاوە، لە قۆناغی ئێستاشدا بووە بە بار بەسەر خۆیەوە. ئەم سیستەمە، دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسییە کە خۆی ڕێگرە لەبەر دەم ھەموو چاکسازییەکی خۆی و لە دوادەرئەنجامیشدا خۆی دەبێت بە چاڵھەڵکەنی گۆڕی خۆی. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی ناتوانێت بەبێ پەلاماردانی کۆمەڵگا بژی، چونکە ئەوەی دەیکات و دەیڵێت و بیریلێدەکاتەوە دژ بە قازانج و ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگایە. ئەمڕۆ مردنی ئەم مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە لە ھەموو ناوچەکەدا دەبینین


دەبێت چی ڕووبدات؟ داوای چیبکرێت؟

بەبۆچونی من دەبێت ئەم چەند خاڵە زۆر بە جدی داوابکرێن

١- ھەڵوەشاندنەوەی جیھازی ئیداری و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەڕێگای پاککردنەوەی لەو کادەر حیزبییانەی کە دەسەڵاتی حیزب لەناو پۆستە ئیدارییەکاندا دایناون

٢- ھەڵوەشاندنەوەی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمایەکی ناحیزبی و لەسەر بنەمای لێزانی و شارەزایی

٣- ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی ئیعلامی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای نەمھێشتنی ئیعلامی حیزبی بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە

٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ئابوری و سیاسەتدا دروستکراوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەجۆرێک کاریگەرییە شێوێنەرەکانی سیاسەت لەسەر ئابوری لاببرێت

٥-جەنگێکی تەواو لەگەڵ گەندەڵیدا

٦- نەھێشتنی ڕۆڵی بۆ مەکتەبی سیاسی حیزبەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا

مەریوان وریا قانیع
٢٥-٢-٢٠١١

Thursday 24 February 2011

پارتی دیموکراتی کوردوستان ھەڵە بە ھەڵە چارەسەردەکات

24 February 2011

ھەموو ئەو ھەواڵانەی لە ھەولێرەوە دێن باس لەوە دەکەن پارتی خەریکە ھەولێر لە شار و ناوچەکانی تری کوردوستان دادەبڕێت، پارتی دەیەوێت ھەولێر بخاتە ناو قوتەیەکی داخراوەوە و لە شوێنێکا ھەڵیگرێت تا ئەو کاتەی پێیوایە دۆخەکە بەو شێوەیە ھێمن بۆتەوە کە پارتی تیایدا ھیچ زیانێکی سیاسی و مەعنەوی پێنەکەوێت. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتەش پارتی ئەو ڕێگایانەی ھەولێر بە شارەکانی ترەوە گرێدەدات پڕ کردوە لە بازگە و ھێزی سەربازی و سەفەری خەڵکی لەدەرەوەی ھەولێرەوە بۆ ناو ھەولێر یاساغکردوە. ھاوکات لەناو شاری ھەولێردا خەریکی ئەوەیە ئەوانەی خەڵکی ھەولێر نین، بەتایبەتی خوێندکاران، لەشارەکە دەربکات. بەمەش پارتی بە عەمەلی ھەولێر لە شار و ناوچەکانی کوردوستان جیادەکاتەوە و وەک موڵکی تایبەتی خۆی ماڵەی دەکات.
 
ئەم عەقڵیەتە کە ھەوڵی دابڕانی شارێک لە شارەکانی دەوروبەری و لە دونیا دەدات، ڕێک عەقڵیەتی ئەو پادشا و میر و سوڵتانە کۆنانەمان بیردەخاتەوە کە دیواری گەورەیان بە دەوری شارەکانی خۆیاندا دروستدەکرد، بە نیازی پاراستنیان لە ھەڕەشەی دەرەکی. بەڵام ھەر مێژووی ئەو پادشا و میر و سوڵتانانە پێماندەڵێن شارێک بۆئەوەی بپارێزرێت، دروستکردنی دیوار و قەڵا و پەرژینی قایم نایپارێزێت، تەنینی بە ھێزی سەربازی چارەسەر نییە، بەڵکو باوەڕ و متمانە و دڵسۆزی دانیشتوانەکەی دەیاپرێزێت، ئامادەیی خەڵکەکەی بۆ بەرگریکردن و بۆ پاراستنی دەیپارێزێت. وەکچۆن بڕێکی زۆری پادشا و سوڵتان و میرەکانی سەدەی ناوەڕاست بەھەڵەدا چوودابوون، پارتیش بەم عەقڵیەت و سیاسەتەی ئەمڕۆیەوە بەھەڵەیەکی گەوەردا چووە. ھەولێر ئەمڕۆش بەو ڕۆحیەتە ئەمنی و سەربازی و حیزبییە تەسکە ”بپارێزرێت“، سبەینێ بەو شێوەیە ناپارێزرێت، درەنگ یان زوو ئەم شارە دەبێتە بەشێکی ئۆرگانی ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەفسییەی تێیدادەژین.
ئەم کارەی پارتی بەزۆر شت ناکۆکە، لەپێش ھەمووانیشەوە بە لۆژیکی سەردەمەکە کە سەردەمی سڕینەوەی سنوورەکان و بچووکبوونەوەی دونیایە، ھەرەوەھا ناکۆکە بە لۆژیکی سیاسەتێک لانی ھەرە کەمی بیرکردنەوە و حیکمەتی سیاسی تێدابێت. پارتی لەباتی ئەوەی لەڕێگای کەناڵەکانی پەویەندییەوە بە کۆمەڵگاوە دان بەوەدا بنێت کە ئەزموونی سیاسی ھەرێم کێشە و گرفتی ھێجگار قوڵی تێدایە، لەباتی ئەوەی لەوەبدوێت ھەڵە بە ھەڵە و خراپە بە خراپتر چاککراوەتەوە، لەباتی ئەوەی بە ئاشکرا دان بەوەدابنێت وڵات بەشێوەیەکی دیوەخان ئاسا بەڕێوەبراوە و بەڕێوەدەبەرێت، لەباتی ئەوەی پلانی ڕاستەقینەی چاکسازی سیاسی و ئیداری و ئابوری پێشنیاربکات، لەباتی ئەوەی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی گەندەڵی نیشانبدات، بە ئاشکرا بڵێت و بەعەمەلی کار بۆئەوەبکات کە چیدی ناھێڵن حیزب دەستبخاتە ناو ژیانی ئیداری و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و دینییەوە، لەباتی ئەوەی بە ئۆرگانی خوێندکاران و مامۆستایان و ئەواینتر بڵێت دەستنەخنە ناو ژیانی زانکۆ و ناوەندەکانی تری خوێنندنەوە و ھەموو ئەو ئیمتیازاتە حیزبییانە بسڕێتەوە کە بە کەسانی سەر بە پارتی لەناو ئۆرگان و دەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگادا دراون، واز لە سیاسەتی بە پارتیکردنێکی بەزۆری کۆمەڵگا بھێنن، لەباتی ئەوەی شەقامەکانی پایتەخت واڵابکات بۆئەوانەی ناڕەزایاتییان ھەیە و دەیانەوێت تەعبیر لە ناڕەزاییەتییەکانیان بکەن، دەڵێم لەباتی ھەموو ئەم شتانە و دەیان شتی تری لەوبابەتە، کەچی پەنا بۆ خراپترین و ناھەموارترین ئامراز دەبات: ەبکارھێنانی ھێز و چەک و ترساندن و ھەڕەشە.
ئەزموونی ناڕەزایەتی لە شارەکانی تری کوردوستان و لە ناوچەکە و لە مێژووشدا نیشانیداوین، ھیچ ناڕازایتییەکی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی گەر ناڕەزاییەتیەکی قوڵ و فرەلایەن بێت وەک ئەوەی لە کوردوستاندا ھەیە، بە ترساندن و فشار و ھەڕەشەکردن چارەسەرناکرێت، بە ناردنی ھێزی سەربازی بۆ سەر شەقام و گۆڕەپانەکان ناوەستێت، بەوە نابێت لەھەر شوێنێکدا چەند کەسێک کۆبوونەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەکی ئاسایش بچێتە سەریان و بڵاوەیان پێبکات. بەر لە پارتی بەعس و ھاوشێوەکانی ھەموو ئەم ئامراز و تەکتیکەیان بەکارھێنا، بەڵام ئەنجامەکانی لەھیچ شوێنێکی دونیادا سەرکەوتوونەبوو. ئەمانە خراپترین و نابەرپرسیارترین ئارمراز و شێوازی وەڵامدانەوەی ناڕەزایی کۆمەڵایەتین. ئەمانە توڕەیی و ناڕەزاییەکان گەورەتر و قوڵتر دەکات و ھێمنیان ناکاتەوە، پشێوی و نائارامی ڕق زیاددەکات و لانیکەمی متمانەی کۆمەڵایەتی ناگەڕێنێتەوە. وەڵامی ڕاستەقینە بە ناڕەزایی کۆمەڵایەتییە بریتییە لە بنەبڕکردنی ڕەگوڕیشەکانی دروستبوونی ئەو ناڕەزاییانە، نەک نکوڵیلێکردن و تاوانبارکردنیان بە گێرەشوێنێ. پارتی ئەمڕۆ لەبەردەمی ھەڵبژاردنێکی گەورە و چارەنووسسازدایە: یان ئەوەتا خوێنی زیاتر و زیاتر دەڕێژێت و بەمەش وێنە و ئاکاری خۆی زۆر ناشیرینتر دەکات لەوەی لە ئێستادا ھەیە و خەڵکی کوردوستان دەکاتە دوژمنێکی سەرسەختی خۆی، یان ئەوەتە گوێدەگرێت و ئامادەیی ڕاستەقینەی خۆی نیشانئەدات بۆ چاکسازی ڕیشەیی. بەمەش کوردوستان دەشێت سەرەتایەکی نوێ دەسپێبکات.
وازھێنان لە عەقڵیەتی سەربازی و لە وەڵامدانەوەی ئەمنی بە کێشەکانی ئەمڕۆکەی کوردوستان، سەرەتای ھەموو سەرەتاکانە. ھەولێر بەوە ناپارێزرێت لە دونیای دەوروبەری داببڕرێت.

پەیامی ئەمڕۆی کاک ئاراس فەتاح و کاک بەختیار عەلی و من بۆ خۆپیشاندەرانی کوردوستان

23 February 2011

خۆشەویستان،

سەرەتا حەزدەکەین پێتان ڕابگەێنین، کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەزووترین کات هەموومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان بە هاوڕێتان دەزانین... دەزانین ئێوە چ ڕۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە ڕابوردووی خۆتان... بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبوونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم ڕاپەڕینی کردوە... بەڵام دەرەنجامی هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە ئەوە بووە کە ئەمڕۆ دەیبینن، دونیایەک کە پڕە لە ناهەقی و کۆمەڵگایەک کە مایەی توڕەیی ئێوەیە. دەبێت هەر یەکێ لە ئێوە لە خۆتان بپرسێت: بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی تر بە نوشوست و ناشیرینی تەواو بوون. بەبڕوای ئێمە یەکێک لە هۆ هەرە گەورەکانی نەبوونی لێبوردن و قەبووڵ نەکردنی ئەوی ترە. ئەوەی لە ڕۆژی 17 ی شوباتدا تەقەی لە ئێوەکرد، کەسێکە فێرنەبووە ئەوی تر قەبووڵبکات، سەرکردەکانی فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەییان نەکردوە... ئەوانە لە ماناکانی ئازادیی تێناگەن... جا گەر ئێوەش وەک ئەوان خاوەنی لێبوردەیی و خۆشەویستی نەبن، ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی نەگرن، جیاوازییەک لە نێوان بکوژ و کوژراو و زوڵمکەر و زوڵم لێکراودا نامێنێتەوە... ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەدا بە ناوی میللەتەوە پێڵاو دەگرنە خەڵک، دەشێت ئەو جۆرە لە شۆڕشگێڕ دروستبکەن کە لە پاشەڕۆژیشدا لە شوێنی دەسەڵاتەوە پێڵاودەگرنە میللەت... ئەو مرۆڤەی خەونی جوانیی هەیە، بە تەنیا خەون بۆ خۆی نابینێت، بەڵکو خەون بۆ نەیارەکانیشی دەبینێت... ئەوەی کە دەیەوێت دنیا باشبکات، دەبێت دونیا بۆ هەمووان باشبکات، ئەوانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی لە خۆی ناچن... ئەمڕۆ ئێوە پێویستیتان بە هاوپشتیی هەیە، پێویستە پەیامی خۆشەویستیتان بۆ هەموو ئینسانێک پێبێت، هەتا بۆ ئەوانەی لەگەڵتاندا نین، ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵک و جیاوازیی دەکوژن و ئازادی ڕادەربڕین پێشێلدەکەن، دۆستەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زۆردەکەن. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی دوژمن نییە، بەڵکو بە زیادکردنی دۆست. ئێوە بۆیە لەم مەیدانەن بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروستبکەن هیچ ئینسانێک پێڵاو و گوللە نەگرێتە خوشک و برای خۆی، بۆئەوەی نەفرەت لە توندوتیژیی بکەن، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک بونیادبنێن جیاوازی و ئازادی قەبووڵبکات... بۆئەوەی جیاوازیی نەبێت بە دوژمنایەتیی، بەڵکو ببێت بە هەمەڕەنگیی ... ئەوکاتە ئێوە گەورەن و هەموومان شانازیتان پێوەدەکەین کە باوەش بۆ ئازادی و لێبوردن و خۆشەویستی بکەنەوە. سلێمانی ئەوکاتە جوانە کە جێگای هەموو ڕەنگ و هەموو دەنگێکی تێدا ببێتەوە... کوشتنی ڕای تر و ڕق و کینە و بوغز و توندڕەوی کۆمەڵێک نەخۆشین وەکو گەندەڵی پیس و ناشیرینن. ڕق باوکی گەندەڵی و تۆڵە دایکێتی... سلێمانی دەبێت بە شارێکی ناشیرین گەر جێگای هەموو هەمەڕەنگییەکی سیاسی تێدا نەبێتەوە... دەبێت بە شارێکی ناشیرین هەتا گەر یەک ئینسانیش هەبێت هەستبکات کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و هەستبکات دەرکراوە. سلێمانی دەبێت بەشارێکی تەنھا گەر ئێمە ھەر خۆمان قبوڵبێت. ئێوە بۆیە لێرەن، چونکە هەستدەکەن لەم کۆمەڵگایە دەرکراون، نەوەک بتانەوێت کەس لەم کۆمەڵگایە دەربکەن. ئێوە لێرەن چونکە دەستێکی بێڕەحم تۆڵەی لێکردونەتەوە و مافی بردون، نەوەک لە بەرئەوەی دەتانەوێت تۆڵەبکەنەوە و مافی کەسانی تر زەوتبکەن... ئەوکاتەش هەموو کوردێک و هەموو کۆمەڵگا دەبێت بە پشت و پەناتان کە نوێنەری هەموو ڕەنگێک بن و بتانەوێت ماف بۆ ئەوانە بگێڕنەوە کە تا ئێستا جێگایان نەبۆتەوە... داوای چاکسازی، داوای داماڵینی چەک، داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، داوای دیموکراسییەتێکی ڕاستەوخۆ، داوای مۆنۆپۆڵ نەکردنی دەسەڵات، داوای ئابوورییەکی شەفاف، داوای هەڕەشەنەکردن بە جەنگی ناوخۆیی، داوای دوورخستەنەوەی چەک و پارە لە سیاسەت، ئەوانەن ئامانجی ئێوەن... کە ئامانجی گەورەن و پێویستی بە کۆمەکی هەموو ئینسانێکی دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە هەیە ... ئێوە دەبێت بە جۆرێکی ئاشتتیخوازانە هێز بۆ ئەم خەونە گەورەیە کۆبکەنەوە، نەوەک ڕق بڕوێنن... ئەم خەونە ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی بە ووزەی هەموومان هەیە، لە قوتابییەکەوە تا مامۆستایەکی زانکۆ، لە کەیبانوویەکی بێئیشەوە تا پێشمەرگەیەک ... ئێوە دەبێت هەوڵبدەن هەموو ئینسانێک، جا بیرکردنەوەی سیاسی هەرچۆنێک بێت، لە پاڵتاندا بوەستێت، کەس هەست نەکات ئەم سەرایەی ئێوە، سەرای ئازادی ئەو نییە. ئێوە لێرەوە دەبێت بەوانە بڵێن کە تەقەیان لێکردن، وەرن و لێرەوە لێمانەوە فێربن و لەگەڵماندا لە گوناهتان پاکببنەوە. برایان لەدڵیشەوە داوادەکەین خوشک و خێزانەکانتان بابێنە ئەم مەیدانەو لەگەڵتاندا خەون ببین، ناکرێت مرۆڤ بیەوێت دونیا بگۆڕێت و خوشکەکەی خۆی لە ماڵەوە شاردبێتەوە، ئەم ڕاپەڕینە دەبێتە ڕاپەڕینێکی تەنھا و ناشیرین گەر نەتوانێت ژیان و شوێن و مانای ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بگۆرێت... دەبێت بە نمایشێکی پیاوانەی ڕووت گەر نەتوانێت هەڵگری ئومێدی دایک و خوشک و کەیبانوو و خانمەکان بێت... شتێک نییە ناوی ئازادی بێت، بێئامادەبوونی ئافرەتانیش ...

با ئەم بزوتنەوەیەی ئێوە ناوبنێن، شۆڕشی ڕێز و خەون... ڕێزی هەموو جیاوازییەک و خەونی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ گەنجان و منداڵەکانمان. ئێوە دەبێت ئەو هێزەبن کە جوانیی و خۆشەویستیی نیشتیمان بۆ ژیانی سیاسیی دەگێڕنەوە، نەوەک زمانی گوللە و مەنتیقی پێڵاو و وشەگەلێک کە کەرامەتی ئینسانەکان برینداردەکات، کۆمەڵگای ئێمە پرە لە مەنتیقی پێڵاو و گوللە، لەوە زیاتر پێڵاو و گوللەمان ناوێت، پێڵاوەکان لەدەست پێڵاوھاوێژەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە گوڵیان بدەنێ... تفەنگەکان لەدەست چەکدارەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە شیعر و گۆڕانییان بەنێ، کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە توندوتیژیی، پڕە لە ڕق، لەوە زیاتر کینەمان ناوێت، دوژمنی گەورەی ئێوە ئەوانەن کە فێری توندڕەوی و ڕقتان دەکەن....

بزانن هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، ھەر ڕاپەڕینێک، ھەر شۆڕشێک بە لێبوردن و قبوڵکردنی جیاوازیی دەستپێنەکات، بە کوشتنی ئازادیی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت...

جارێکی تر خۆشەویستی و پشتیوانیی ئێمە بۆ ئێوە.


لەگەڵ ڕێز و سڵاوی بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا بۆ ھەموو ئامادەبووانی سەرای ئازادی


ئەم پەیامە ئەمڕۆ، چوارشەممە، ٢٣ی فێبریوەری ٢٠١١ لە لایەن ھاوڕێی ئازیزمان ڕێبین ھەردییەوە خوێندرایەوە.

باوکی ڕێژوان: دڵشکاوترین پیاوی دونیا

23 February 2011

مەریوان وریا قانیع

ڕەنگە ئەمڕۆ وەستا عەلی، باوکی ڕێژوان، دڵشکاوترین پیاوی سەر ئەم ستێرەیەی ئێمەبێت. ھەست شکاوترین و ویژدان شکاوترین و ڕۆح شکاوترین بوونەوەر. ئەمڕۆ وەستا عەلی لە ڕیزی ھەرەپێشەوەی ئەو ئینسانانەی مێژوودایە کە ناھەقیان بەرامبەر کراوە. کەس ھەلی بەم باوکە بریندارە نەبەخشی بەھێمنی خەمی مردنی کوەڕەکەی بژی، نەیانھێشت بەسەر پەژارەکانیدا بچەمێتەوە و تەماشای دڵی شکاوی باوکانەی خۆی بکات. نەیانھێشت خەمباربوونی پیس نەبێت.
ئەم پیاوە دڵ و ڕۆح شکاوە ھەر زوو برایە بەر شاشەی تەلەفیزۆنەکان و کرا بە ریکڵام بۆ حیزب و بۆ ئەو سەرۆکە بێباکەی نیشتیمانەکەی ئاگردەگرێت، کەچی ئەو لە چاوەڕوانی خەڵاتێکدا لەدووری ھەزاران ھەزار کیلۆمەترەوە کات بەسەردەبات. ھەرزوو کرا بە ڕیکلام بۆ ئەو سیاسییە نەخوێندەوار و درۆزن و بێوژدانانەی تاقە ھونەرێک بیزانن ھونەری تەرجەمەکردنی برینداربوون و دڵشکانی خەڵکە بۆ قازانجی سیاسی خۆیان. ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی ئەوەبوو واز لەم پیاوە دڵشکاوە بھێنێرت، کاتی ئەوەی پێببەخشرێت وەک باوکێک لەناوەوە بۆ کوڕەکەی بگری، بەھێمنی ماڵئاوایی لە شەھیدێکی شازدەساڵان بکات، کتێب و دەفتەر و قەڵەمە بەجێماوەکانی، جانتاکەی، پانتۆڵ و کراسە قەدکراو و قەدنەکراوەکانی، سەرلەنوێ ڕێکبخات. دەبوایە کاتی ئەوە بەم باوکە دڵشکاوە ببەخشرێت لە شوێنپەنجەی جێماوی کوڕەکەی بەسەر دەرگاو پەنجەرە و دیواری ژوەرەکانەوە ڕامێنێ، بۆنی گەرمی ھەناسەکەی و گەرمی لەشی بە پێخەفەکانەوە بکات. کەمەکێک لە وێنەی ناو ئەلبومەکەی ڕامێنێت.
 
بەڵام نەیانھێشت، ھەرزوو وەستا عەلی خرایە ناو گەمە سیاسییە قێزەون و ناشیرینیەکانی کوردوستانەوە، ھەرزوو پێ بەسەر دڵشکان و برینداربوونی باوکانە و ئینسانیانەیدا درا.
ھاونیشتمانیانی ئازیز، کواڕان و کچانی گەنجی سەر شەقامە توڕەکانی کوردوستان، ئەم پیاوە دڵشکاوە پێویستی بەوەیە ڕێز لە خەمباربوونی بگیرێت، نرخ بۆ ڕۆحی برینداری دابنرێت، ڕێز لە سادەیی و لە پاکیی کوردبوونی بگیرێت، خەم لە ئینسانبوونی فەرامۆشکراوی بخورێت. ئەگەر چەکدارانی حیزب کوڕەکەیان کوشتبێت، تەلەفیزۆنەکانی حیزب ھەستی باوکایەتییان کردبێت بە مەدحێک بۆ خۆیان، نابێت گەنجانی سەر شەقامە توڕەکانی کوردوستان ئینسانبوونی بکوژن. ھەموو ئەوانەی لەناو میدیا و تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە قسە بەو باوکە بریندارە دەڵێن، تاوانێک دەکەن کەمتر نییە لە تاوانی چەکدار و تەلەفیزۆنەکانی حیزب. من بەڕادەیەک ئەم تاوانانە گەورە دەبینم، واھەستدەکەم ئایندەی ئینسانی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمڕۆ مێژووی ئێمە دەجوڵێنێت، پابەستی ئاشتکردنەوەی باوکی ڕێژوان و ڕێزدانانە بۆ خەم و بەدەمەوەچوونی ئینسانبوونییەتی.

مەریوان وریا قانیع
٢٣-٢-٢٠١١
ئەمستردام

بۆ دەبێت خۆپیشاندانەکان نەوەستن؟

22 February 2011

مەریوان وریا قانیع

با جارێکی تریش لەو ڕاستییەوە دەستپێبکەم کە دەسەڵاتی کوردی لە جنسی ئەو دەسەڵاتانەیە کە گوێناگرێت، گوێشبگرێت بەبێ ئامادەگی فشارێکی بەردەوام ئامادە نییە ھیچ ھەنگاوێک بنێت. ئەزمونی کۆمەڵگای ئێمە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا ئەو ڕاستییە سادەییەی فێری ھەموو مناڵێکی کوردوستان کردوە. ئەم دەسەڵاتە، وەک زۆربەی دەسەڵاتە نالەبارەکانی دونیا، نایەوێت ئەوەی دروستیکردوە بگۆڕێت، نایەوێت بە ھەڵە و کورتھێنان و خراپەکارییەکانی خۆیدا بچێتەوە. ھەندێکجاریش لەژێر ھەندێک فشاردا نابەدڵ دان بەم یان بەو کەموکوڕیدا دەنێن، بەڵام بە کردەوە شتێکی نەکردوە ھێما بۆ سەرەتایەکی شەرمنی چاکسازیش بکات. لەمەش بترازێت ئەم دەسەڵاتە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو دەزگایانە کە دروستیکردن و گوایە ئەرکی ئەوەیان ھەیە لە دەسەڵات بپرسنەوە و ناچاریکەن چاکسازی بکات، ئیفلیج و پەکخستوە. بۆیە مەسەلەی بوونی فشارێکی بەردەوام لەناو کۆمەڵگاوە لەسەر ئەم دەسەڵاتە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، ھەنگاوی یەکەمی ناچارکردنی دەسەڵاتە بە چاکسازی. لەم دیدگایەوە مانەوەی خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان و ڕێگرتن لە کوژاندنەوەیان، ئەرکی ھەموو کەسێکی دیموکراس و دادپەروەرە و ئازادیخوازە. ئەرکی ھەموو کەسێکە کە دەزانێت ناکرێت ئەوەی لە کوردوستاندا دروستکراوە نەگۆڕێت و بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە.
 
مۆدێلە سوڵتانییەکەی حوکمڕانی لە کوردوستاندا چەندەھا کێشەی قووڵ و فرەلایەنی ھەیە، لەڕاستیدا ئەم دەسەڵاتدارێتییە ھێندە کێشەی ناوەکی بۆ خۆی دروستکردوە، گۆڕان و چاکسازیکردنی ھێجگار زەحمەت و ناقۆڵا کردوە. ھەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی ئەم دەسەڵاتدارییەی لەسەربەندە خوار و ناڕێک و سەقەتن. لەشکرێکیش لە کەسانی خاوەن قازانجی تایبەتیان دروستکردوە بەھەموو شێوەیەک بەرگری لە مانەوەی ئەم مۆدێلە دەکەن. بە مانایەکی تر کێشەی ئەم مۆدێلە بوونی گەندەڵییەک لێرە و خراپەکارییەک لەوێ نییە بە تەنھا، بەڵکو کێشەکەی ھەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەیە کە دەسەڵاتدارێتییەکەی لەسەر بیناکراوە. ئەگەرچی ھەم من و ھەم چەندان نووسەر و ڕۆشنبیری تر، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، باس و خواسێکی زۆر و بەرفراونمان لەسەر کێشە گەورەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە نووسیوە، بەشێکیش لەم باسکردنانە ئەمڕۆکە بوونەتە بابەتی سەر زاری زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردوستان و تەنانەت ھی ھەندێک لە سەرانی ناو دەسەڵاتیش خۆی، کەچی ھاوکات ھیچ ھەوڵێکی ڕاستەقینە نابینین بەئاراستەی چاکسازیی کردن لە تەوەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتیدا.
من لێرەدا جارێکی دیکە و زۆر بە کورتی تەوەرەی کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە وەبیر خوێنەران و دەسەڵاتداران دەھێنمەوە، بەو ھیوایەی ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ پیادەکردنی چاکسازییەکی ڕاستەقینە لە کوردوستاندا.

یەکەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان حیزب و کۆمەڵگادا.
یەکێک لە خراپترین و ناشیرینترین دەرکەوتەکانی ئەزموونی سیساسی لە کوردوستاندا ئەو بە حیزبیکردنە بەرفراوانەی کۆمەڵگایە. ئەو دەستبردنەی حیزبە بۆ ھەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەو خۆخزاندنە ترسناکەیە بۆ ناو ژیانی زیاد لە ھێزێکی کۆمەڵایەتی، لەوانە بۆ نموونە: ژیانی خوێندکاران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و کاسبکاران و فەرمنابەران و خاوەن پیشەکان و زۆری تر. ئەم مۆدێلە حیزبییە تەنھا حیزبی نەکردۆتە بوونەوەرێکی فوتێکراو و ھەڵئاوساو کە بڕێکی زۆری بودجەی وڵات دەخوات، بەڵکو لەمە ترسناکتر ئەوەیە دۆخێکی دروستکردوە ئەوەی لەدەرەوەی حیزبدابێت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە ھاوڵاتی پلە دوو. ببێت بە ھاوڵاتییەک کە نەتوانێت تەنانەت لەناو کۆمەڵگادا ئازادانە کاربکات، یان گەر کاریشی کرد نەتوانێت لەبەردەم زەبەلاحی ئۆرگانە حیزبییەکانی ناو کۆمەڵگادا کاریگەرییەکی ھەبێت. ب کورتی بڕێکی گەورەی ئینسانی ئێمەی کردوە بە ئینسانی بێماف و بێبەرپرسیارییەت. بۆیە ئەوەی پێویستی بە گۆڕین ھەیە، کۆتاییھێنانە بەم مۆدێلە حیزبییە، لانیکەم کۆتاییھێنانە بەو شێوازە نالەبارەی پەیوەندییەی نێوان حیزب و کۆمەڵگا. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە: ھەڵوەشاندنەوە و لابردنی بڕی ھەرەزۆری ئەو مقەڕ و ناوەندە حیزبییانەی پانتاییەکی زۆری شارەکانی کوردوستانیان گرتوە، ھاوکات بڕین و لابردنی ھەموو ئەو ئیمتیازانەی دراونەتە کەس و ئۆرگانە حیزبییەکان، ڕێگرتن لە حیزب کە ببێتە ھۆکارێک بۆ گەیشتن بە دەسکەوت و بەرزبوونەوەی وەزیفی و کۆمەڵایەتی.

دووھەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حیزب و دەوڵەتدا.
ڕەنگە کەم کێشە ھەبێت لە کوردوستاندا بە ئەندازەی کێشەی پەیوەندی نێوان حیزب و دەوڵەت گەورەبێت. ئەم پەیوەندییە بەجۆرێکە نەک تەنھا حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی تری ئیفلیجکردوە، بەڵکو لەدەرەوەی حوکمەت و پەرلەماندا بازنەیەکەی دەسەڵاتی دروستکردوە کە لەسەروی ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە: مەبەستم دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی حیزبییەکانە. ئەم کێشەیە یەک چارەسەری ھەیە، یان ئەوەتە ھەموو دەسەڵاتێک لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەسێندرێتەوە، یان ئەوەتا ئەندامانی ئەو مەکتەبە بچنە ناو دەزگاکانی حکومەت و ناو پەرلەمانەوە و لەوێوە کاری سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بکەن. بوونی مەکتەبەی سیاسییەکان بەو ھەموو دەسەڵاتەوە لەدەرەوەی حکومەت و پەرلەماندا دروستکردنی حکومەتە لەناو حکومەتدا.
کێشەیەکی تر ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا تەنھا خەریکی بەحیزبیکردنی حکومەت نەبوون، بەڵکو خەریکی بە حیزبیکردنێکی تەواوی دەزگاکانی دەوڵەتیش بوون. دەکرێت حیزبە براوەکانی ھەڵبژاردن حکومەت دروستبکەن، بەڵام ناکرێت ھەموو جیاھزی ئیداری و ھەموو دەزگاکانی دەوڵەت بکەنە دەزگای حیزبی، یان بە کەسانی حیزبی پڕبکرێنەوە. ئەوەی لە کوردوستاندا کراوە ئەوەیە بۆ ھەموو پۆستێکی ئیداری لە خوارترین پلەشدا کەسێکی حیزبی دانراوە و حیزب بووەتە دەروازەی دابەشکردنی پۆستە ئیداری و سیاسییەکانی ناو وڵات. ئەمڕۆ دەبینین لە سادەترین بەڕێوەبەری قوتابخانەوە تا بەڕێوەبەری دەزگا ئیدارییە گرنگەکانی وڵات، ھەموویان کەسانی حیزبین و بەدەگمەن نەبێت کەسێک نادۆزینەوە لەدەرەوەی حیزبدا پۆستێکی ئیداری گرنگی لە دەوڵەتدا وەرگرتبێت. جیھازی ئیداری لە کوردوستاندا تا بینەقاقای کراوە بە جیھازێکی حیزبی. ئەم دۆخە وایکردوە ھیچ یەکێک لە دەزگا گرنگەکانی وڵات نەتوانن کاری سەربەخۆی خۆیان بکەن، لە دەزگاکانی داوەرییەوە بیگرە بۆ دەزگای پەرلەمان و لەشکر و ھێزە سەربازی و ئاسایشییەکان. باوەڕناکەم لەھیچ شوێنێکی دونیادا دەزگاکانی حوکمڕانی بەگشتی و جیھازی ئیداری بەتایبەتی، بەم شێوەیە بە حیزبی کرابێت وەک لە کوردوستاندا کراوە و دەکرێت. بۆیە بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم جیھازە ئیدارییە و بەبێ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەسەر بنەمای نەھێشتنی فشار و کاریگەری حیزب لەسەری، ھەموو قسەکردنێک لە کوردوستاندا لەسەر چاکسازی قسەکردنێکی بێمانایە و جگە لە خەڵەتاندنی شتێکی دیکە نییە.

سێھەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی مەترسیدار لەنێوان حیزب و ئابوریدا.
ئەمەش کۆڵەیەکەی تری ھێجگا رخراپی ئەو سیستمی دەسەڵاتدارێتییە لە کوردوستاندا سەروەرکراوە. بوونی حیزب بە خاوەنی ئابوری و کۆمپانیای گەورە و لەوێشەوە دەستخستنە ناو کەرتە ئابورییە جیاوازەکانی وڵاتەوە، بەوجۆرەی لە کوردوستاندا ھەیە، ڕەچەتەی گۆڕانی دەسەڵاتدارێتییە بۆ حوکمی مافیا. لەم دۆخەدا ئەو کەسانەی کە حوکمدەکەن و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان بەدەستەوەیە، دەبنە ھەمان ئەو کەسانەی کە پرۆژە ئابورییە گەورەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. ئەمەش نەک تەنھا ڕێگا بۆ دروستبوونی گەندەڵی زۆر گەورە خۆشدەکات، بەڵکو دەبێتە ھۆی کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەناو چەند دەستێکی کەمدا و بنەمای حوکمێکی دیکاتۆتۆری دەسەڵاتگەر دەچەسپێنێت، لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج یان مۆدێلی موبارەک لە میسردا. چارەسەرکردنی گەندەڵی لە کوردوستاندا مەحاڵە گەر ئەم پەیوەندییە لەنێوان حیزب و ئابوریدا بنەبڕ نەکرێت. گەندەڵی لای ئێمە تەنھا ڕووداوێک نییە ڕێکەوت، یان بوونی ئەم یان ئەو تاکەکەسی گەندەڵکار دروستیکردبێت، بەڵکو سروشتی ئەو پەیوەندییە دروستیکردوە کە دەسەڵات و حیزب و سیاسەت بە ئابورییەوە گرێدەدات. واتە گەندەڵی بەشێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی سیستمەکە. بەبێ ڕزگارکردنی ئابوری کوردوستان بە گشتی و ئابوری نەوت بەتایبەتی لەدەستی حیزب و لە دەستی ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی ئامادەن، ھەموو چاکسازییەک دەبێتە گاڵتەی منداڵان.

چوارەم: دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکراو.
ھیچ ڕەھەندێکی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی لە کوردوستاندا بەقەد ڕەھەندە میدیاییەکەی ناشیرین نییە. دەسەڵاتدارانی کوردوستان بە موڵک و ماڵی گشتی ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی زەبەلاحیان دروستکردوە کە دوو ئەرکی بنەڕەتی ھەیە. یەکەم داپۆشین و شاردنەوەی ھەموو نوقسانی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتداران. دووھەم: جوانکردنی بەردەوامی ڕوخساری ئەو دەسەڵاتدارێتییە بەو ھەموو کێشە و قەیرانە گەورانەوە کە ھەیەتی. ئەمە جگە لەوەی ئەم میدیاییە بۆتە ئامرازی درۆ و شکاندنی کەسایەتی ھەموو ئەوانەی بە دڵی دەسەڵاتداران نادوێن و بە مۆسیقای حیزب ھەڵناپەڕن. ئەم سیاسەتە میدیاییە بەشێکە لە سیاسەتێکی کولتوری بەرفراوان کە تیایدا دیسانەوە حیزب لەڕێگای کۆمەڵێک ناوەندی ڕۆشنبیری و پەخش و بڵاوکردنەوە و خەڵاتی تایبەتەوە، ڕاستەوخۆ دەستی خستۆتە ناو ژیانی کولتوری و فەرھەنگی و بەو ئاراستەیەیکدا بردویەتی کە ھەموو مانایەکی ڕاستەقینەی لێسەندۆتەوە. بەبێ سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی میدیا و دەزگا کولتورییەکان ھەموو قسەکردنێک لە چاکسازی بێمانایە.

پێنجەم: حیزب و ھێزی چەکداری
ھیچ شتێک بە ئەندازەی ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەو مەترسییەی پیشانی کۆمەڵگای ئێمە نەدا مانای چی حیزب چەکداربێت. چەکداربوونی حیزب سەرچاوەی زۆربەی ھەرەزۆری ئەو مەترسییانەیە کە ڕووبەڕوی وڵاتی ئێمە دەبێتەوە. داماڵینی حیزب لە چەک و دانانای کەسانی بێلایەن لە سەرکردایەتی ھێزە چەکدارەکاندا تاقە ڕێگای کوژاندنەوەی فتیلەی مەترسییە گەورەکانی دونیای ئێمەیە. بەبێ داڕشتنەوەی سەرلەنوێ ئەم ھێزانە و بەبێ کۆتاییھێنان بە ڕۆحی سەربازی لە بەلابەلاخستنی کێشەکاندا ھەموو باسکردنێکی لە چاکسازی وەک نوکتەیەکی بێتامی لێدێت.

ئەمانە پێنج گرنگترین تەوەرەیەکن کە دەبێت دەستبەجێ چارەسەربکرێن و سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە. وەک ووتم ساڵانێکی درێژە ڕۆشنبیران و ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمە ئەم داواکارییانەیان ھەیە، بەڵام دەسەڵاتداران نەک گوێیان نەگرتوە، بەڵکو لەھەموو ئەو ئاستانەدا درێژەیان بە کاری شێوێنەرانەی خۆیان داوە و دۆخێکیان دروستکردوە مەسەلەی چاکسازیکردنی سیستمەکەی ھێجگار زەحمەتکردوە. ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا و دوای ئەو ھەموو ڕووداوە ھێشتا ھیچ نیەت و ئیرادەیەکی چاکسازی ڕاستەقینە لەناو نوخبە دەسەڵاتدارەکەی کوردوستاندا نابینین.

ئەو خاڵانەی سەرەوە وا لەمن دەکات بە پێویستی بزانم کۆمەڵگای ئێمە درێژە بە فشارەکانی خۆی بدات، چونکە تەنھا فشارێکی زۆر و بەردەوام وا لەدەسەڵاتداران دەکات ناچاربن لەو ئاستە قوڵ و ستراتیژیانەدا چاکسازی بکەن. ئەمڕۆ دەبێت فشارەکانی کۆمەڵگا نەک بچوک و بەرتەسک بکرێتەوە، بەڵکو گەورەتر و زیادتر بکرێت. ئەمەش ناکرێت گەر خەڵک بە ئاسانی بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و شەقامەکان چۆڵبکەن. بەڵام ئامادەبوون لە شەقامەکاندا مانای پەلاماردانی ھێزەکای پۆلیس و ئاسایش نییە، مانای تێکدانی ژیانی گشتی و مەدەنی نییە و مانای کورتکردنەوەی داواکارییەکان لە لابردنی ئەم بارەگا و ئەو بارەگادا نییە. خۆپیشاندانەکان پێویستە داوای چاکسازی دەستبەجێ لەھەموو ئەو ئاستانەی سەرەوەدا داوابکەن. جگە لەمە دەبێت ئەم خۆپیشاندانە سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە، بۆ نموونە لەباتی ئەوەی ھەموو ڕۆژێک ئەنجامبدێت، ھەفتەی جارێک ئەنجامبدرێت، لەباتی ئەوەی تەنھا لەناو یەک شاری کوردوستاندا بکرێت، لەیەککاتدا لەناو زیاد لە شوێنێکی کوردوستاند ئەنجامبدرێت، ھەوڵی ئەوە بدرێت ھەر جارە و کەرتێکی کۆمەڵایەتی ببرێتە سەر جادە. کە باس لە چاکسازی لەبواری ئابوریدا دەکرێت ھەوڵبدرێت بازرگانان و خاوەن پیشەکان ببرێنە پاڵ خۆپیشاندەران. کە باس لە چاکسازی ئیداری دەکرێت ھەوڵبدرێت فەرمانبەران بچنە پاڵ خۆپیاشندەران. کە باس لە چاکسازی دادگاکان دەکرێت داوەرەکان و پارێزەرەکان و کۆلیژەکانی یاسا بچنە سەرجادە. خاڵێکی دیکە کە گرنگە بیریلێبکرێتەوە ئەوەیە نەھێڵدرێت خۆپیشاندانەکان ببێتە ھۆی وەستانی کار و کاسبی خەڵک لەناو شار و شارۆچکەکانی کوردوستاندا، ئەمەش بەوەدەکرێت تەنھا لە ھەندێک شوێنی تایبەتی ناو شارەکان و لە ھەندێک کاتی تایبەت و پێشوەخت ڕاگەیاندراودا خۆپیاشندانەکان ئەنجامبدرێت. واتە خۆپیشاندانەکان دەبێت ببنە بەبەشێک لە ژیانی مەدەنی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، نەک ببن بە ئامرازێک بۆ پەکخستنی ئەو ژیانە.
 
بە کورتی مانەوەی ئەم بزوتنەوەی ناڕەزاییە بەو داواکارییانەی سەرەوە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، نەک تەنھا بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات، بەڵکو بۆ فشارخستنە سەر ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش. فشار لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوەی لە ئەرکی خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە پاشگەزنەبێتەوە و فشاری دەسەڵات نەیانترسێنێت کارێکی گرنگە. فشاری خۆپیاشاندان و ناڕەزاییەکان دەبێت بەو مەبەستەبێت ھەمووان ئەو ئەرکانەی لەسەرەیانە بەباشی جێبەجێبکەن، ھەم دەسەڵات و ھەم ئۆپۆزیسیۆن. ھەروەھا بەدەوامی ئەم خۆپیشاندانە بۆ خودی شەقامی کوردی خۆشی زۆر گرنگە، بۆئەوەی ئەو داخوازییانەی شەقام ھەیەتی و بەڕاستی دەزانێت ڕاستەوخۆ بکەوێتە بەرچاوی کۆمەڵگا و دەسەڵاتداران، بەبێ تێپەڕین بەناو فلتەری ھیچ دەزگایەکی ئیعلامی ئارستە و ئاراستەنەکراودا.
ھەموو ئەو دەنگانەی داوای ئەوە دەکەن ئەم بزوتنەوەیە بکوژێننەوە, خوازیاری ئەوەن درێژە بەو دۆخە بدەن کە ساڵانێکە دەسەڵاتادارانی کورد بێباک و لوتبەرزانە دروستیانکردوە، دۆخێک کۆمەڵگای ئێمەی بە ھەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ گەیاندوە. ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە چاکسازی دەوێت، ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی نابێت کۆتاییپێبێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژبەڕۆژ سنوورەکانی فراوانتربکرێتەوە. بەڵام بەو مەرجەی لە شەپۆلێکی توڕەو ناڕازییەوە بگۆڕێت بۆ شەپۆلێکی ھێمن و دروستکەر.

مەریوان وریا قانیع
ئەمستردام
٢٢-٢-٢٠١١

نامە بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی کادرانی زانکۆی سلێمانی

22 February 2011

مەریوان وریا قانیع

خوێندکاران و مامۆستایان و کادرانی بەڕێزی زانکۆی سلێمانی ئازیز،
من گەرچی لە زانکۆیەکی ئەورپیدا خوێندومە و لە زانکۆیەکی ئەوروپیدا مامۆستام، بەڵام تا ئێستاش خۆم بە قەرزاری ئەو زانکۆ ئازیزە دەزانم کە لە سەرەتای ھەشتاکانا قوتابی بوم تیایدا: زانکۆی سلێمانی.
سەرەتای ھەشتاکان ئەم زانکۆیە شوێنی خەباتی ژێرزەمینی قورس و شوێنی پێگەیاندنی دیدی رەخنەیی نەوەی من بو، ئێمە لەناو فەزای ئەو زانکۆیەدا لەوە گەیشتین چ غەدرێکی گەورە لە کوردبونی ئێمە دەکرێت، بەعس چ ھێزێکی ترسناکە، مۆدێلی بەعسییانەی دەسەڵات چ ھەڕەشەیەکی گەورە و ھەمەلایەنە بۆسەر ماف و کەرامەت و ئینسانیەتی ئینسان. ئێمە ئەو ڕۆژە فێربوین بۆئەوەی ئینسانییەتی خۆمان بپارێزین دەبێت لەھەمو شتێکدا لە بەعس جیاوازبین. ئیتر لە خوێندنەوەی کتێب و نوسراوەوە بیگرە، تا بە شێوازی قوتابیبون و مامۆستابون و تەنانەت ئاھەنگ گێڕان دەگات.
بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی زیاد لە بیست ساڵ لە کۆتایی تەمەنی بەعس لە کوردوستاندا، ھێشتا بڕێک لە ئاکار و رەفتاری بەعس لەناو زانکۆکانی ئێمەدا ماوە.
 
بەبۆچونی من ئەرکی سەرەکی ھەمو بزوتنەوەیەکی دیموکراسی خوێندکاری و ھەمو مامۆستا و کادرێکی وشیار لەناو زانکۆدا بریتییە لەسڕینەوەی تەواوەتی ھەمو دەرکەوت و ئاکارەکانی بەعس لەناو زانکۆدا. ئەمەش مانای رێگرتن لەوەی حیزب دەستبخاتە ناو ژیانی ناوەکی زانکۆەوە، دەستنیشانی ئەوەبکات چۆن زانکۆ بەڕێوەببرێت، چۆن کاربکات و کێ لە کوێ و لەکام پلە و پایەی وەزیفی و زانستیدا ئامادەبێت.
لەسەروبەری دروستبونی ئەو وزە سیاسییە نوێ و عەقڵیەتە رەخننەییەی ئەمڕۆ لە کوردوستاندا ئامادەیە، پێویستە دروشمی یەکەمی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ ھێنانە دەرەوەی تەواوەتی زانکۆ بێت لەژێر کۆنترۆڵ و چنگی حیزبە سیاسییەکان. سەندنەوەی ھەمو ئیمتیازێک لە قوتابی حیزبی و لە ئەندامبون لەو رێکخراوانەدا کە حیزب بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن لەناو خوێندکاران و زانکۆدا دروستیکردوە.
رەنگە ئەرکێکی دیکەی ئەمڕۆکە بریتی بێت لە پێداچونەوە بە ھەرەمی ئیداری و وەزیفی زانکۆدا و سەندنەوەی ئەو پۆستانەی بە تەزکیە و ئینتیمای حیزبی بەخشراون بە کادرەکانی ناو زانکۆ و بەخشینیان بە کەسانی شایستە و خاوەن توانا.
پێموایە داواکاری ژمارە یەکی قوتابیان و کادرانی دیموکراسی ئەم زانکۆیە پێویستە ئەم چاکسازییە ناوەکییەی زانکۆ خۆی بێت.
 
خوێندکاران بەر لەوەی ماڵی دەرەوەی زانکۆ چاکبکەن، پێویستە زانکۆ چاکبکەن. سەرکەوتوبن.

مەریوان وریا قانیع
زانکۆی ئەمستردام
ھۆڵەندا
٢١-٢-٢٠١١

بەرەو دروستکردنی دونیایەکی بێ ڕق و بێ تۆڵە و بێ توندوتیژی

21 February 2011

دەقی ئەو نامەیەی من و کاک ئاراس فەتاح و بەختیار عەلی ئاراستەی خۆپیشەندەرانی شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردوستانمان کرد و لەلایەن بەڕێز ئاسۆس ھەردییەوە خوێندرایەوە.
مەریوان وریا قانیع

بەرەو دروستکردنی دونیایەکی بێ ڕق و بێ تۆڵە و بێ توندوتیژی

هاوڕێیان،
سڵاوی مەریوان و ئاراس و بەختیار لە گەنجانی کوردستان


شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە ھەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا بەڕێوەیە. ئەم ناڕەزاییانە لەدایکبووی ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و بێباکی سیاسی و بێدادی کۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە. ئەم ناڕەزاییانە مۆدێلێک لە حوکمڕانی دروستیکردوە کە لە ھەموو شوێنێکی دونیادا لە قەیرانێکی قوڵ و فرەلایەندایە. ئەم شەپۆلە تازەیە ھەم ھاوزەمانە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە و گرنگ لە ناوچەکەدا و ھەم ھاوڕێیە بە گەورەبوونی بڕو ڕادەی نائومێدی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ھوشیاریی ئینسانی ئێمە بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی. بزوێنەری ئەم شەپۆلەش ناڕەزایی نەوەیەکی گەنجە کە خاوەنی توڕەییەکی بێوێنەیە لە مێژووی ئێمەدا. ناوکی ئەم شەپۆلە نەوەیەکە لەو دونیا پڕکێشەو ناشرینەدا لەدایک و گەورەبووە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستیانکردوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ھێزە گەنجە ناڕەزایەی دونیای ئێمە ئیرادەیەکی گەورە و بەھێزی نیشانداوە بۆ بەرگریکردن لە داواکاری و گەیشتن بە دابینکردنی خواستەکانی. ئەوەی بۆ ئێمە جێگای تێڕامانە پەیامەکانی ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەیە. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەم ناڕەزاییانە داواکارییە ئەخلاقییەکانی دونیای ئێمەیان ھەڵگرتوە و بەم ھۆیەشەوە بڕوا و متمانەی زیاد لە ھێزێکی کۆمەڵایەتی تری بردۆتەوە و دەباتەوە. لەلایەک ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوە گەورەیە بزووتنەوەیەک نەبێت کە تەنھا شوێنی چەند داواکارییەکی تێدابێتەوە کە بە دانیشتنێکی پەرلەمان چەند پەیمانێکی سەرۆکەکان جێبەجێبکرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە ئەم ناڕەزاییانە بە ئاراستە و ئاقاری توندوتیژییدا ببرێت و ئەو وزە سیاسییە گەورەیەی کە دروستبووە لە ململانێ و کێبەرکێی لاوەکیدا سەرفبکرێت و دواجار لەو نێوەندەدا خەڵکانێک سوار ملی شەپۆلەکەی بن کە دوژمنی دیموکراسییەتن. ئێمە زۆرمان پێ گرنگە ئەم ناڕەزایەتییە بەجۆرێکی ئاشتیخوازانە بەردەوامبێت، نەک لەبەرئەوەی کۆمەڵگای ئێمە حەزی بەو دۆخە ھەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارێتی کوردی ساڵانێکە ھەر پەیماندەدات و جێبەجێی ناکات، ساڵانێکە بە کردەوە دەرکەوتوە گەر ئەم دەسەڵاتدارێتییە فشاری مەدەنیی بەردەوامی لەسەرنەبێت ئامادە نییە لانی ھەرە کەمی چاکسازی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاسایی و فەرھەنگی ئەنجامبدات.

داڕشتنی داوا سەرەکییەکان و قەتیس نەدانی لە ھەندێ داواکاری کە ڕووداوەکانی دوای ١٧ی مانگ دروستیان کرد، یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم بزوتنەوەیە. ئەم بزوتنەوەیە موڵکی کەس نییە، مۆڵەتی سیاسی لە ھیچ ڕێکخراوێک وەرنەگرتووە، تەنانەت پێویستی بە مۆڵەتی یاساییش نییە لە وەزارەتی ناوخۆیی یان ئاساییش، چونکی یەکێک لە داخوازییەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت لابردنی ئەو کۆت وبەندە یاساییانە بێت کە لەسەر ئازادی تەعبیر و لەسەر بیروڕا دانراون. بۆیە لەپاڵ پێداگرتن لەسەر ئەو داواکارییانەی کە پاش کارەساتەکانی ڕۆژانی دوای ١٧.-٢ دروستبوون، ھاوکات پێویستی بە دووبارەزیندوکردنەوەی ھەموو ئەو داواکارییە بنەڕەتییانەیە کە بەر لە ڕووداوەکانی ١٧.-٢ دروستبووبوون. بۆ نموونە چەسپاندنی دیموکراسییەتی ڕاستەقینە، بەگژاچونەوەی گەندەڵی، نەھێشتنی بە حیزبیکردنی ژیانی گشتی و فەزای ئیداری و بواری ئابووری و دونیای سیاسی بەو شێوەیەی لە نۆزدە ساڵی ڕابردوودا بینیومانە. پێداگرتنی دەستبەجێ لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەکی ڕیشەیی و تازەی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا و تووڕدانی ھەموو چەکەکان لە شارەکانی کوردستان. وەکو دەبینین ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی نیشانیداین چۆن ئامادەگی ئەو مۆدێلە لە ڕێکخستنی ھێزە چەکدارەکان لە کوردستاندا ھەمیشە و ھەردەم کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆدا دادەنێت. چۆن ئەگەری بە عەسکەرتارێتی ژیانی مەدەنیمان ھەمیشە ئەگەرێکی گەورەیە.


ئێمە وایدەبینین کە گۆڕینی ئاکاری دەربڕینی ناڕەزاییەکان یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان. ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان بە ڕۆحێکی توڕەوە ئەنجامئەدرێن و زۆربەی جاریش بە بەریەکەوتن و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشدا کۆتاییپێدێت. ئەمە نەک تەنھا بەفیڕۆدانی وزەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیەیە، بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر بە توندوتیژبوونی تەواوی بزوتنەوەکە و تۆرانی ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە بزوتنەوەکە، لێدەکەوێتەوە. بۆ ڕێگرتن لەم دۆخە و بۆ بەخشینی ئاکارێکی دیکە بە بزوتنەوەکە ئێمە بەگرنگی دەبینین چالاکییەکان لەداھاتوودا شێوازی عەقلانی و مەدەنییانەی ھێمن وەربگرن و لەباتی تەعبیرکردن لە توڕەبوونێکی بێھیوا، تەعبیر لە ئیرادەی ژیان و لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ بکات و بەهانەش نەداتە دەست پۆلیس و ئاسایش پەنجە بۆ گەنجانەکان بەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گۆڕەپانەکان تەنھا نەبن بە شوێنی ناڕەزایی و ھوتافی سیاسی، بەڵکو ببن بە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن چالاکیی کولتووری و بکرێن بە جێگایەک کاراکتەری ئەم بزوتنەوەیە تێیدا گەورەبێت و گەشەبکات.

زۆر گرنگە ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکی بێکولتوور نەبێت. ئەو وێنایە نەبەخشێت کە تەنھا شەڕی چەند گەنجێکی بێکار و توڕەیە، بەڵکو پێویستە خەسڵەتە سەرەکییەکانی خۆی وەربگرێت، کە خەباتە لە پێناوی دیموکراسییەتی زۆرتر و باشترکردنی ژیاندا، ململانێیە لەنێوان قەڵەم و گوللەدا، ناکۆکییە لەنێوان دەسەڵاتێکی دزێو و نەوەیەکی نائومێددا. ئەم کولتورەش نابێت کولتورێکی پیاوانەبێت بەتەنھا، بەشداربوونی ژنان لە دروستکردنی ئەم کولتورە نوێیەدا بەشدارییەکی ھێجگار گرنگە، چونکە ئەم بەشدارییە ڕێگردەبێت لە بونیادنانەوەی دونیای ئێمە بەھەمان ئەو بەھایانەوە کە ژیانی ئافرەتی ئێمەی گۆڕیوە بۆ ژیانێکی پڕ کۆسپ و تەگەرە و ئازار. ھیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نییە بەبێ کولتوورێکی تایبەت بە خۆی. سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیش لەوەدایە کە کولتوورێکی نوێ بەرھەمبھێنێت کە حیزبەکانمان لە ململانێی سیاسی خۆیاندا بەرھەمیان نەھێنا و پیادەیان نەکرد. ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگای ئێمە، بە کوڕ و کچییەوە، دەتوانێت ببێت بە ھەوێنی دامەزراندنی کولتوورێکی نوێ بۆ بەرگریکردن لە ژیان و دامەزراندنی ئازادی راستەقینە. با گۆڕەپانەکانی شار بگۆڕین بۆ مەیدانی قسەکردن لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنگەری، نیشاندانی ھونەر و خوێندنەوەی شیعر و نمایشکردنی شانۆ و ژەنینی موزیک و گۆرانیگووتن. با مەیدانەکان بکرێن بەشوێنی ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان.


ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دووبارەگەڕانەوەی ڕێزە بۆ هەموو ئەو ئینسانانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێڕێزییان بەرامبەر کراوە. ئەم نەوە تازەیەی ئێمە دەبێت بەزمانێکی شارستانی قسەبکات و بە دەنگێکی ڕوون و بەرز بیر لە پاشەڕۆژبکاتەوە. خۆی لە هەموو توندوتیژییەک بپارێزێت و کولتوورێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت کە بە ڕووکارە ئاشتیخوازانەکەی هەموو ئەوانە شەرمەندەبکات کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. سروشتی ئاشتیخوازانە مەرجە بۆئەوەی کارێکبکات سۆزی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆخۆی ڕابکێشێت و هەم خۆی لە خۆی تێبگات و هەم دونیاش تێیبگات. دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری ئاشتییە و دژی فەوزایە ئێوە یان دەسەڵاتداران، دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری سەوەری یاسایە، ئێوە یان حیزبەکان... ئێوە لێرە نین بۆئەوەی تۆڵەبکەنەوە، ئێوە لێرەن بۆئەوەی دونیا بگۆڕن و پاشەڕۆژ دروستبکەن و ئازدییەکی ڕاستەقینە دابمەزرێنن. ئێوە با نوێنەری نەوەیەک بن کە جۆرە ئەخلاقێک دادەڕێژێت خاڵییە لە توندوتیژی، باسەرەتای مێژوویەکی نوێ بن، نەوەک درێژکراوەی دوێنێ. مێژوویەک کە بەتۆڵە دەست پێناکات، بەڵکو بە خۆشەویستی و لێبوردن دەست پێدەکات و بە گەڕانەوەی ڕێز بۆ مرۆڤەکان

لەودیوی بەرد و فیشەکەوە: کام ململانێ و چۆن؟

20 February 2011

لەودیوی بەرد و فیشەکەوە: کام ململانێ و چۆن؟

مەریوان وریا قانیع

من باوەڕێکی تەواوم بەوەیە کە یەکێک لە شوێنە گرنگ و ڕاستەقینەکانی پیادەکردنی سیاسەت شەقامە، ئەو فەزا گشتییەیە کە لەناو شارەکاندا ئامادەیە. بەڵام ئەو شێوازە لە سیاسەت سیاسەتێکی مەدەنییە، ھەڵگری زمان و دید و دونیابینی و ئەخلاقێکی تەواو جیاوازە لەوەی لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە. من دەزانم دەسەڵات دەیەوێت ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی بکاتە شەپۆلێکی توندوتیژ، ئەوە ڕاست نییە ئەوان دژ بە بەکارھێنانی توندوتیژین، ئەوان دەیەوێت توڕەبوونەکان بگۆڕن بۆ ڕق، بۆ بوغزی سیاسی و ئەخلاقی. گرەوی سەرەکی ئەم بزوتنەوە ناڕازییە لەوەدایە نەبێتە بزوتنەوەیەکی توندوتیژ و بتوانێت ڕق و توڕەبوونەکانی بگۆڕێت بە خۆشەویستی، خۆشەویستی ژیان و خۆشەویستی ئینسان و خۆشەویستی نیشتیمان. بەبۆچوونی من دەسەڵاتداران تەنھا کاتێک دەتوانن ئەم ململانێ نوێییە ببنەوە کە بزوتنەوەکە بکەنە بزوتنەوەیەکی توندوتیژ، کە گەنجانی وڵات ناچارکەن لەباتی ئەوەی بیربکەنەوە و ھێمنبن، وایان لێبکەن بقیژێنن و توندوتیژبن.

گەنجانی توڕەی وڵات، چەکی بزوتنەوە سیاسییە نوێییەکان توندوتیژی نییە، بەڵکو کاری مەدەنی ڕێکخراوە، زۆر زۆر گرنگە ئەم ململانێ گرنگە نەبێتە ململانێی نێوان و بەرد و فیشەک، ململانێی نێوان پۆلیس و گەنجان لەسەر شەقامەکان، بەڵکو ببێتە ململانێی نێوان دوو دونیابینی جیاواز و دوو تێگەیشتنی جیاواز بۆ کۆمەڵگا و ئینسان و سیاسەت. ئەمەش ناکرێت گەر خۆپیشاندەران بەوەوە خەریکبکرێن خەریکی شەڕە بەرد بن لەگەڵ پۆلیس و ئاسایشدا. بەڵکو بەوە دەبێت ئەخلاقێکی ئینسانی و سیاسی نوێ، زمان و کرداری نوێ دابھێنین، گەنجانی وڵات دەبێت بە زمانی مۆسیقا و ھونەر و ڕێز لە سیاسەت بدوێن. لەباتی ڕق، خۆشەویستی و لەباتی پەلاماردان، ئامێزکردنەوە و باوەشکردن بەیەکدا بھێننەکایەوە. ئەم نەوەیە پێویستی بەوەیە سیاسەت و دۆستایەتی زۆر بە توندی بەیەکەوە گرێبدات، بە سیاسەت ڕوکارێکی ئینسانی ببەخشێت و کۆتایی بەو تێگەیشتنە ترسناکە بھێنێت کە سیاسەت بە دوژمنایەتی یەکساندەکات. ئەم نەوەیە دەبێت ئەو ڕاستییە سادەیە باش بزانن کە دەسەڵات تەنھا زمانی تەقە و توندوتیژی دەزانێت، زۆر گرنگە ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە
بەو زمانە قسەنەکات.

من ڕام وایە ئەم بزوتنەوەی ناڕەزاییە نابێت بوەستێت و بکوژێتەوە، بەڵام ھاوکات دەبێت ڕێک و عەقڵانی بکرێت، شێوازی کارکردن و ناڕەزایی دەربڕینەکانی بگۆڕێت، چۆنیەتی ئامادەبوونی لەسەر شەقام و لەناو فەزای گشتیدا دەسکاریبکات، پەیوەندی لەگەڵ پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکاندا بگۆڕێت، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم کار و ژیانی ئاسایی کۆمەڵگدا. بەکورتی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت بە زمانی تێکەڵکردنی سیاسەت بە شیعر قسەبکات، نەک بەو زمانەی کە دەسەڵاتداران لەھەمووان باشتری دەزانن: زمانی توندوتیژی

من لەگەڵ کێدام

19 February 2011

من لەگەڵ کێدام؟
نەوەیەکی توڕە و دەسەڵاتێکی کەڕ

مەریوان وریا قانیع

ساڵانێکی درێژە کۆمەڵگای ئێمە قسەدەکات و دەسەڵاتداران نایبیستن، گوند و شارۆچکە و ناوچە فەرامۆشکراوەکانی نیشتیمان دەدوێن و سیاسییەک نییە گوێیانلێبگرێت، نەوەیەک لەدوای ڕاپەڕینەوە دێت و گەورەدەبێ و قسەدەکات، بەڵام دەسەڵاتی کوردی نایانبیستێ. ساڵانێکی درێژە من و دەیانی تری وەک من ھاواردەکەین نیشتیمان مەکەن بە ماڵی حیزب، ئابوری وڵات مەخەنە دەخیلەکانی خۆتان و دەخیلەکانی حیزبەوە، ئینسانی ئێمە توشی نائومێدی مەکەن، دەسەڵات مەدەن تەنھا بە ئەندامانی خێزان و خزم و ھاوڕێکانی خۆتان، لوتبەرزی مەکەنە ئاکاری سەرەکی دەسەڵات، خۆتان بە نەتەوە و دیدی خۆتان بە دیدی کورد و قازانجی خۆتان بە قازانجی کۆمەڵگا یەکسان مەکەن، وامەکەن ئەوەی وەک ئێوە نەدوا بە ناپاک و سەرلێتێکچوو و شێوێنەر ناوێبنێن. لەشکری حیزبی دروستمەکەن، جیھازی ئیداری وڵات مەکەنە جیھازێکی حیزبی، میدیایەک دروستمەکەن ھەموو کارێکی بەرگریکردنبێت لە ئێوە و قسەگوتنبێت بەوانەی لە ئێوە ناچن. ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و چالاکەوانی کۆمەڵگای مەدەنی مەکڕن. ساڵانێکە ھاواردەکەین مۆدێلێکتان لە پارەپەیداکردن و دەوڵەمەندبوون دروستکردوە ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت قبووڵیبکات، دابەشکردنێکی وەزیفە و پلە و پایەی سیاسی و ئیداریتان داھێناوە بە پێوەرەکانی بەعس و سەدامیش دواکەوتوە.
 
ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە بەو ساتەوەختە گەیشتوە کە ناتوانێت چیدی بێدەنگبێت، ناتوانێت ئەوەی دروستانکردوە قبووڵبکات، ناتوانێت وەک ڕەعیەتێکی دەستلەسەرسنگ ڕاوەستێ و تەنھا کاری ئەوەبێت چەپڵەتان بۆلێبدات. ئەمڕۆ کۆمەڵگایەک دروستبووە دەچێتە سەرجادە، توڕەدەبێت، ھاواردەکات، دەڵێت نا. کارەساتەکە لەوەدایە وەڵامی ئێوە بەسەربازیکردنێکی تەواوی فەزای شارەکان و فەزای پەیوەندییەکانە، یەکسانکردنی سیاسەتە بە ھەڕەشە و فشار و تۆقاندن، تەقەکردنە لەو گەنجە توڕانەی نازانن چی لە توڕەیی خۆیان بکەن. شوێنێک نادۆزنەوە ئەو توڕەییەی خۆیانی تێدادابنێن. ئەمە یەکەمینجارە مێژووی ئێمە نەوەیەک بەو ئەندازەیە توڕە دروستبکات، ئەمەش شتێک نییە لە ئاسمانەوە کەوتبێتەخوارەوە، یاخود دەستی دوژمنان و ناحەزان دروستیکردبن، وەک ئێوە دەڵێن. ئەم نەوەیە بەرھەمی شێوازی کارکردن و بیرکردنەوە ھەڵسوکەوتی ئێوەیە وەک حوکمڕان و دەسەڵاتداران لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا.
 
لەم جۆرە ساتانەدا زەحمەتە ھێمنی بۆناو کۆمەڵگا بگەڕێتەوە، دەبێت شتگەلێک ڕووبدات سیفەتی موعجیزەیان ھەبێت. سەرەتای ئەم موعجیزەیەش بەوەدەستپێدەکات دەسەڵات گوێ لە بوونەوەرە ناڕازییەکانی دونیای ئێمە بگرێت، کەناڵێکی گەورەی پەیوەندیکردن لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا بکاتەوە کە چونەتە سەر شەقامەکان، بەڵێنی ڕاستەقینەیە بدات بەجێبەجێکردنی داخوازییەکانیان، واز لە عەقڵیەتی بە تێکدەر و بە گێرەشێوێن و بە خائین ناوبردنی ئەو بەشە توڕە و زیندوەی کۆمەڵگای ئێمە بھێنێت کە ئەمڕۆ لەھەمووشتێکی ئەو وڵاتە زویرە. ئەوەی ئێستا و ساڵانێکی درێژی بەر لە ئێستاش پێوستی بەوەبووە گوێگبرێت دەسەڵاتە و دەسەڵات بووە. گەورەترین مەترسی لەسەر ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێمە ئەوانە نین توڕەن و دەچنە سەرجادەکان، بەڵکو ئەو دەسەڵاتدارانەن کە بەڕۆژوون لە گوێگرتن، کە لە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە دەوەستن و بە دەنگێکی ھێمن و دروستکراو باس لە حوکمی یاسا و گرتنەبەری ڕێگای یاسایی دەکەن. ئاسایش بەوە دروستنابێت خەڵک بترسێنیت و گوێیانلێنەگریت و تەقەیان لێبکەیت، ئاساییش بەوە دروستدەبێت دەسەڵات بەرپرسیارانە کاربکات، لەباتی لەشکرکێشی ئیرادەی ڕاستەقینەی چاکسازی نیشانبدات. دەسەڵاتداران من تەنھا یەک ڕێگا شکدەبەم بۆ دەرچوون لەم دۆخە کارەساتئامێزە: گوێگرتنی ڕاستەقینەی ئێوە لە ناڕەزاییەکان و کارکردنێکی ڕاستەقینەش بۆ چاکسازی گەورە لە کوردوستاندا.