Tuesday 1 March 2011

نامەیەک بۆ ئافرەتانی وڵاتەکەم


خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی کوردوستان پێدەنێتە قۆناغی داڕشتنەوەی داواکارییە سەرەکییەکانییەوە، وردە وردە ئاسۆی ئەو ویست و داواکارییانە ڕۆشنتردەبێتەوە. لە ئێستادا بڕێک لە داواکارییەکان نزیکدەبێتەوە لە خواستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمی حوکمڕانی لە کوردوستاندا، ئەگەرچی ھێشتا داواکردنی سەرلەنوێ داڕشتانەوەی سەرجەمی ئەو کۆڵەکانە نەکراوە کە سیستمە سیاسییەکەیان بەو قەیرانە قووڵانەی ئەمڕۆکە گەیاندوە. (بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم داواكارییانە بڕوانە ئەو نووسینەی من کە لەسەر داخوازییەکانی خۆپیشاندەران نووسیومەوە و لەم لاپەڕەی فەیس بووکەدا دانراوە)

لە ڕۆژانی یەکەمدا بزوتنەوەکەتەنھا خاوەنی توڕەییەکی گەورە و وزەیەکی سیاسی ئەفسانەیی بوو، ئەرکی یەکەمی نمایشکردنی ھێز خۆی و نیشاندانی ئیرادەی بەردەوامبوونی بوو، ڕۆژانی دواتر ڕۆژانی بە عەقڵانیکردن و ئاراستەکردنی توڕەبوونەکان و خۆپاراستن و خۆلادانبوو لەو جەنگە لابەلاییانەوە کە وایدەکرد خۆپیشاندەران بکەوەنە ململانێ و پێکدادانێکی بێسەمەرەوە لەگەڵ ھێزەکانی پۆلسی و ئاسایشدا. دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەش و دوای ئەوەی ڕۆژانە تا دەھات ھێز و توێژی کۆمەڵایەتی زیاتر دەھانتە پال بزوتنەوەکە و بەمەش جوگرافیای کۆمەڵایەتی بزوتنەوەکە بەرفراوانتر دەبوو، ئیدی ھەنگاو ھەنگاو مەسەلەی داڕشتن و بەرزکردنەوەی داواکارییەکان بوون بە مەسەلەی سەرەکی بزوتنەوەکە.

لەھەموو ئەم قۆناغانەدا ئافرەتان بە پلە و ڕادە و بڕی جیاواز، وەک ڕێکخەر و وەک بەشدارکەر و وەک بیرکەرەوە لە بزوتنەوەکەدا ئامادەبوون. ھەم بە کردەوە بەشداربوون و ھەم ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک و لەبەردەم کامێراکانی تەلەفیزیۆندا ڕا و بۆچوون و ھەست و نەستی خۆیان دەدەربڕی. لەم ڕووەوە بەشداری ئافرەتان لەم بزوتنەوەیەدا بەشدارییەکی دیار و بەرچاوە. بەڵام ئەوەی شوێنی سەرنجی منە ئەو خاڵەیە کە بە درێژایی ئەو ڕۆژانە لەھیچ شوێنێکەوە گوێمان لە دەنگی ئافرەتان نەبوو، چ لە ئاستی تاکەکەسی و چ لە ئاستی ڕێکخراودا، کۆمەڵێک داخوازی تایبەت بە ئافرەتانی کوردوستان دابڕێژن. نەمانبینی داخوازییە تایبتییەکانی ئافرەتان ھەم بە کۆمەڵگا و ھەم بە دەسەڵاتداران و ھەم بە سەرجەمی بزوتنەوەکەوە ڕابگەیەنن. ئەمەش یەکێکە لە نووقسانییە گەورەکانی ڕۆژانی ڕابردوو. بێگومان من باوەڕم بەوە نییە کە ئەوە تەنھا ئەرکی ئافرەتانە باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆیان بکەن و پیاوان و ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر نەشێت و بۆیان نەبێت باسی لەو کێشانە بکەن. بەپێچەوانەوە من باوەڕم وایە کێشە و گرفتی ئافرەتان لە کوردوستاندا کێشەی ھەموو کۆمەڵگای ئێمەیە، بە پیاو و ژنییەوە. بەڵام ھاوکات باوەڕیشم وایە ھیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت لەباتی ھیچ ھێزێکی دیکە قسەبکات، ئەوەندەی ئافرەتان بە وردەکاری و قووڵایی کێشەکانی خۆیان ئاشنان، کەسانی تر بەو ڕادەیە ئاشنا نین. بۆیەوە ھەم من و ھەم لەگەڵ منیشدا چەندانی دیکەش، چاوەڕوانی ئەوەبووین و چاوەڕوانی ئەوەین دەنگی ئافرەتان ببیستین و گوێمان لەو داخوازییانەبێت کە دەیانەوێت بەرزیبکەنەوە.

ھەموو دەزانین ژیانی ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژیانێکی تا بڵێی سنووردار و بەرتەسکە، ژیانێکە پڕ ھەڕەشە و ترساندن، ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە وڵاتی ئێمەدا دەکوژرێن کەم وێنەیە، ئەو شێوازی چەوساندنەوە و بێدەنگکردنەی لە ئارادایە ھەمەلایەنە، مامڵەکەردنی یایەکسان و نادادپەروەرانە بەرفراوانە. بۆیە بەدەنگھاتنی ئافرەتان وەک ئافرەت و بەرزکردنەوەی ئەو مافانەی کە تایبەتن بە ئافرەتان ئەرکێکی ھێجگار گرنگە. داواکردنی لابردنی بڕێکی زۆری ئەو فشار و ھەڕەشانە و بنبڕکردنی تاوانی کوشتن لە داواکارییە سەرەکییەکانە. لەمەشدا دەکرێت و باشترە ئافرەتان خۆیان دەسپێشخەری یەکەم بن. ھیوادارام لە ڕۆژانی داھاتوودا دەنگی ئافرەتان ببیستین، ئەو داواکارییانە ببیستین کە دەشێت گۆڕانێکی چۆنایەتی لە شێواز و جۆری ژیانی ئافرەتان لە کوردوستاندا دروستبکات. ڕێزگرتنی تەواوی ئافرەت و بە یەکسانی تەماشاکردنی لەگەڵ پیاودا نەک تەنھا وەک ئەرکێکی ئینسانی و دیموکراسی گرنگ بھێننە پێشەوە، بەڵکو وەک ئەرکێکی نەتەوەییش. پەیوەندی نێوان ئافرەت و نەتەوە پەیوەندییەکی پڕ کێشەیە، ھیچ بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی لە دونیادا نادۆزینەوە ئافرەتی نەکردبێتەوە ھاوڵاتییەکی پاسیڤ و پلە دوو، ھەمیشە چارەسەرکردنی کێشەکانیانی لەژێر دەیان بەھانە و بیانوی نابەجێدا دوانەخستبێت و لەبیرنەبردبێتەوە. ئەمڕۆ قسەکردنی ئافرەتان دەبێت بگاتە ئاستێک کە نەکرێت داواکارییەکانیان لەژێر ھیچ بیانویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و دینیدا دوابخرێت.

بەبۆچوونی من داواکارییەکانی ئەفرەتان دەبێت داواکاری ھەمەلایەنبن، لەیەککاتدا داواکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی و ڕەمزی بن. وەکچۆن پێویستە داوای بەشداربوونی سیاسی زیاتربکەن، ئاواش پێویستە داوای گۆڕانی شوێن و جێی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی بەھا و نۆرم و ئەخلاقیاتی دژ بە ئافرەتان و کۆتاییھێنان بەو وێنە و ڕەمزانە بکەن، کە ئافرەت وەک بوونەوەرێکی کەمتر لە پیاو مامەڵەدەکەن. ئەمڕۆ کۆمەڵێک ئەرکی گەورە لەسەرشانی ئافرەتانە، دەبێت بە ھەمووان کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە بکەین.


مەریوان وریا قانیع
١-٣-٢٠١١

No comments:

Post a Comment