Wednesday 23 March 2011

سەرۆکی ھەرێم بۆ نازانێت کۆمەڵگا چی دەوێت؟

لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا پێناچێت دەسەڵاتدارانی کوردوستان ھەرگیز بەقەد ئەمڕۆ سەریان لێشێوابێت و بەقەد ئەمڕۆ بێتواناییان لە وەڵامدانەوەی تەحەداکانی کۆمەڵگای ئێمەدا دەرکەوتبێت. ئەم چوار ھەفتەیەی ھاتنە دەنگی بەشێکی گەورە و گرنگی کۆمەڵگای ئێمە، نیشانیداین چۆن ئەوان لەنێوان بەکارھێنانی توندوتیژی و بێدەنگبوون و دروستکردنی ڕوداوی لاوەکی و بەڵێندانێکی تەمومژاویدا، دێن و دەچن. لەھەموو ئەو دۆخانەشدا نیشانیانداین تەنانەت زمانێکیشیان نییە بۆ وەسفکردنی ئەوەی دەیبینن و ئامرازێکان نییە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لەوەی بەبەرچاویانەوە ڕوودەدات. لەم ڕووەوە ھیچشتێک بە ئەندازەی ئەو پرسیارەی سەرۆکی ھەرێم کە پرسیویەتی ”خەڵک بۆ وادەکەن؟“ قابیلی لەسەرڕاوەستان و تێڕامان نییە. پرسیارێک وەک دەزانین ڕووبەووی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردۆتەوە. تێنەگەیشتنی سەرۆکی ھەرێم لەوەی کە خەڵکی کوردوستان بۆ ناڕازین و بۆ چوونەتە سەرشەقامەکان ھێما بۆئەوە دەکات کە سەرۆکی ھەرێم و ئەو نوخبە سیاسییەی کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن، لە دونیایەکدا دەژین تەواو دابڕاو و ناکۆک بەو دونیایەی ئینسانی سادەی کۆمەڵگای ئێمە تییادا دەژی. ئەمە لەکاتێکدا ئەو دونایەی دونیایەکە ئەو دەسەڵاتدارە سیاسییانە نەک تەنھا چوارچێوە گشتییەکانیان دروستکردوە، بەڵکو دەستیان لەناو تەفاسیلە ھەرە وردەکانیشیدا ھەیە

بۆ ھەرکەسێک کەمەکێک ئاگای لە مێژووی شۆڕشەکانی دونیا بێت، دەزانێت ئەم پرسیارەی سەرۆکی ھەرێم زۆر لەو پرسیارەی شاژنی فەرەنسا ماری ئەنتوانێت دەچێت کە لە سپێدەی شۆڕشی فەرەنسیدا و لەکاتی بینینی خەڵکە توڕەکەدا دەپرسێت ”خەڵکی فەرەنسا چیان دەوێت؟“. کاتێک لەوەڵامدا پێیدەڵێن ”خەڵک نانیان نییە بیخۆن“، شاژن لە وەڵامدا دەڵێت ”گەر نانیان نییە بیخۆن، با بڕۆن پسکیت بخۆن“. زۆربەی ئەوانەی لەسەر ھۆکار و پاڵنەرەکانی دروستبوونی شۆڕشی فەرەنسیان نووسیوە، بەرپابوونی ئەم شۆڕشەیان تەنھا بە بیر و بۆچوون و کاریگەری ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەوە نەبەستۆتەوە، بەڵکو بەو ئاکار و شێوەژیانەشەوە گرێیانداوە کە نوخبە ئەرستۆکراتییە دەسەڵاتدارەکەی فەرەنسا بۆخۆیانیان دروستکردبوو. ئەم ژیانە بەجۆرێک بووە درز و شەبەقێکی گەورەی لەنێوان خەڵکی ئاسایی فەرەنسا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا دروستکردوە. ھەندێک لە مێژوونووسە ھاوچەرخەکانی فەرەنسا باس لەوەدەکەن کە پادشای فەرەنسا زۆربەی کاتەکانی خۆی لە ڕاوکردن و سواری ئەسپ و پیاسەکردن بەناو باخە گەورەکەی ناو فەرسایدا بردۆتەسەر. ئەم پادشایە و بڕێکی زۆر لە کەسە نزیکەکانی، لەبەر ڕاوکردن و ئاھەنگگێڕان و خۆخەریکردن بە باخە گەورە شاھانەکەوە، کاتیان بۆ چاوکەوتن بە وەزیر و کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت نەمابۆوە. ھەندێکجار تەواوی ئەو کاتەی پادشای فەرەنسا بۆ مەسەلەی حوکمڕانی وڵاتەکەی تەرخانیکردوە، لە دوو سەعات زیاتر لەھەفتەیەکدا نەبووە. پادشا زۆرجار زۆر بە کورتی بەشداری کۆبوونەوەی وەزیرەکانی کردوە و دەستبەجێش ھۆڵی کۆبوونەوەکانی بەجێھێشتوە و گەڕاوەتەوە ناو باخەکەی. ھاوکات وەزیر و کاربەدەستە گەورەکانیش ھەریەکەیان خاوەنی باخی گەورە و تابیەت بەخۆیان بوون. ھەبوونی باخی گەورە لە سەدەی ھەژدەھەمدا دەبێت بە یەکێک لە خولیا گەورەکانی دەسەڵاتداران. بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و چێژوەرگرتن لەو باخانە کاتێکی زۆری دەسەڵاتداران دەبات. ئەمە وادەکات یەکێک لە مێژوونووسانی شۆڕشی فەرەنسی، دروستبوونی ئەو شۆڕشە کەمتر بەبیروبۆچوونی فەیلەسوفانی وەک ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و ئەوانیترەوە گرێبدات، زیاتر بە مۆدەی دروستکردنی باخی گەورەوە بیبەستێتەوە. ئەوەی ماری نەنتوانێت بەرامبەر بە توڕەبوونەکانی میلەتی فەرەنسا دەیڵێت لە ھەلومەجێکی لەو بابەتەدا ووتویەتی. لەو ساتەوە ئەم وتەیەی ماری ئەنتوانێت بووە بە ڕەمزی دابڕانی تەواوی دەسەڵاتداران لە کۆمەڵگا، ھێما بۆ درستبوونی دیوارێکی گەورەدەکات لەنێوان ئەوانەی وڵات بەڕێوەدەبەن و ئەوانەی لەو وڵاتەدا دەژین. لە ڕۆمانی ”غەزەلنووس و باخەکانی خەیاڵدا“ بەختیار عەلیش بەوردی باس لە دروستبوونی ئەو دونیا تایبەتەی دەسەڵاتدارانی دونیای دوای ڕاپەڕین دەکات. بارۆنەکانی دوای ڕاپەڕین دونیایەکی تەریب و بێپێوەندی بە دونیای خەڵکی ئاسایی وڵاتی ئێمە بۆخۆیان دروستدەکەن. شاری تایبەت و بێپەیوەندی لەناو شارەکاندا بۆخۆیان دروستدەکەن

لەڕاستیدا ڕستەکەی سەرۆکی ھەرێم، ھەم حیکایەتەکەی ماری ئەنتوانێت و ھەم حیکایەتی بارۆنەکانی دونیای دوای ڕاپەڕینمان وەبیردەھێنێتەوە. ئاخر ھەر دەسەڵاتدارێک پەنجەرەیەکی بچووک لە دونیا تایبەتەکەی خۆیەوە بکاتەوە، بۆئەوەی تەماشای کۆمەڵگای ئێمە بکات، دەزانێت خەڵک بۆ ڕژاوەتە سە شەقامەکان، دەزانێت داوای چیدەکەن؟ لەچی ناڕازین و چ جۆرە خواست و ئاوات و داخوازییەکیان ھەیە؟ ئەوەی بوێرێت پەنجەرەیەکی بچووک بکاتەوە و بڕوانێت، شەبەقێکی گەورە دەبینێت لەنێوان ژیان و ئاکاری دەسەڵاتدارانی کوردستاندا و لەنێوان ژیان و ئاکاری بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگای ئێمەدا

سیاسەت زۆر پێناسی ھەیە، بەڵام پێناسە ھەرە سادە و ھاوکات ھەرە قووڵەکەشی بەو تەرزە بیرکردنەوەیە دەگوترێت، کە بیر لە جۆر و شێوازی پێکەوەبوونی ئینسانەکان دەکاتەوە لە کۆمەڵگادا. سیاسەت مانای بیرکردنەوە لەو شێوازی پێکەوەبوونەی کە خەڵک دەیانەوێت لەگەڵیەکدا دروستیبکەن، تا بتوانن بە ئارامی و بێکێشەی گەورە لەگەڵیەکدا بژین. بەمانایەکی دیکە پرسیاری ھەرە سەرەکی سیاسەت ئەوەیە: چۆن پێکەوە بژین، چ جۆرە پێکەوەبوونێک دروستبکەین؟ ئاشکرایە ئەوەی لە پشتی قسەکانی ماری ئەنتوانێت و سەرۆکی ھەرێمەوەیە دروستبوونی جۆرێک لە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتییە کە پێکەوەبوون نییە، ھاتنەکایەی کۆمەڵگایەکە کە کۆمەڵگا نییە، دروستبوونی دونیایەکە لێوانلێو لە جیاوازی و دابەشبوونی تۆقێنەر. لەڕاستیدا ئەوەی لە کوردوستاندا دروستکراوە تەنھا جۆرێک لە پێەکەوەبوونی کۆمەڵایەتی لێکدابڕاو و بێپەیوەندی نییە، بەڵکو دروستکردنی دوو دونیای دژ بەیەک و ناکۆکە، دوو دونیا بەرەو ئەوەدەچن ڕق و ترس و ڕۆحی تۆڵەکردنەوە ببنە تاقە پردێک بەیەکیانەوە گرێبدات.
ئەو شڵەژانە گەورەیەی لە ھەڵوێستی دەسەڵاتدارانی کوردوستاندا بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان دەیبینن، ھێما بۆ ئەو ڕاستییانەی سەرەوەدەکات. لەچەند ھەفتەی ڕابردوودا بینیمان کارادنەوەی دەسەڵاتداران بەڕووی ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمەدا چەند ناعەقڵانی و پڕ ڕق و ترسائامێزبوو. یەکەم کارادانەوەیان برتیبوو لە لەشکرکێشی و ھەوڵدان بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی بەمەبەستی بێدەنگکردنی کۆمەڵگا. دوای ئەوە ھەوڵیاندا بەشێوازی جیاواز خەڵک بترسێنن و ناکۆکی لەنێوان خۆپیشاندەران و ناوچەکانی کوردوستاندا دروستبکەن. سێھەم جار کەوتنە بەکارھێنانی ستراتیژیەتی کوشتنی کات و گرەوکردن لەسەر بێتاقەتبوون و بێھیواکردنی خۆپیشاندەران. دواتر دەستیانبرد بۆ بەکارھێنانی ھەمان ئەو زمانەی کە خۆپیشاندەران بەکاریدەھێنن و سەرزارەکی دانیان بەوەدانا کە داواکاری خۆپیشاندەران نەک ڕەوایە، بەڵکو داواکاری دەسەڵاتداران خۆشیانە

گۆڕینی ئەم ستراتیژییانە بەم خێرایییە ھێما بۆئەوە دەکات دەسەڵاتدارانی کوردوستان وەڵامێکی ڕاستەقینەیان بە کێشەکان نییە. ئەگەر پرسیارەکەی سەرۆکی ھەرێم لە پرسیارەکەی ماری ئەنتوانێت بچێت، ئەوا ستراتیژییەکانی تریشیان لە ستراتیژیەتی ئەو ڕژێمانە دەچێت کە گیریان بەدەستی کۆمەڵگاکانی خۆیانەوە خواردووە و نازانن چ وەڵامێک بە توڕەبوونە کۆمەڵایەتییەکان بدەنەوە

No comments:

Post a Comment