Monday 28 February 2011

فرمێسکی تیمساح بۆ کەرکوک


چەند ڕۆژێکە لەگەرمەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی بەشێکی گەورەی خەڵک و ناوچەکانی کوردوستاندا بەرامبەر بە مۆدێلی سوڵتانییەی حوکمڕانانی کوردوستان، ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردوستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردوستان، زۆر بە گەرمی باس لە کەرکوک و ئەو مەترسییانە دەکەن کە ڕووبەڕووی ئەم شارە خەمبارە بوونەتەوە. باس لە خەونی عەرەبە شۆڤیەنییەکان دەکەن و باس لە مەترسی لەدەستدانی شارەکەدەکەن

دوو ساڵێک لەمەوبەر من لەیەکێک لە وتارەکانمدا بە وردی قسەم لەسەر مەسەلەی کەرکوک کرد و ھەقیقەتی ئەو سیاسەتانەم شیکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردوستان ویەکێتی نیشتیمانی بەرامبەر بەم شارە ھەیانە. لەوێشدا نیشانمدابوو بۆ ئەم دوو حزیبە جدی نین لە مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر کوردوستان و بۆ بێباکان بەرامبەر بە چارەنووسی ئەو شارە

بە درێژایی دەرچوونی مادەی ١٤٠ و مەسەلەی کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر خاکی کوردوستان، لانیکەم یەکێک لە کەمتەرخەمەکان، گەر کەمتەرخەمی ژمارە یەکیش نەبێت، بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ و پیشاندانی ئامادەگی بەردەوام بۆ پشتگوێ و دواخستنی ئەو مادەیە دەسەڵاتدارانی کوردوستان خۆیان بوون. یاداوەری ئینسنای ئێمە ئەوەندە کورت نییە ئەوەی لەیادچوبێت کە ھەم جەعفەری و ھەم مالیکی بە ئاشکرا لەوەدوان حکومەتی عێراق پارەی تەواوی بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ تەرخانکردوە، بەڵام کەمتەرخەمییەکە لە کوردەکان خۆیانەوە بووە. بێگومان ئەوە زۆر گرنگ نییە ئایا جەعفەری و مالیکی ڕاستدەکەن یان نا، ئەوەی گرنگە تەماشاکردنی ئەو سیاسەتانەیە کە دوو حزیبە کوردییەکە لەو شارەدا جێبەجێیانکردوە بەمەبەستی گەڕاندنەوە یان نەگەڕاندنەوەی ئەم شارە بۆسەر کوردوستان

بەبۆچوونی من کەرکوک کاتێک دەبێتەوە بە بەشێک لە کوردوستان، کە لانیکەم، ئیرادەیەکی سیاسی یەکگرتوو ھەبێت بۆ گەڕاندەوەی ئەو شارە، ئیرادەیەکی نەتەوەیی ئامادەبێت کە باز بەسەر قازانج و دەسکەوتی حیزبیدا بدات و مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوک نەک تەنھا وەک مەسەلەیەکی سەرەکی، بەڵکو وەک مەسەلەی ھەرە سەرەکی ئەمڕۆکەی کوردوستان مامەڵەبکات. ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە شێوازی ئیشکردنی پارتی و یەکێتیدا بینیومانە تەواو پێچەوانەی ئەم بەرنامە و ئیردە نەتەوەییە بووە. پارتی و یەکێتی بێ پەردەپۆشی کەرکوکیان بە شاقوڵی لەنێوانی خۆیاندا دابەشکردوە، تا ئەم ساتەش ھەرچی ئاکاری نەتەوەیی ھەیە لە سیاسەتی ئەم دوو ھێزەدا بەرامبەر بەم شارە لەئارادا نییە و لەئارادا نەبووە. ئەو دوو ئیدارەییەی کە کوردوستانی لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە دابەش و ئیفلیج کردوە و ئەزموونی کوردی بۆ ئەزموونی دروستکردنی دوو ئیمارەتی حیزبی دابەشکردوە، لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بێ ھیچ سڵەمینەوەیەک گواسترایەوە بۆ کەرکوک. لەمەشدا سڵیان لەوە نەکردەوە ئەم سیاسەت و بیرکردنەوە حیزبییە بەرتەسکە، بە دۆست و دوژمنانی کورد و بە بە خودی کەرکوکییەکان خۆشیان نیشانبدەن. ئەمە جگە لە گواستنەوەی ئەو گەندەڵییەی لە کوردوستاندا باڵادەستە بۆ ئەو شارە و بۆ ناو ئەو پەیوەندییانەی ئەم دوو ھێزە لەو شارەد لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ کۆمەڵگادا دروستیانکردوە. لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدامەوە ئەم دوو ھێزە بۆ یەک ساتیش چییە، خاوەنی ھەڵوێستێکی سیاسی نەتەوەیی نەبوون کە دەربڕی خەم و خەونێکی نەتەوەیی ڕاستەقینەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شارە بۆسەر کوردوستان

بەر لە ھەمووشتێک بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو کەرکوک شوێنی سەرنجی پارتی دیموکراتی کوردوستان و سەرۆکەکەی نەبووە، لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی بارزانیدا، چەند جارێکی ھێجگار کەم نەبێت، ئەم سەرۆکەی کورد سەردانی ئەو شارەی نەکردوە، کێشە و گرفت و چاوەڕوانییەکانی نەکردۆتە یەکێک لە خاڵە ھەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی کوردی. تاڵەبانیش تەنھا لە کات و ساتی ھەڵبژاردانەکاندا سەردانی ئەو شارەی کردە و سەردانەکانیشی خەمی دەنگ کۆکردنەوەی لە پشتبووە بۆ حیزبەکەی لە ھەڵبژاردنەکاندا، نەک خەمی گەڕاندنەوەی ئەو شارە بۆسەر کوردوستان. ھاوکاتیش تاڵەبانی خاوەنی ئەو پێشنایەرە بەناوبانگەیە کە دەیەوێت شارەکە بە یەکسانی و بە ڕێژەی ٣٢% لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمانەکاندا دابەشبکرێت، نەک ببێت بە بەشێک لە کوردوستان

ئەو پرسیارەی کە ڕەنگە پێویستبێت لێرەدا لە خۆمانی بکەیەن ئەمەیە: لەبەرچی پارتی و یەکێتی ئەوەندە خەم ساردن لەبەرامەبەر مەسەلەی گەڕاندنەوەی کەرکوکدا؟ بە بۆچوونی من وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زەحمەت نییە و بەر لە دوو ساڵیش لەمەوبەر لە یەکێک لە وتارەکانمدا بەدرێژیی ھێڵە گشتییەکانی ئەم خەمساردییەم شیکردۆتەوە. وا جارێکی دیکە لێرەدا زۆر بە کورتی ئەو شیکردنەوەیە دەخەمەوە بەردەمی خوێنەران

سەرەتا دەبێت لە لێکدانەوەماندا بۆ ڕووداوە سیاسییەکانی کوردوستان بەر لە ھەمووشتێک تەماشای ئەو ھاوسەنگییە بکەین کە لە کوردوستاندا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە. ئەم ھاوکێشەیەش زۆر سادەیە، پارتی حوکمداری کوردوستانبێت، لەبەرامبەریدا سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی لە بەغدا سەرۆک کۆماری عێراق بێت. ئەم ھاوسەنگییە بڕبڕەپشتی سیاسەتی کوردییە و ھەرچیشتێک ھەڕەشەی لێبکات نابێت بھێڵدرێت ڕووبدات. بەڵام ئایا ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم ھاوکێشە سیاسییە ھەیە، ئایا بەگەڕاندەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردوستان چ دۆخێک دروسدەبێت؟

بۆ ھەموومان ئاشکرایە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نیشانیداین، بەھزێترین ھێزی کوردوستان لە کەرکوکدا تا ئێستاش یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانە. یەکێتی لە کەرکوکدا زۆر لە پارتی بەھێزترە، ئەمەش مانای ئەوەی گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردوستان ھاوکێەشەی دابەشکردنی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا تێکدەدات. چونکە بەم گەڕاندنەوەیە قورسایی یەکێتی لە کوردوستاندا زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی کە ئێستا ھەیە و ئەمەش مەسەلەیەکە پارتی نایەوێت و ناتوانێت بەھیچجۆرێک قبووڵیبکات. بۆ پارتی باشترە لە سێ شاری کوردوستان نزیکەی دووشاریانی لەبەردەستدا بێت، نەک شارێکی تریشی بێتە سەر و لەژێر دەسەڵاتی ئەودانەبێت. لەم دیدەوە بۆ پارتی زۆرباشتر و بەسودترە کەرکوک نەگەڕێتەوە سەر کوردوستان و ئەو باڵادەستییەی ھەیەتی لێیتێکنەڵێت

ھەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانیشە، بەتایبەتی لە دوای درەستبوونی بزوتنەوەیە گۆڕان و لەدەستدانی بڕێکی زۆری دەسەڵاتی یەکێتی لەناوچەی سلێمانیدا، بۆ یەکێتی باشترە لانیکەم دەسەڵاتی لەیەکەێک لە شارەکانی کوردوستاندا لەھەموو لایەنەکانی تر بەھێزتر بێت. لانیکەم لەو شارەدا براگەورەبێت و ئەوانیتر ناچارکات گوێیلێبگرن. بۆیە بۆ یەکێتی باشترە خۆی بەتەنھا لە کەکەرکودا باڵادەستبێت، نەک ئەوەی کەرکوک بخرێتە پاڵ شارەکانی تری کوردوستان کە تیایایندا یەکێتی زۆربەی زۆری پێگەکانی دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە
بە مانایەکی تر ھەریەکە لە پارتی و یەکێتی بۆ ھۆکاری جیاواز، بە کردەوە حەز بە گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆسەر کوردوستان ناکەن، ئەمەش بە ئاکار و شێوازی ھەڵسوکەوتی سیاسی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەم دوو حیزبەوە دیارە. ئەوەی ئەمڕۆکە ئەم دوو حیزبە فرمێسکی تیمساح بۆ کەرکوک دەڕێژن و باس لە مەترسییەکانی دەکەن، جگە لە ھەوڵدان بۆ لەبیربردنەوەی داخوازی خۆپیشاندەرەکان و ھەوڵدانی چاکسازی ڕیشەیی لە سیستمی حوکمڕانی کوردوستاندا، شتێکی دیکە نییە.
باسکردنی خەم و پەژارەی یەکێک لە شارە گرنەگکانی کوردوستان لەم دۆخەی ئێستادا ئەو ھۆکارانەی لەپشتە، نەک ھیچ ھۆکار و مەبەستێکی تر. بۆئەوەی کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردوستان دەبێت سیستمێکی حوکمڕانی دروستبکرێت تیایدا نەتەوە وەک حیزب و نیشتیمان وەک ناوچەی نفوز و دەسەڵاتی ئەم دەسەڵاتدار و ئەو دەسەڵاتدار نەبینرێت.

مەریوان وریا قانیع
٢٨-٢-٢٠١١

No comments:

Post a Comment