Saturday 26 February 2011

بۆ گەنجانی توڕەی وڵات


ھەموو کردەیەکی سیاسی، ھەموو چالاکییەک بیەوێت دونیا بگۆڕێت، ھەرگیز بەتەنھا کردەیەکەی سیاسی ڕووت نییە، بەڵکو کردەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی گرنگیشە. دونیا ھەرگیز تەنھا بە سیاسەتی ڕووت ناگۆڕدرێت، بەڵکو پێویستی بە ھێزێکی ئەخلاقی گەورەش ھەیە کە بە ئینسان شێوازی نوێی ئینسانبوونی بەرپرسیار ببەخشێت. خاڵی گرنگ لە خەون و لە کردەی گۆڕینی دونیادا ئەویە لەو کەس و ھێز و لایەنانە نەچیت کە دونیایان وا خراپ و ناشیرین دروستکردوە، کە ئێوەیان ناچارکردوە بچنە سەر شەقامەکان و ھەوڵی گۆڕانی ئەو دونیا بدەن. ئەوەی دەیەوێت دونیایەک بگۆڕێت، نابێت لەوانەبچێت کە دونیایان بەشێوەیەکی ناشیرین و نائینسانی دروستکردوە. لە کوێدا ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن بەھەمان لۆژیک و بە ھەمان دەرون و بە ھەمان بیرکردنەوەی ئەوانەوە ئامادەبوون کە دونیایان دروستکردوە، لەوێدا دڵنایبن دونیایەک دروستدەبکرێتەوە گەر زۆر ناشیرینتر نەبێت، ئەوا بەھەمان ڕادەی ئەو دونیایە ناشیرینە کە ھەیە و لەئارادایە.

گەنجانی وڵات،
دەبێت ھەردەم ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاوبێت کە تەنھا کردە سیاسییەکان پێوەری ئەوە نین ئایا ئینسان چالاکەوانێکی بەئەمەک و ڕاستگۆ و ئینساندۆستە، بەڵکو ئەو دیدە ئەخلاقی و ئینسانییە شەرتە کە لەپاڵ کردە و چالاکییە سیاسییەکاندا ئامادەن. جوڵەکە خۆی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەو دید و عەقڵیەت و پاڵنەرە گرنگە کە ئینسانەکان دەجوڵێنێت. بۆیە ئەو چالاکەوانەی دێتە سەر شەقام و وزەیەکی ڕۆحی و سیاسی پێییە بۆ گۆڕانکاری، ئەوەی بەگژ نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی و بێمافیدا دەچێتەوە، دەبێت لەبەردەم ھەر ھەنگاوێکدا کە دەینێت پرسیارێکی ئەخلاقی لە خۆی بکات. لە خۆی بپرسێت منئەم کارە بۆ دەکەم و پێویستە چۆن و بە چ جۆرێک بیکەم. واتە چالاکەوانی ڕاستەقینە ھەمیشە پێوسیتی بەوەیە دادگایەکی ئەخلاقی بۆ خۆی و بۆ کار و کردەوەکانی دابنێت. خۆی ببێت بە ویژدانێکی ئینسانی و ئەخلاقی زنیدو بەسەر کار و کردەوەکانی خۆیەوە. خاڵی سەرەکیش لەم ویژدان و دادگا ناوەکییەدا دیسانەوە ئەوەیە لەو کەسانە نەچیت کە تۆ دەتەوێت بیناگۆڕیت. نە بە زمانی ئەوان قسەبکەیت، نە بەعەقڵی ئەوان بیربکەیتەوە و نە ئەو ئامرازانشە بەکاربھێنیت کە ئەوان بۆ دروستکردن و ھێشتنەوەی دونیاکەیان بەکاریدەھێنن. لە ھەرشوێنێکدا کردە و چالاکییە سیاسییەکان نەبسترانەوە بە موحاکەمەیەکی ئەخلاقی ناوەکی بەردەوامەوە لەوێدا مەترسی ئەوە دروستدەبێت دونیا بەھەمان ڕوخسارە ناشیرینییەکانییەوە بونیادبنێینەوە. یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سیاسەت لە دونیای دوای ڕاپەڕینی ئێمەدا تەڵاقدانی ئەو داوەرییە ئەخلاقی و ویژدانییە ناوەکییەیە، نەمان و لەدەستدانی ئەو ھەستە ئەخلاقییە ناوەکییەیە کە ئینسان دەکاتە بوونەوەرێکی ھەستیار و بەرپرسیار. سیاسەتی کوردی دونیا ئێمەی لەدوای ڕاپەڕینەوە پڕکردوە لە ئینسانی پڕ لە ڕق و پڕ لە دزێوی بێپرسیار و بێوژدان. لەڕاستیدا گەورەترین ئامراز بۆ لەناوبردنی ویژدان و ئەخلاق لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا سیاسەت بووە بەو مانایەی دەسەڵاتدارانی کوردوستان کاریانپێکردوە و باوەڕیان پێیبووە.

من لەم دوورە دەبینم ھاوڕێکانتان لەپاڵتاندا دەکوژرێن، برینداردەکرێن و ژیانیان لێئەدزرێت، ئەو ھەموو خەم و توڕەیی دەبینم کە لە مردنی ئەو کەسە ئازیزانەوە دێنەدەرێ، بەڵام حەزدەکەم جارێکی دیکە ئەوەتان بۆ دووبارە بکەمەوە کە گرەوی سەرکەوتنی ئێوە لەوەدایە نەبنە ھەڵگری عەقڵیەت و نەفسیەت و ئاکاری ئەوانەی تەقەکانتان لێدەکەن. ئەوانەی کە شەھید دەبن بۆئەوە ناچنە سەرجادە بڕ و ڕادەی ڕقی ئێوە لە دەوربەری خۆتان زیاتربکەن، بەڵکو بۆئەوە دەچن دونیایەک دروستبکەن خاڵی لە ڕق و بوغزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی. بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕ و ڕادەی توندتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا زیادیکرد، جارێکی تر فیشەک تەقێندرایەوە و کۆمەڵێک مرۆڤی بێتاوانی تر ژیانیان دۆڕان. بەڵام پێدەچێت لە ڕۆژانی داھاتووشدا زۆرجاری تر پێوستمان بە دووبارەکردنەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەبێت کە گرەوی ئەم جۆرە بزوتنەوە سیاسییانە لەوەدایە توندوتیژ نەبن، بتوانن باوەش بۆ برینەکانی خۆیان بکەنەوە و پەلاماری ھەمان چەک نەدەن کە لەو دونیایەوە پێوەیان دەنرێت کە ئەمان دەیانەوێت بیگۆڕن

چەک و توندتیژی ھی ئێوە نییە، ھی ئەوانەیە کە ناھێڵن دونیای خۆتان دروستبکەن، ئەوەی بیەوێت دونیایەکی نوێ دروستبکات لەباتی چەک، پێویستی بە شیعرە، پێویستی بە ئەخلاقە، پێویستی بە ڕێزگرتنی ئینسان و ژیانە.


مەریوان وریا قانیع
٢٧-٢-٢٠١١

No comments:

Post a Comment