Thursday 24 February 2011

من لەگەڵ کێدام

19 February 2011

من لەگەڵ کێدام؟
نەوەیەکی توڕە و دەسەڵاتێکی کەڕ

مەریوان وریا قانیع

ساڵانێکی درێژە کۆمەڵگای ئێمە قسەدەکات و دەسەڵاتداران نایبیستن، گوند و شارۆچکە و ناوچە فەرامۆشکراوەکانی نیشتیمان دەدوێن و سیاسییەک نییە گوێیانلێبگرێت، نەوەیەک لەدوای ڕاپەڕینەوە دێت و گەورەدەبێ و قسەدەکات، بەڵام دەسەڵاتی کوردی نایانبیستێ. ساڵانێکی درێژە من و دەیانی تری وەک من ھاواردەکەین نیشتیمان مەکەن بە ماڵی حیزب، ئابوری وڵات مەخەنە دەخیلەکانی خۆتان و دەخیلەکانی حیزبەوە، ئینسانی ئێمە توشی نائومێدی مەکەن، دەسەڵات مەدەن تەنھا بە ئەندامانی خێزان و خزم و ھاوڕێکانی خۆتان، لوتبەرزی مەکەنە ئاکاری سەرەکی دەسەڵات، خۆتان بە نەتەوە و دیدی خۆتان بە دیدی کورد و قازانجی خۆتان بە قازانجی کۆمەڵگا یەکسان مەکەن، وامەکەن ئەوەی وەک ئێوە نەدوا بە ناپاک و سەرلێتێکچوو و شێوێنەر ناوێبنێن. لەشکری حیزبی دروستمەکەن، جیھازی ئیداری وڵات مەکەنە جیھازێکی حیزبی، میدیایەک دروستمەکەن ھەموو کارێکی بەرگریکردنبێت لە ئێوە و قسەگوتنبێت بەوانەی لە ئێوە ناچن. ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و چالاکەوانی کۆمەڵگای مەدەنی مەکڕن. ساڵانێکە ھاواردەکەین مۆدێلێکتان لە پارەپەیداکردن و دەوڵەمەندبوون دروستکردوە ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت قبووڵیبکات، دابەشکردنێکی وەزیفە و پلە و پایەی سیاسی و ئیداریتان داھێناوە بە پێوەرەکانی بەعس و سەدامیش دواکەوتوە.
 
ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە بەو ساتەوەختە گەیشتوە کە ناتوانێت چیدی بێدەنگبێت، ناتوانێت ئەوەی دروستانکردوە قبووڵبکات، ناتوانێت وەک ڕەعیەتێکی دەستلەسەرسنگ ڕاوەستێ و تەنھا کاری ئەوەبێت چەپڵەتان بۆلێبدات. ئەمڕۆ کۆمەڵگایەک دروستبووە دەچێتە سەرجادە، توڕەدەبێت، ھاواردەکات، دەڵێت نا. کارەساتەکە لەوەدایە وەڵامی ئێوە بەسەربازیکردنێکی تەواوی فەزای شارەکان و فەزای پەیوەندییەکانە، یەکسانکردنی سیاسەتە بە ھەڕەشە و فشار و تۆقاندن، تەقەکردنە لەو گەنجە توڕانەی نازانن چی لە توڕەیی خۆیان بکەن. شوێنێک نادۆزنەوە ئەو توڕەییەی خۆیانی تێدادابنێن. ئەمە یەکەمینجارە مێژووی ئێمە نەوەیەک بەو ئەندازەیە توڕە دروستبکات، ئەمەش شتێک نییە لە ئاسمانەوە کەوتبێتەخوارەوە، یاخود دەستی دوژمنان و ناحەزان دروستیکردبن، وەک ئێوە دەڵێن. ئەم نەوەیە بەرھەمی شێوازی کارکردن و بیرکردنەوە ھەڵسوکەوتی ئێوەیە وەک حوکمڕان و دەسەڵاتداران لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا.
 
لەم جۆرە ساتانەدا زەحمەتە ھێمنی بۆناو کۆمەڵگا بگەڕێتەوە، دەبێت شتگەلێک ڕووبدات سیفەتی موعجیزەیان ھەبێت. سەرەتای ئەم موعجیزەیەش بەوەدەستپێدەکات دەسەڵات گوێ لە بوونەوەرە ناڕازییەکانی دونیای ئێمە بگرێت، کەناڵێکی گەورەی پەیوەندیکردن لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا بکاتەوە کە چونەتە سەر شەقامەکان، بەڵێنی ڕاستەقینەیە بدات بەجێبەجێکردنی داخوازییەکانیان، واز لە عەقڵیەتی بە تێکدەر و بە گێرەشێوێن و بە خائین ناوبردنی ئەو بەشە توڕە و زیندوەی کۆمەڵگای ئێمە بھێنێت کە ئەمڕۆ لەھەمووشتێکی ئەو وڵاتە زویرە. ئەوەی ئێستا و ساڵانێکی درێژی بەر لە ئێستاش پێوستی بەوەبووە گوێگبرێت دەسەڵاتە و دەسەڵات بووە. گەورەترین مەترسی لەسەر ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێمە ئەوانە نین توڕەن و دەچنە سەرجادەکان، بەڵکو ئەو دەسەڵاتدارانەن کە بەڕۆژوون لە گوێگرتن، کە لە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە دەوەستن و بە دەنگێکی ھێمن و دروستکراو باس لە حوکمی یاسا و گرتنەبەری ڕێگای یاسایی دەکەن. ئاسایش بەوە دروستنابێت خەڵک بترسێنیت و گوێیانلێنەگریت و تەقەیان لێبکەیت، ئاساییش بەوە دروستدەبێت دەسەڵات بەرپرسیارانە کاربکات، لەباتی لەشکرکێشی ئیرادەی ڕاستەقینەی چاکسازی نیشانبدات. دەسەڵاتداران من تەنھا یەک ڕێگا شکدەبەم بۆ دەرچوون لەم دۆخە کارەساتئامێزە: گوێگرتنی ڕاستەقینەی ئێوە لە ناڕەزاییەکان و کارکردنێکی ڕاستەقینەش بۆ چاکسازی گەورە لە کوردوستاندا.

No comments:

Post a Comment