Friday 25 February 2011

پەڕینەوە بەرەو کوشتن


ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع

سەرەتا

پاش گوللەبارانکردنی خۆپیشاندەران و دوای کوشتنی ھەرزەکارێک و ئەگەری مردنی یەکێکی تریش کە لە حاڵەتی کۆمادایە و بریندارکردنی زیاتر لە پەنجا گەنج، دەبێت بۆدواجار پرسیار لە میسداقییەتی سیاسی و ئەخلاقیی ئەو حیزبانە بکەین کە یەکدەنگن بەرامبەر بەم تاوانە و ئەوانەشی بێدەنگن بەرامبەر بە سەرھەڵدانی تیرۆری سیاسیی لەوڵاتی ئێمەدا. ئەوەی پارتی لە سلێمانیدا ئەنجامیدا، قۆناغێکی نوێییە لە تاوانی سیاسیی، قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگا بە چەک
 
ساڵانێکی درێژە ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەک تەنھا ھەمووشتێکی ئەم وڵاتە، بەڵکو ئینسانەکانیش بە موڵکی شەخسی خۆی دەزانێت. ئەوان پێیانوایە نەک ھەر تەنھا خاوەنی دەسەڵات و ئابوری و شاخ و دۆڵ و شار و شەقامەکانی وڵاتن، بەڵکو خاوەنی ئەو ئینسانانەشن کە تیایدا دەژین. بۆیە ژیان و مردنی خەڵکیش ھەر بەدەستی ئەوانە. ئەوەتا بە ئاشکرا دەبینین ئەم دەسەڵاتدارێتییە سڵ لەوە ناکاتەوە "کوشتنی بەئەنقەست" بکاتە بەشێک لە میتۆدەکانی پیادەکردنی دەسەڵات. دەبینین چۆن تیرۆر بە ئاشکرا بووە بە مۆدێلێک بۆ فەرمانڕەوایەتی و ترسناندنیش بە کەرەسەیەک بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێی دەستەجەمعی. ئەم مۆدێلە سوڵتانییە لە دەسەڵاتدارێتی دووحیزبیی پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە لە مامەڵەیدا لەگەڵ کۆمەڵگا و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەویش قۆناغی پەلاماردانی سەربازییە
 
پێدەچێت ئەم دەسەڵاتدارێتییە پێویستی بە ریفۆرم نەمابێت، لەڕاستیشدا ڕیفۆرم تەنھا لەگەڵ عەقڵییەتێکدا دەکرێت کە بڕوای بەوە ھەبێت کە ھەڵەی گەورەی کردوە و ئامادەیە چارەسەریبکات، عەقڵییەتێک کە بڕوای بە ماڵئاواییکردن و سەرلەنوێ دروستبوونەوە ھەبێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارێتییە کوردییە نییەتی ئەوەی ھێناوە کە نەک تەنھا ئەبەدیی بێت و تا ھەتاھەتایە حوکمبکات، بەڵکو ئامادەش نییە ساکارترین پیاچونەوە بۆ ئەو مۆدێلی حوکمڕانیی و ئیدارییەدا بکات کە دونیای ئێمەی ھێناوەتە سەر لێواری نغرۆبوون

ڕووداوەکانی سلێمانی نیشانیداین دەسەڵاتدارێتی کوردیی چووەتە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی تیرۆرەوە. ئێمە بۆیە دەڵێین تیرۆر، چونکە دەبینین نە پارتی کە بەرپرسی سەرەکیی ئەم کردەیە بوو و نە ھاوەڵی دەسەڵاتدارێتییەکەشی، یەکێتی، لە ھەموو بەیانەکانیاندا دانیان بە بچووکترین ھەڵەدا نەناوە. کەسیان تەقەکردنیان لە گەنجانی خۆپیشاندەر وەکو تاوان تەماشانەکردوە و لەبەرامبەر لێپرسینەوەش لە بەرپرسەکانیاندا بێدەنگن. ھاوکات پێشناچێت ئامادەی ئەوەبن داوای لێبوردن لە گەنجەکانی سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بکەن و کۆتایی بە بەسەربازیکردنی ژیانی مەدەنیی لە کوردستاندا بھێنن

ئەوەی بۆ ئێمە جێگای سەرنج و ڕەخنەیە بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو بەتایبەت بەرامبەر بەو کارەساتەی کە لە شاری سلێمانی کەوتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە شایستەی سەرسوڕمانە ئەو بێدەنگییەی ئۆپۆزیسۆن بوو بەرامبەر بە ھەموو ئەو گوللەباران و جووڵە سەربازییە ترسناکەی کە دەسەڵات لە شارەکەدا دروستیکرد. ئۆپۆزیسۆن بۆئەوە نییە ڕووداوەکان وەکو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بگوازێتەوە، یاخود خۆی لێگێلبکات و بڵێت ئەمە ھی ئێمە نییە، لە ھەمووشی خراپتر ئەوەیە کە بە زمانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات بدوێت و ئەو دەستەواژانە بەکاربھێنێت کە دەسەڵات بۆ ئەم گەنجانەی داھێنابوو. ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوەیە ببێت بەو سەکۆ مەدەنییەی کە بەفیزیی و دڕندەیی دەسەڵات دەربخات و فەزایەکی شارستانیی بۆ گفتوگۆی ئەو دەنگە ناڕەزایانەی ئەم کۆمەڵگایە فەراھەمبکات. فەزایەک دوور لە ڕق و کینە و توندڕەوێتی، دوور لە تەخوین و تەکفیر بێت.

حیزب وەکو دەزگایەکی بێگوێ
 
دەسەڵاتی کوردی دوو سیفەتی زۆر خراپی ھەیە: نە گوێدەگرێت و نە تێدەگات. گوێناگرێت، نەک لەبەرئەوەی بەھۆی سەرقاڵبوونیەوە بە ئەرکە نەتەوەییەکانەوە کاتی بۆ گوێگرتن نییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە وەکو زۆرینەی حوکمڕانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر کورسی دەسەڵات کەڕوویان ھێناوە، جگە لە دەنگی خۆیان گوێیان لە ھیچ دەنگێکی تر نییە. ئەو مۆدێلە دیموکراسییە شانۆگەرییەش کە دایانھێناوە، لەوێنەی سازدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسان و گروپ و ڕێکخراوەکان، بۆئەوە نییە کە گوێ لە خواستەکانی خەڵک بگرن بەڵکو بۆئەوەیە تەنھا نیشانیبدەن کە ئەوان دەبیستین. بیستنیش مانای گوێگرتن نییە، چونکی گوێگرتن پابەندە بە تێگەشتنەوە. دەسەڵاتی کوردیی گەر گوێشبگرێت، بەمەرجی ئەوەیە کە بە قسەی کەس نەکات و کەسیش قسە لەقسەی ئەودا نەکات. بێگومان ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەوە تێگەیشتوە کە ناتوانێت ڕێ لە دروستبوونی دەنگ بگرێت و ناتوانێت ھەموو شتەکان سانسۆربکات. ئەوەی لە ھەولێر سانسۆر دەکرێت لە سلێمانی بڵاودەبێتەوە و ئەوەی ناھێڵن لەناو میدیاکاندا ڕووبدات، لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە. ئەم دۆخە وایکردوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەباتی بێدەنگکردنی خەڵک سیاسەتی بێنرخکردنی دەنگی کردۆتە ستراتیژیەتی خۆی

ئەم ئەزموونە سیاسییەی وڵاتی ئێمە نەخواستی ئەوە بووە و نە ویستووشیەتی بزانێت ڕای گشتی چۆن بیردەکاتەوە و شەقامەکان چیدەڵێن. تەنانەت گوێشی لەو باڵ و کەسایەتییانەی ناو حیزبەکەی خۆی نەگرتووە کە ڕایەکیان ھەیە جیاواز لە ڕا و بۆچوونەکانی ئەو نوخبە ئۆلیگارشییەی کە حیزب ئاراستەدەکات. تاکە خواستێک سیاسەتمەدارانی کورد ھەیانبێت، بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵک نەک ناسینی خەڵک. لەم مۆدێلەی حوکمڕانیدا ئەرکی حیزب و ئەندامەکانی گوێگرتن و چاودێریکردنی بیرکردنەوە و جووڵەی خەڵکە نەک کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەمەکانی خەڵک و ناسین و زانینی خواستەکانیان. لێرەدا نزیکیی و دۆستایەتییەکی گەورە لە نێوان سیاسەتی دیکتاتۆریی و سیستەمی ئیستیخباراتیدا دەردەکەوێت. ئاشکرایە سیستەمە دیکتاتۆرەکان زۆر نزیکن لە خەڵک، زۆر تێکەڵاوی خەڵک دەبن، زۆریش گوێبیستیان دەبن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا دەیبینین. لە سیستەمی دیموکراسیدا بارۆمەتری سیاسی ھەیە، دەزگای تایبەت ھەیە ھەموو ھەفتەیەک ڕای گشتی دەپێوێت و لە دەزگاکانی چاپ و ڕاگەیاندنیشدا دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسییانە بۆ خەڵکی بەیاندەکرێت. ئەم ئەرکە لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا دەدرێتە دەست دەزگای ئاساییش و موخابەرات و ھەندێک شانە و خانەی حیزبیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕای خەڵکی و چەشنی بیر و بۆچوون و چێژی سیاسییان. ئاشکرایە زانیاری مەرجی تێگەشتنە لە کۆمەڵگا، بەڵام ئەم تێگەیشتنەی دەسەڵاتدارێتی کوردیی تێگەشتنێکی ئیستیخباراتییانەیە، واتە کۆکردنەوەی زانیاری بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی داخوزییە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو بە مەبەستی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی کۆمەڵگایە. مەسافەی نزیکیی دەسەڵات لە خەڵکەوە بەقەد نزیکیی لوولەی تفەنگەکانیانە لە سنگی ناڕەزایانەوە. ئێمە دەتوانین دیموکراسییەتی سیستەمێک تەنھا لەو جۆرە چرکەساتانەدا بپێوین کە دەسەڵات ترسی لادورستدەبێت. گەر کوشتن و ڕاوکردن بوو بە بەشێک لە سیناریۆی دەسەڵات، ئەوا دەبێت لەوە بترسین کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات دەبێت بە پەیوەندی نێوان نێچیر و ڕاوکەر. دەسەڵاتداران وەک ڕاوکەرێکی بێویژدان و دڵڕەق و کۆمەڵگاش وەک نێچیرێکی بێپەنا. ئەم ڕاستییەشمان لە کوشتنی منداڵێکی وەکو (ڕێژوان)دا بینی. ڕێژوان نموونەی یەکێکە لەو منداڵە نائومێدانەی کە دەسەڵات نە ویستی گوێیلێبگیرێت و نە ویستی بزانێت چیدەوێت، بەڵام ئامادەبوو کە ھاتە گۆ و قسەیکرد فیشەکی پێوەبنێ. ئەوەی پارتی لە سلێمانی کردی نیشانیداین کە حیزب تا ئێستاش چەند بێنرخانە تەماشای ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە دەکات، چۆن ھەمیشە ئامادەیە بە زمان و کەرەسەکانی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ ھەموو دەنگێکی نەیار بەخۆی دەدوێت

حیزب وەکو دەزگایەکی داوەریی
 
پارتی دەیەوێت پێمان بڵێت جیاوازی نێوان بکوژ و کوژراو تەنھا لەوەدایە کە بکوژ زووتر دێتەدەست. بەم مۆدێل و تێگەشتنە عەسابانەیە لە سیاسەت دەیەوێت قەناعەتمان پێبکات کە تاکە تاوانی بکوژەکانی لقی چوار ئەوەیە کە دەستوبردانە ئەو گەنجە گێرەشێوێنانەیان کوشت و ڕاونا، ئەگینا ئەگەری ئەوە ھەبوو کە ئەوان ئەمەیان بە ئەندامەکانی پارتی بکردایە. ئەم لۆژیکە لە ڕاڤەکردن تەنھا یەک شتمان پێدەڵێت ئەویش ئەوەیە کە حیزب لە کوردستاندا لەسەرووی یاساوە ماف بە ئەندامەکانی خۆی دەدات بەئارەزووی خۆیان تەفسیری چەمکی ”بەرگری لەخۆکردن“ بکەن و لەوێشەوە شەرعییەت بە ھەموو کردەیەکی مافیایی بدەن. با ئەو کردەیەش دژ بە کەسانی مەدەنی بێت، دژ بە گەنجانێک بێت کە ھێشتا تەمەنی یاسایی ئەوەیان نییە تونای حوکمی عەقڵانیان ھەبێت و بتوانن دەرئەنجامی کردەکانیان ھەڵسەنگێنن. بەشێوەیەکی گشتیی چەمکی یاسایی "کوشتنی بەئەنقەست" لە فەرھەنگی سیاسیی حیزبیی کوردیدا غائیبە، چونکە دەسەڵاتداران پێیانوایە حیزب و ئەندامەکانی شایستەی ھەڵە نین و موقەدەسن. ئەمەش مانای ئەوەی ھەموو ھێرشێک بۆسەر بارەگای حیزب ھێرشە بۆسەر پیرۆزیی حیزب و ھەموو بەرگرییەک لە ڕەمزییەت و ئەندامانی حیزب و موڵک و سامانەکانی، بەرگرییە لە یاسا. یەکسانکردنی حیزب بە یاسا و یەکسانکردنی بەرپرسانی حیزب بە داوەر گاڵتەکردنێکی گەورەیە بە سەرجەمی ئەو یاسایانەش کە دەسەڵاتداران خۆیان لە وڵاتەکەدا دروستیدەکەن. بۆیە ئێمە چیدی بەلامانەوە سەیر نییە ھێزێکی پڕچەکی سیاسیی، کە ھەموو دەزگاکانی ئاساییش و پۆلیس و یاسا و مروری بەدەستەوەیە، دژ بە چەندسەد گەنجێک کە بەردەبارانی بارەگاکانیان دەکەن جگە لە زمانی فیشەک زمانێکی تری نییە بۆ دوواندن و گفتوگۆکردن. بەلامانەوە سەیر نییە، چونکی ئەم ھێزە بووە بە دێناسۆرێکی ترسناک کە بە زمانی مردن قسەدەکات 
 
سەرکردایەتی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کۆبوونەوە و بەھەردووکیان بەیانێک دەرکرد. کۆی ناوەڕۆکی ئەم بەیانەش بریتی بوو لەو ڕستەیەی کە لەڕاستیدا ھێندە سواوە، کەس تاقەتی گوێگرتنی نەماوە: "یاسا دەبێت سەروەر بێت". ھەردوو حیزبەکە داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن "لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو جدی له‌م بابه‌ته‌ بكات و ئه‌وانه‌ی پیلانیان داڕشتووه‌و ئه‌وانه‌ی بۆنه‌ته‌ ئالییه‌تی ئه‌و پیلانانه‌و ئه‌م ئاژاوه‌یان له‌شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی دروستكردو بوونه‌ هۆی ناڕه‌حه‌تی و دڵه‌ڕاوكێی جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری شاره‌كه‌ راده‌ستی یاسا بكات و سزا بدرێن". پرسی ئێمە ئەوەیە ئەو ئەدرەسەی ئەم پەیامەی ئاراستەکراوە لە کوێیە؟ لە ھەولێرە یان سلێمانی؟ حکومەت ھی کێیە؟ حکومەتێک کە ھی خۆتانە و ئێوە داوا لە خۆتان دەکەن کە بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت؟ ئەمە لە چ وڵاتێکی دیموکراسیدا ئەم چەشنە گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵک دەکرێت؟ ئەرێ بەڕاست ئەو کۆمەڵە گەنجە بوون بە ھۆی ناڕه‌حه‌تی وبێزاری و دڵه‌ڕاوكێی ‌خەڵکی‌‌ شاره‌كه، کاتێک بەردەبارانی بارەگای پارتییان کرد، یان ئەوانەی کە فیشەکبارانی ئەم گەنجانەیان کرد و پاشان ھێزی تایبەتی حیزبیی گەورەیان لە پایتەختەوە ڕەوانەی "شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی" کرد. کامیان ھۆکاری پشێوی و ناڕەحەتییە، ئەو کۆمەڵە گەنجە بەردبەدەستە یاخود ئەو چەکدارانەی کە کەی بیانەوێت تەقە لەو کەسانە دەکەن کە حیزب بۆیان دەستنیشاندەکات. ئەمە چ لۆژیکێکی سیاسی ترسناکە سەرۆکی وڵاتێک ھێزێکی تایبەت بەخۆی لە پایتەختەوە ڕەوانەی شارێکی تر بکات بۆئەوەی بارەگایەکی حیزب بپارێزرێت 
 
ئێمە وایدەبینین کە چەندین فۆرمی جیاواز لە کردەی کوشتن ھەیە؛ کوشتن ھەیە دەچێتە خانەی قەتڵەوە و کوشتنیش ھەیە شایستەی لێخۆشبوونە و ھەندێکی تریشیان دەبێت بە ھۆکاری ناوبانگ پەیداکردن. ئەم کوشتنەی ڕێژوان، کوشتنێکی سیاسییە، قەتڵە بەمانا تەعەمودییەکەی، ناشەرعییە بەمانا ئێتیکییەکەی، شایستەی لێخۆشبوون نییە و تاکە ناوبانگێکیش بۆ مێژووی ئەم حیزب و دەسەڵاتەی دروستبکات بریتییە لە ناوبانگی وەحشیگەریی.

حیزب وەکو ھێزی سەرووی یاسا

لە دونیای دەوڵەتی یاسادا زاراوەیەک ھەیە کە گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەویش پرنسیپی(Proportionality) واتە بەکارھێنانی ھێزی گونجاو بە قەبارەی ئەو کێشەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیاریکراو. واتە بۆ نموونە نابێت دەبابە بەکاربھێنرێت بۆ بەگژاچوونەوەی لایەنگرانی توندوتیژی تیپێکی دوگۆڵیی، یاخود تەور بەکاربھێنرێت بۆ بڕینی لقی گوڵێک. ئەم پرنسیپە تەنھا پرنسیپی دەوڵەتە نەتەوەییەکان نییە کە دیموکراسییەتیان کردووە بە فۆرمی حوکمڕانی، بەڵکو بووە بە بەشێک لە پرنسیپی پەیوەندی نێوەنەتەوەییەکان و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە گرنگێتی گەورەی پێدەدرێت. بۆ نموونە کاتێک ھێزێکی گەورە دژ بە ھێزێکی بچووک دەجەنگێ و چەکی ھێندە قورس بەکاردەھێنێت کە لەو جەنگەدا ھیچ پاساوێکی بەکارھێنانیان نییە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە ناڕەوا دەبینرێت. یاخود کاتێک پۆلیس لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا زیادەڕەویی دەکات و بە شێوەیەکی نایاسایی توندوتیژی بەکاردەھێنێت. ئەمانە دیارە ھەموو شەڕی یاسایین، ئێمەش لێرەدا مەبەستمان نییە درێژەی پێبدەین، ئەوەی گرنگە ئەو پرنسیپەی سەرەوەیە کە دەسەڵاتی دیموکراسی کاری پێدەکات و ڕێزیدەگرێت. وەڵامی ھێزەکانی پارتی، وەکو دەسەڵاتێکی زەبەلاح، وەڵامێکی کوێرانە و دڵڕەقانەی ھێزێکی پڕ چەک بوو دژ بە ھێزێکی مەدەنی کە تەنھا بەردی پێبوو. جارێ سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوونبکەینەوە کە چەک و حیزبی مەدەنییان نەگوتوە، بارەگای حیزبی چەکدار و دەوڵەتی یاسایان نەگوتوە، حیزب و تەمێکردنی خۆپیشاندەرانیان نەگوتوە. سەرجەمی ئەم ئەرکانە ئەرکی پۆلیسن، کەچی لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە وەزیفەی حیزب و دەزگای پاراستن و ئاساییشەکانی. ئەمە تەنھا لە فەرھەنگی سوڵتانییەتی سیاسیی حوکمڕانی کوردیدا دەتوانین جێگای بکەینەوە. بەبێ کۆتاییھێنانیش بەم مۆدێلە لە حیزبایەتی و لە دابەشکردنی ڕۆڵ و کار نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین کە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتەوە بەرەوە کارەساتی تر و خراپتر نەڕوات. ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتیی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو ھەموو کێشەیەی لە کوردستاندا ھەیە.

حیزب وەکو مەعەسکەر

بارەگاکانی حیزبی کوردی کاراکتەری مەعەسکەریان ھەیە، نەک تەنھا لەبەرئەوەی کە ئەندامەکانی چەکدارن و ھەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریی و ھێرشکردن، بەڵکو لەبەرئەوەی جەوھەری ئەم پێکھاتەیە لە ھەموو عەقڵییەتێکی مەدەنی داماڵراوە. چ حیزبێکی مەدەنی لە دونیادا جورئەتی ئەوەی ھەیە بە ڕایگشتی بڵێت ”ئەوەی پەلاماری بارەگاکانمان بدات، دەستی دەبڕینەوە“، ئەمە لە کاتێکیشدا کە ھەموو دەزگا بەناو شەرعییەکانی حکومەت لەژێر ڕکێفی خۆیدابێت. چ سیاسەتمەدارێکی دیموکرات دەدۆزیتەوە جورئەتی ئەوەی ھەبێت خۆی یاسا و ڕێسا بۆ شەرعییەتی تەقەکردن دابنێت و پێمان بڵێت: ئەی چەکدارەکانمان چیبکەن، چاوەرێبکەن تاوەکو خۆپیشاندەران دەیانکوژن! ئێمە نازانین ئەم درۆ گەورەیە تا کەی کە باس لە سەروەریی یاسا دەکات. ھەر حیزبێک بیەوێت دەستی خەڵک ببڕێتەوە لەوەدەکەوێت حیزبێکی سیاسی و مەدەنی بێت و دەبێتە ھێزێکی مافیایی بەربەریی. کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، بانگەشەی ئەوە دەکات شەرعییەتی سیاسی ھەیە چونکی لەڕێگای بەشێوەی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە، بەڵام خۆی بخاتە ئاستی بکوژێک و بڕیاری تەقەکردن بە مەبەستی کوشتن دژ بە مناڵێکی شانزە ساڵان دەربکات، چ شەرعییەتێکی بۆ دەمێنێتەوە؟

حیزب وەکو ھەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

دەسەڵاتدارانی ئەم دوو حیزبە ساڵانێک قەناعەتیان بە شەقامی کوردیی ھێنابوو کە مەترسیی گەورە لەسەر ”ئەزموونە ساواکەیان“ ھەیە، لە ھەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و چواردەوریان بە دوژمن تەنراوە، بۆیە خەڵکی دەبێت دەستبەرداری رەخنەگرتن و چاوەڕوانی چاکسازیی بن و سیاسەتی ئەم دەسەڵاتدارێتییە "حیزبزادە"یە نەخەنە ژێر پرسیارەوە. دوای نۆزدە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم ئەزموونەدا، گفتوگۆی ناو ڕایگشتی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت ئەوەی مەترسی لەسەر ئاساییشی کوردستان دروستکردووە خودی سیاسەت و کارکردن و بیرکردنەوەی ئەم دوو پارتەن، نەک خواستی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەورەکردنی سنوورەکانی ئازادی و دادپەروەیی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی. پارتی و یەکێتی ساڵانێکە لە ھەوڵی ئەوەدان ھەموو دەنگێکی ئازاد بە پاساوی ئەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەزموونی کوردیی گەورەن، بخنکێنن. ڕاستییەک ھەیە کە دەبێت باسی بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ھۆشمەندیی و بەرپرسیارێتی تاکی ئێمە بەرامبەر ئەم مێژووە و ئەم ئەزموونەی کە ھەموو بەشدارن لە دروستکردنیدا، وایکردووە ھۆشمەندانە دەستبەرداری بڕێکی زۆر لە ڕەخنە ڕیشەییەکانی بێت و بۆ چەندین ساڵ لە کەموکورتییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە حیزبییە چاوبپۆشێت. بەڵام تێپەڕبوونی نۆزدە ساڵ و گەیشتن بەم قۆناغە پڕتەنگەژەیە ئەو ھەستەی لای گەنجان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردوە کە ئینسانی کوردی خەریکە لەپێناوی ئەم چەمکی ئاساییشەدا ئازادییەکانیشی لەدەستدەدات. ئەم مەسەلەی ئاسایشە بووە بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بەو سیاسەت و ئاکارانەی دونیای ئێمەیان لێوانلێوکردوە لە بێدادیی و گەندەڵیی و ڕق. ئەم دۆخەش ھەستێکی دەستەجەمعیی لای خەڵک دروستکردوە کە مەسەلەکە پەیوەندی بە پرۆسەی بەگەمژەکردنێکی بەئەنقەستی خەڵکەوە ھەیە. چونکە ناڕەوایە تۆ باسی سەروەریی یاسا و پاراستنی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن و دیالۆگ بکەیت، بەڵام لەسەر شەقامەکانی سلێمانی بەبەرچاوی پۆلیسی شارەکە و ڕاگەیاندنی کوردیی و ناوچەیی و جیھانییەوە گوللەبارانی خۆپیشاندەران بکەیت. دوای ئەوەش ئەو پاساو و بەیاننامانە دەربکەیت کە دۆخەکە ئاڵۆزتر و کێشەکان گەورەتر و سەختتر دەکەنەوە 
 
پارتی و یەکێتی دونیایەکیان دروستکردوە تییایدا چەمکی ”ئاساییشی نەتەوەیی“ بۆتە گەورەترین درۆی سیاسیی خۆماڵیی کە ئەم دوو حیزبە بۆ دەمکوتکردنی ھەموو ڕەخنەیەکی جیدی و دڵسۆزانە دایانھێناوە. ئەم ئەفسانەیە کاتێک دەبێت بە نوکتەیەکی سیاسی کە پاش دەرچوونی بەیاننامەیەک لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەسەڵات دەکەوێتە ھەلەکەسەمای سەربازیی و ڕووی لوولەی دەبابە و تۆپەکانی دەکاتە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆن. قسەیەک ھەیە دەڵێت: ھەموو ھەڵەیەک کاتێک ئەوانی تر بیکەن گەلێک گەمژانە دێتە بەر چاو. دەسەڵات بەیاننامەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بە ھەڵەیەکی سیاسی لەقەڵەمدەدا، تا ئێرە ھەقی خۆیەتی و دەتوانێت شەڕی ئەرگومێنێت بە ئەرگومێنت بکات، بەڵام کە لە شەڕی ئارگومێنتەوە بوو بە کردەی لەشکرکێشی و ڕۆچوونە ناو زمان و ڕێزمانی شەڕی ناوخۆەوە، کە بووە بە ئامرازێک بۆ ترساندنی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگای کوردی، ئیدی تەماشاکردنی ئەم کردەیەی دەسەڵات لە دیدێکی بێلایەنەوە دەبێت بە گەمژەییەکی سیاسی گەورە. گەمژەییەک کە شایانی لێبوردن نییە. ھەر ئەم نماییشە ھەڕەشەئامێزەش بوو کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی ١٧ی مانگدا بوو بە واقیع، کە لە کوشتن و بریندارکردنی گەنجان لە سلێمانی و سووتاندنی باره‌گاکانی گۆڕاندا لە ھەولێر و سۆران بەرجەستەبوو
 
بنیامین فرانکلین، ئابووریناس و سیاسەتمەداری ئەمریکی دەڵێت: ئەوەی لەپێناوی ئاساییشدا دەستبەرداری ئازادی بێت، لەکۆتاییدا ھەردووکیان لەدەستدەدا. ئەم دۆخەی ئێستای دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی بەرھەمیانھێناوە دەقاودەق بەرجەستەبوونی ئەم بۆچوونەیە 
 
ئێمە لەمڕۆدا سەروکارمان لەگەڵ سیستەمێکی سیاسیدا ھەیە کە کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی و لەناو خۆیدا ھەیە. ئەم مۆدێلە دەسەڵاتدارێتییە کوردییە سوڵتانییەتێکی سیاسی بەرھەمھێناوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بووبوو بە بار بەسەر کۆمەڵگاوە، لە قۆناغی ئێستاشدا بووە بە بار بەسەر خۆیەوە. ئەم سیستەمە، دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسییە کە خۆی ڕێگرە لەبەر دەم ھەموو چاکسازییەکی خۆی و لە دوادەرئەنجامیشدا خۆی دەبێت بە چاڵھەڵکەنی گۆڕی خۆی. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی ناتوانێت بەبێ پەلاماردانی کۆمەڵگا بژی، چونکە ئەوەی دەیکات و دەیڵێت و بیریلێدەکاتەوە دژ بە قازانج و ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگایە. ئەمڕۆ مردنی ئەم مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییە لە ھەموو ناوچەکەدا دەبینین


No comments:

Post a Comment