Thursday 24 February 2011

باوکی ڕێژوان: دڵشکاوترین پیاوی دونیا

23 February 2011

مەریوان وریا قانیع

ڕەنگە ئەمڕۆ وەستا عەلی، باوکی ڕێژوان، دڵشکاوترین پیاوی سەر ئەم ستێرەیەی ئێمەبێت. ھەست شکاوترین و ویژدان شکاوترین و ڕۆح شکاوترین بوونەوەر. ئەمڕۆ وەستا عەلی لە ڕیزی ھەرەپێشەوەی ئەو ئینسانانەی مێژوودایە کە ناھەقیان بەرامبەر کراوە. کەس ھەلی بەم باوکە بریندارە نەبەخشی بەھێمنی خەمی مردنی کوەڕەکەی بژی، نەیانھێشت بەسەر پەژارەکانیدا بچەمێتەوە و تەماشای دڵی شکاوی باوکانەی خۆی بکات. نەیانھێشت خەمباربوونی پیس نەبێت.
ئەم پیاوە دڵ و ڕۆح شکاوە ھەر زوو برایە بەر شاشەی تەلەفیزۆنەکان و کرا بە ریکڵام بۆ حیزب و بۆ ئەو سەرۆکە بێباکەی نیشتیمانەکەی ئاگردەگرێت، کەچی ئەو لە چاوەڕوانی خەڵاتێکدا لەدووری ھەزاران ھەزار کیلۆمەترەوە کات بەسەردەبات. ھەرزوو کرا بە ڕیکلام بۆ ئەو سیاسییە نەخوێندەوار و درۆزن و بێوژدانانەی تاقە ھونەرێک بیزانن ھونەری تەرجەمەکردنی برینداربوون و دڵشکانی خەڵکە بۆ قازانجی سیاسی خۆیان. ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی ئەوەبوو واز لەم پیاوە دڵشکاوە بھێنێرت، کاتی ئەوەی پێببەخشرێت وەک باوکێک لەناوەوە بۆ کوڕەکەی بگری، بەھێمنی ماڵئاوایی لە شەھیدێکی شازدەساڵان بکات، کتێب و دەفتەر و قەڵەمە بەجێماوەکانی، جانتاکەی، پانتۆڵ و کراسە قەدکراو و قەدنەکراوەکانی، سەرلەنوێ ڕێکبخات. دەبوایە کاتی ئەوە بەم باوکە دڵشکاوە ببەخشرێت لە شوێنپەنجەی جێماوی کوڕەکەی بەسەر دەرگاو پەنجەرە و دیواری ژوەرەکانەوە ڕامێنێ، بۆنی گەرمی ھەناسەکەی و گەرمی لەشی بە پێخەفەکانەوە بکات. کەمەکێک لە وێنەی ناو ئەلبومەکەی ڕامێنێت.
 
بەڵام نەیانھێشت، ھەرزوو وەستا عەلی خرایە ناو گەمە سیاسییە قێزەون و ناشیرینیەکانی کوردوستانەوە، ھەرزوو پێ بەسەر دڵشکان و برینداربوونی باوکانە و ئینسانیانەیدا درا.
ھاونیشتمانیانی ئازیز، کواڕان و کچانی گەنجی سەر شەقامە توڕەکانی کوردوستان، ئەم پیاوە دڵشکاوە پێویستی بەوەیە ڕێز لە خەمباربوونی بگیرێت، نرخ بۆ ڕۆحی برینداری دابنرێت، ڕێز لە سادەیی و لە پاکیی کوردبوونی بگیرێت، خەم لە ئینسانبوونی فەرامۆشکراوی بخورێت. ئەگەر چەکدارانی حیزب کوڕەکەیان کوشتبێت، تەلەفیزۆنەکانی حیزب ھەستی باوکایەتییان کردبێت بە مەدحێک بۆ خۆیان، نابێت گەنجانی سەر شەقامە توڕەکانی کوردوستان ئینسانبوونی بکوژن. ھەموو ئەوانەی لەناو میدیا و تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە قسە بەو باوکە بریندارە دەڵێن، تاوانێک دەکەن کەمتر نییە لە تاوانی چەکدار و تەلەفیزۆنەکانی حیزب. من بەڕادەیەک ئەم تاوانانە گەورە دەبینم، واھەستدەکەم ئایندەی ئینسانی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمڕۆ مێژووی ئێمە دەجوڵێنێت، پابەستی ئاشتکردنەوەی باوکی ڕێژوان و ڕێزدانانە بۆ خەم و بەدەمەوەچوونی ئینسانبوونییەتی.

مەریوان وریا قانیع
٢٣-٢-٢٠١١
ئەمستردام

No comments:

Post a Comment