Monday 28 February 2011

ھەولێری من و ھەولێری حیزب


ئەگەرچی من لە سلێمانی لەدایکبووم و کەس و کارم خەڵکی ناوچەی سلێمانین، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٥ ماڵی ئێمە لە ھەولێر دەژین. ھەندێک لە خوشک و براکانم لەو شارەدا لەدایکبوون و لەو شارەدا گەورەبوون. من تەنھا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە سلێمانی خوێندوە، خوێندنی دواناوەندیم لە ”ئامادەیی کوردوستان“ و دواھەمین ساڵی زانکۆشم لە ھەولێر خوێندوە. لە ئێستاشدا نەک تەنھا بەشێکی زۆری کەس و کاری من لە ھەولێر دەژین، بەڵکو کۆمەڵێک ھاوڕێ و دۆست و ناسراوی ئازیزشم خەڵکی ئەو شارەن. بڕێکی گرنگی گەشەکردنی کەسایەتی و بیرکردنەوەی من پابەستە بە ژیانی خۆم و ژیانی کەسوکار و ھاوڕێکانمەوە لەو شارەدا. ھەندێک لەو مامۆستایانەی کە کاریگەری گەورەیان لەسەر ژیانی من وەک گەنجێک بەجێھێشتوە خەڵکی ھەولێر بوون و لە ”ئامادەیی کوردوستان“دا وانەیان دەگوتەوە. لەزۆر ڕووەوە کەسایەتی من دروستکراوی ئەو شارەیە.
 
ساڵی ١٩٨٢ کە خۆپیشاندانەکانی زانکۆ لە ھەولێر دەستیپێکرد، دەیان و سەدان قوتابی خەڵکی ئەو شارە بەشدارییەکی چالاک و کاریگەریان لەو خۆپیشاندانەدا کرد، بەدەیان گەنجی قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکان لەو خۆپیشاندانەدا بەشدرابوون. ڕۆژی خۆپیشاندانەکە دوای ئەوەی تەقە دەستیپێکرد و ھێزەکانی بەعس پەلاماریان داین، من ناچار خۆم لە ماڵێک نزیکی کۆلیژی کارگێڕیدا شاردەوە. ماڵێک کە نەمدەناسین و نەیاندەناسیم. بەڵام بەحوکمی ئەوەی من لەکاتی ڕاکردنەکەدا کەوتبوومە چاڵێکی پڕ ئاو و قوڕەوە، سەرتاپای جلەکانم تەڕ و قوڕاوی بوو. ئەو ماڵە بە ئەمەک و چاونەترسە دەستبەجێ دەستێک جلی وشکیان بۆھێنام و جلە قوڕاوییەکانیان شۆریم. کەسێکیان چووە بەر دەرگاکە و اچودێری دۆخەکەی دەکرد. تا دەرنگانێک لە ماڵەکای خۆیاندا گلیاندامەوە، کاتێکیش دڵنایبوون دۆخەکە ھێمانبۆتەوە، تەکسییەکانی بۆگرتم و چومەوە بۆ ماڵی باوکم
 
ھەر لە ساڵی ١٩٨٢ کە زانکۆم لە ھەولێر تەواوکرد من و چوار ھاوڕێی ھەولێریم لە زانکۆ پێکەوە بووین بە پێشمەرگە، پێنج کەس لەناویاندا من نیوەم سلێمانی نیوەم ھەولێری و ئەوانیتر ھەر چواریان گەنجی پڕ ورە و پڕ ئومێدی شاری ھەولێر بوون. لە ساڵانی پێشمەرگایەتیدا لەو پێنج کەسە سیانیان شەھید و دووانمان زیندوو ماینەوە، من کەوتمە دەرەوەی نیشتیمان و ھاوڕێکەی تر لە نیشتمان مایەوە. لە گەڕەکی ماڵی باوکیشم لە ھەولێر دیسانەوە دوو ھاوڕێی تری من لەھەمان ساڵدا بوون بە پێشمەرگە، یەکێیکان کە ماڵەکەیان چەند ماڵێک لەولای ماڵی ئێمەوە بوو، شەھید بوو، ئەویتریان ئێستا وەک پیاوێکی پاک خەریکی پاراستنی کوردبوونی خۆیەتی
 
ئەو ھەولێرەی من دەیناسم ھەولێری ئەم خەڵکە پاک و ئازا و پڕ ئومێدەیە، شاری خەڵکانێکی ھێمن و ئارام و دڵسۆز، بەڵام چاونەترس و ئامادە بۆ قوربانی. شارێک ھەم ژیان تیایدا ھێمن و ھەم توڕەبوون تیایدا ھێمنە، شارێک پڕ برین بەڵام ھێمن لە تیمارکردنی برینەکاندا. ئەو ھەولێرەی من دەیناسم بەشێکی زیندووی مێژووی ھاوچەرخ و بەشدارێکی چالاکی ژیانی سیاسی کۆمەڵگای ئێمەیە. ھەولێری من شارێکە خەمەکان و ئومێدەکانی، کارەسات و بەختەوەرییەکانی، فرمێسک و پێکەنینەکانی بەشێکی دانەبڕاوبووە لە خەم و ئومێد و کارەسات و بەختەورەیی و فرمێسک و پێکەنینی ناوچەکانی تری کوردوستان. ئەم شارە یەک کوردبوون دەناسێت، کە کوردبوونی شار و ناوچەکانی ترە، یەک شوناسی ھەیە کە شوناسی ناوچەکانی تری کوردوستانە و یەک خەونی ھەیە کە خەونی ھەموو شوێنەکانی تری کوردوستانە
 
ڕاستە ئەمڕۆ سلێمانی بریندارە، شار و شارۆچکەکانی دەوربەری توڕە و دڵشکاون، خوێن لە شەقام و کۆڵان و گۆڕەپانەکانی ئەو دەڤەرە دەچۆڕێت. بەڵام ھاوکات ھەولێریش بریندار و دڵشکاوە. من گومانم لەوە نییە کە ھەولێر بە قووڵی خەمبارە، لەدڵەوە خۆیدا خەمێکی گەورە لە سلێمانی و ناوچە گڕگرتوەکانی تری کوردوستان دەخوات. ھەولێر شارێکە ھەمان ئەو خوێنە بە گیانیدا دەڕوات کە گیانی شارەکانی تری کوردوستاندا دەڕوات، ھەمان توڕەیی و دڵشکان و نائومێدی تێدایە کە شوێنەکانی تری نیشتیماندا ھەیە. من ئەم شارە باش دەناسم، دەزانم ئەوانەی منیان لە ساڵی ١٩٨٢ دا لە بەعس شارداوە، ئەو ھاوڕێ و دۆستانەی من کە بوون بە پێشمەرگە و شەھیدبوون، ئەو قوتابیەی گەنجانەی چونە سەرجادە و بەردیان گرتە دڕندەیەکی وەک بەعس، ئەوانە نین کە ھەینی ڕابردوو لەسەر شەقامەکان بە وێنەی سەرۆک و ئاڵای پارتییەوە سەمایان دەکرد. ئەوانە نین کە گاڵتەیان بە ئازاری شار و ناوچە خەمبارەکانی تری کوردوستان دەکرد، سوکایاتییان بەو خوێنە دەکرد کە لەبەری نیشتیمانی ئێمە دەڕژێ. ئەوەی بینیمان وێنەیەکی ساختەی ھەولێرە، کۆپی تەزویری شارێکە کە بە نھێنی دەگری، نمایشێکە لە نمایشە خراپ و درۆیینەکانی حیزب
 
ئەوەی دیمان ھەولێر نەبوو، بەڵکو وێنەی تەزویری ھەولێری ناو میدیای دەسەڵات بوو. ھەموو شارەکانی کوردوستان بەشێکی دانەبڕاون لە جوگرافییەکی بریندار، لە خەونێکی دیلکراو، لە مەیدانێکی گەورە بۆ ئازادییەکی چاوەڕوانکراو
 
ھاونیشتیمانیانی ئازیز، ئەوەی دیمان ھەولێر نەبوو، بەڵکو سوکایەتیکردن بوو بە ھەولێر. ھەولێری دەرھێنەرە فاشیل و بێھونەرەکانی حیزب بوو، نەک ھەولێری ھاوڕێ شەھیدەکانی من، ھەولێری ئە ماڵەی منی لە بەعس شاردەوە.


مەریوان وریا قانیع
٢٧-٢-٢٠١١

No comments:

Post a Comment